وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: پێشلكاریی مەترسیدار لە عیراق روودەدات

09:33 - 2022-04-26
دووتوێ
615 جار خوێندراوەتەوە
ئاماژە بەپێشێلکارییەکی زۆر دەکرێت بەرامبەر بەزیندانیان لە گرتووخانەکانی عیراقدا

ئاوێنەی عیراق

لە سەرەتاوە راپۆرتەكە ستایشی دوایین هەڵبژاردنی عیراق دەكات، بەو پێیەی «بەشێوەیەكی گشتی بێخەوش و ئازاد» بووە، بەڵام دواتر تەئكید لەسەر بوونی «توندوتیژی و تۆقاندن» دەكاتەوە كە گروپێكی گەورە لە لاوانی عیراق بەدەست میلیشیا نیمچە سەربازییەكانەوە لە چەند مانگی پێش هەڵبژاردن دەرهەقیان كراوە، لەو بارەیەوە دەڵێت»ئەو هەڵسوكەوتانە دەكرێت كاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی دەنگدەر و خواستیان بۆ دەنگدان دروستبكات». 

دەستبەسەركردن و رەوشێكی قورس لەنێو گرتووخانەكانی عیراق
راپۆرتەكە زیاتر پێداگری لەسەر مافی زیندانییەكان دەكاتەوە و دەڵێت، راپۆرتەكان باس لە رەوشی قورسی نێو گرتووخانەكان و  دروستبوونی هەڕەشە لەسەر ژیانی زیندانیان، و دەستگیركردن و دەستبەركردن لەسەر بنەمای نادروست و نایاسایی و لەسەر ناكۆكی تایبەت، و سزادانی تاكەكان و خێزانەكان لەسەر تاوانێك كە دەوترێت لەلایەن یەكێك لە تاكەكانی خێزانەكەوە، كراوە.   
لەبارەی ئازادی رادەربڕینیش لە عیراق، چەندان خاڵ وەك سەپاندنی كۆتوپێوەندی مەترسیدار بەسەر ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی دیاریی كراوە، بە توندوتیژی یان هەڕەشەكردن بە توندوتیژی لەدژی رۆژنامەوانان، و چاودێریی، و بوونی یاساكانی تاوانكاریی بە ناوزڕاندن، و پێوەندی مەترسیدار بەسەر ئازادی ئینتەرنێت، و دەستوەردانی گەورە لە ئازادی گردبوونەوەی ئاشتیخوازانە و ئازادی دامەزراندنی كۆمەڵە و رێكخراوەكان. وێڕای ئەو كۆتوپێوەندانەی سەپێنراون بەسەر ئازادی هاتووچۆی ژنان، و گێڕانەوەی زۆرملێی ئاوارەكانی ناوخۆ بۆ ئەو شوێنانەی هەڕەشە لەسەر ژیان و ئازادییان دروستبووە.    
هەروەها راپۆرتەكە ئاماژە بەو تاوانانە دەكات كە لەڕێی توندوتیژیبیەوە دەكرێن و تاكەكانی كەمینە نەژادییەكان دەكەنە ئامانج، لەگەڵ ئەو تاوانانەی توندوتیژی بەخۆوەدەبینن، یان هەڕەشە بە توندوتیژی لەخۆدەگرن، بەرامبەر بە هاوڕەگەزبازان و ئەوانەی خواستی هەردوو رەگەزیان هەیە و ئەوانەی دەیانەوێت رەگەزی خۆیان بگۆڕن.

ئەو هێزە ئەمنییانەی لەیەن حكومەتی عیراقەوە پارەداردەكرێن و دژایەتی دەكەن 
لە راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا، ئاماژەكردن بەو هێزە چەكدارانە پشتگوێنەخراوە كە لەچوارچێوەی هێزە ئەمنییەكانی عیراقدان و لەلایەن حكومەتەوە پارەداردەكرێن، بەڵام سیاسەتێك پەیڕەو دەكەن كە زۆرجار دەچنە دەرەوەی كۆنترۆڵی حكومەت و بگرە دژایەتی حكومەت دەكەن و هەندێك لە تاكەكانی ئەو هێزە ئەمنییانەش، پێشێلكاریی زۆر و دۆكۆمێنتكراویان ئەنجامداوە وەك لە راپۆرتەكەدا باسكراوە.   
راپۆرتەكە ئاماژە بە گرتنەبەری كەمترین رێشوێن دەكات لەلایەن حكومەتەوە بەرامبەر بەوانەی بەرپرسن لە كاریی توندوتیژی دژ  خۆپشاندەرانی ناڕەزایی كە تائێستا بەشێوەی پێویست كار بۆ دادگایی كردنیان نەكراوە.  
وەڵامی حكومەتی عیراقیش بەرامبەر بە راپۆرتەكە تەنیا خۆی لەوەدا بینی كە راپۆرتەكە ورد نەبووە و لە هەندێك بەشدا پشتی بەو راپۆرتانە بەستووە كە لە ساڵانی پێشوو دەركراون. 

راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا باسی هەرێمی كوردستانیش دەكات 
لەبارەی هەرێمی كوردستان، راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، دەسەڵاتداران لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەیەكی زۆر دەستگیركراوەكانیان دەستبەسەركردووە لە گرتوخانە یەدەگەكان، (بەپێی دەستەی هیندی بۆ مافەكانی مرۆڤ) هەندێك لەو دەستبەسەركراوانە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لەو گرتووخانانەی ئایایشی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ماونەتەوە، تەنانەت دوای دەرچوونی فەرمانی دادگاش بۆ ئازادكردنیان، ئەو پارێزەرانەی لەلایەن رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكەوە دابینكرابوون بەردەوامبوون لە پەیوەندی لەگەڵیان، بەبێ‌ ئەوەی لەلایەن دادگاوە پارێزەرییان بۆ دابنرێت. 
راپۆرتەكە ئاماژە بە دەستور و یاساكان دەكات كە مافی دادگایی دادپەر و ئاشكرا دەڕەخسێنن»بەڵام دادوەریی ئەم مافەی بۆ هەموو تۆمەتباران نەڕەخساندووە. هەندێك لە بەرپرسە حكومی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بۆ یارمەتیدانی عیراق و كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەڵێن، رێكارەكانی دادگایی كردنەكان نەگەیشتوونەتە ئاستی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان. 
لە راپۆرتێكیاندا لەو بارەیەوە كە لە 22ی كانوونی یەكەمی رابردوو دەرچوو، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی عیراق و كۆمسیۆ نی باڵای مافەكانی مرۆڤ، پرسەكانیان بە رواڵەتی بۆ سیستمی دادپەروەریی تاوانەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەسفكردووە، ئاماژەیان بە نەبوونی رێزگرتن كردووە لە مەرجە یاساییەكان و زامنكاریی پێویست بۆ رێكارە دادوەرییەكان لەپێناو دابینكردنی دادگاییەكی سەربەخۆ و بێخەوش، وێڕای بەكارهێنانی شایەتحاڵی نهێنی و ئەشكەنجەدانی لانی كەم هەشت لە تۆمەتباران.  
راپۆرتەكە دەڵێت، لە 19 و 21ی تشرینی یەكەم، شەش دەستگیركراو لە بادینان بۆ ماوەی ساڵێك حوكمدران، بە تۆمەتی تێوەگلان لە گردبوونەوەی نایاسایی و پیلانگێڕی تاوانكاریی بەپێچەوانەی تۆمەتەكانی تر كە زیاتر مەترسیداربوون، وەك سیخوڕی و لەقكردنی ئاسایشی نەتەوەیی، لەكاتێكدا تۆمەتباری حەوتەم بەبێ‌ تاوان دەركرا. 
لە 8ی تشرینی دووەم، دادگای تاوانەكان لە هەولێر، چوار دەستگیركراوی لەوانە بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و سیخوڕیكردن تۆمەتباركرد، ئەمەش هەمان ئەو تۆمەتانەن بوون كە رووبەڕووی پێنج دەستگیراوی بادینان كرابوونەوە، هەموو ئەمانەی سەبارەت بە پێشێلكاریی لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە چالاكوانان و دەستگیركراوەكان كراوە، لەلایەن راپۆرتەكەی «وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا»وە ئاماژەی پێكراوە  كە سەرپەرشتیار و چاودێر و زامنكەری مافەكانە بەپێی بەڵێننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە دەی كانوونی یەكەمی ساڵی 1948وە پەسەندكراوە.

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان