عیراق لە نێوان چەقبەستنی سیاسی و هەڵوەشانەوەی پەرلەماندا

09:21 - 2022-04-26
دووتوێ
334 جار خوێندراوەتەوە
یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە 9ی كانوونی دووەمی 2022

ئاوێنەی عیراق

لە سایەی چەقبەستنی سیاسی و ناكۆییەكانی ئێستای تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی عیراق، بانگەوازی جیاجیا لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە دەكرێت و داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان دەكرێت. 
چاوێران پێیانوایە، ئەم هەنگاوە دەبێتە مایەی چارەسەركردنی تەنگژە بەردەوامەكەی وڵات، بە تایبەت كە لایەنە جیاجیاكان سورن لەسەر هەڵوێستی حۆیان و ئامادەی سازشكردن نیین،  لەكاتێكدا ماوەی دەستوری دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تێدەپەڕێت. 

بانگەوازێك لەلایەن بزوتنەوەی ئیمتیدادەوە
بزوتنەوەی ئیمتیداد دەستپێشخەرییەكی بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان لەنێو پەرلەماندا راگەیاند كە دەكرێت لێوەی كاندید بۆ سەرۆكایەتی وەزیرانی داهاتوو و پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ پێشكەش بكرێت، ئاماژەی بە لەخۆگرتنی پەرلەمانتارە سەربەخۆكان و ئازادیخوازەكانی نێو فراكسیۆنەكانی تر كرد، یان دواجار لەگەڵ سەرنەگرتنی دەستپێشخەرییەكە، پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە. 
بزوتنەوەكە لە بەیاننامەیەكدا بەڵێنیدا»هەوڵ بۆ تەواوكردنی رێكارە كارپێكراوە پێویستەكان بكات، بۆ دەستكردن بە داڕشتنی هەموارە دەستورییەكان، بەو پێیەی تاكە دەرچەیە بۆ چەقبەستنی سیاسی كە لە پێشوودا روویداوە و ئێستاش روودەدات، بەردەوامیش دەبێت لە حاڵەتی سەرنەگرتنی رێكارەكە». 
سیادە بە چارەسەرێكی گونجاوی دادەنێت 
مشعان جبوری، پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی سیادە، جەخت لەسەر پشتیكردنی بۆ پرسی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان دەكاتەوە، بەو پێیەی هاوپەیمانی «رزگاریی نیشتمان»، خاوەنی زۆرینەیە و دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە. 

دیالۆگ تاكە چارەسەرە 
بە بۆچوونی محەمەد عەنوز پەرلەمانتاری سەربەخۆ، ئەمە یەكەم جار نییە پرۆسەی دیاریكردنی سەرۆك كۆمار و هەڵبژاردنی حكومەت دوادەكەوێت. 
لە لێدوانێكیدا لەو بارەیەوە عەنوز رایگەیاند»لەگەڵ پێشێلكردنی دەستورە نەك لەگەڵ سوتاندنی وڵات، باشترە هەنگاو بەرەو دیالۆگ و دانوستانی زیاتر بنرێت». 

چارەسەرێكی ناواقیعی 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە هەڕەشەكەی بزوتنەوەی ئیمتیداد ئاشكرا كرد سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەهۆی بەردەوامبوونی چەقبەستنی سیاسی. 
لەو بارەیەوە عەلی فەتلاوی سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»هەڕەشەی بزوتنەوەی ئیمتیداد بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دوورە لە واقیعەوە و هەرگیز ناكرێت جێبەجێ‌ بكرێت». 
عەقیل فەتلاوی پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگیش لای خۆیەوە ئاماژە ی بە سیناریۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عیراق كرد لە پاش شكستخواردنی فراكسیۆنە سیاسییەكان لە كۆتایی هێنان بە چەقبەستنی سیاسی لە وڵات. 
عەقیل  فەتلاوی پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند”بەدووی دەزانین پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە، چونكە دەبێتە مایەی كۆتایی هێنان بە هاوپەیمانییەكانی ئێستا و هەموو پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكانیش نایانەوێت  رەوشەكە بگاتە ئەو ئاستە، هەندێكیشیان نایانەوێت كاروانی سیاسییان لەم ئاستەدا بوەستێت، بۆیە قورسە لەئێستادا پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە، بە تایبەت كە زۆرێك لە سەربەخۆكان وابەستەی لایەنە سیاسییەكان نیین و زۆربەی هەرەزۆریش نایانەوێت بگەینە ئەو قۆناغە». 
بە وتەی فەتلاوی”گفتووگۆكان تائێستا بەردەوامن، بەڵام هیواكان لە ئاسۆوە دیارنیین، دەكرێت شازش لەسەر زۆر شت بكرێت لەپێناو بەرژەوەندی گەل، گەر فراكسیۆنە سیاسییەكان دەیانەوێت دەوڵەت دروستبكەن و خزمەت بە هاووڵاتیان بكەن، لە سایەی ئەم رەوشە ئابورییە قورسەی هاتۆتەبەر». 
ئەو پەرلەمانتارەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت»چەقبەستی سیاسی نەبۆتە مایەی كۆتایی هێنان بە پرۆسەی سیاسی، وەك هەندێك پێشبینی دەكەن، سێیەكی زامنكەر دەمێنێتەوە و پارێزگاریی لە مافی كۆمەڵگە و سەروەریی نیشتمان دەكات». 
پرسیارە دیارەكە ئەوەیە، رێڕەو بۆ دەرچوون لە تەنگژەی ئێستا چییە كە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت لە سایەی نەگەیشتن بە چارەسەر و ئاكامی شیاو، چارەنوسی هاووڵاتی چی دەبێت كە چاوەڕوانی بودجە و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەكات. 

هەڵوەشانەوەی پەرلەمان
لە سایەی ئەم چەقبەستنەی پرۆسەی سیاسی عیراقی پێدا تێدەپەڕێت لە دوای هەڵبژاردنەكەی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بەیاننامەیەكی بڵاوكردبۆوە و تێیدا ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران كرد كە لەڕێی  زۆرینەی رەهای ژمارەی پەرلەمانتارانەوە دەبێت. 
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دەڵێت»عیراق وڵاتێكی دەستوری و خاوەن سیستمی سیاسی و میكانیزمی پێكهێنانی دەسەڵاتەكانە كە لەسەر بنەما و ئەحكامەكان دامەزراون و لەلایەن دەستوری كۆماری عیراق لە ساڵی 2005وە دیاریكراوە كە گەلی عیراق دەنگی پێداوە و لێوەی سیستمی سیاسی بەو شێوەیەی لە دەستوردا هاتووە دیاریی كرا». 
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە»چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان، تەنیا لەڕێی ئەحكامەكانی دەستورەوە دەبێت و ناكرێت هیچ لایەنێك، جا دادوەریی بێت یان لایەنەكانی تر، چارەسەر بۆ حاڵەتی چەقبەستنی سیاسی دابنێن و تەنیا دەبێت بەپێی ئەحكامەكانی دەستور بێت». 
وەك ئەنجومەنی باڵای دادوەریی باسی دەكات» میكانیزمەكانی هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران وابەستەی دەقی ماددەی 64ی دەستورە، پوختەكەی ئەوەیە كە هەڵوەشانەوە لەڕێی زۆرینەی رەهای ئەندامەكانییەوە دەبێت بە دوو رێڕەو كە سێیەمی نییە، یەكەم لەسەر داوای سێیەكی ئەندامەكانی و دووەمیش لەسەر داوای سەرۆك وەزیران بە رەزامەندی سەرۆك كۆمار». 
ئەنجومەنی دادوەریی پێیوایە لەڕێی ئەو دەقەوە بەڕوونی دەردەكەوێت كە هیچ لایەنێكی تر بە دادوەرییەوە بە هەردوو بەشی ئاسایی و دەستوری، دەسەڵاتی  هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان نییە، بەو پێیەی هیچ سەنەدێكی دەستوری یان یاسایی بۆ ئەو رێكارە نییە». 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان