دەنگی بڵندگۆی فرۆشیارەکان هاووڵاتیانی بێزارکردووە

09:43 - 2023-05-16
ڕاپۆرت
254 جار خوێندراوەتەوە
کوتاڵ فرۆشێکی گەڕۆک

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

بەهۆی کەمی کارگەی گەورە بۆ دەستکەوتنی کار و داخستنی بەشێک لە شوێنەکان و وەستانی بەشێک لە پڕۆژەکان بەهۆی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان، ئێستا بە هەزاران كەس لەشاری هەولێر بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان روویان لەكاری فرۆشیاری گەڕۆكی كاڵاو خواردەمەنی جۆراوجۆر لە گەڕەكەكانی شاردا كردووە ئەوەش لەگەڵ ئەوەی بووەتە ئاسانکاری بۆ زۆرێک لەو هاووڵاتیانەی ماڵەكانیان لە بازاڕەكان دوورە، بەڵام دانانی بڵندگۆ بە دەنگی بەرز و هۆڕن لێدان بۆ ئاگاداركردنەوەی خەڵكی بۆ فرۆشتنی كاڵاكانیان هاووڵاتیانی بێزاركردووە.
دروستکردنی ژاوەژاو
سەعد جەبار گەنجێكی دانیشتووی گەڕەكی رۆشنبیری هەولێرە دەڵێت، رۆژانە چەندین فرۆشیاری گەڕۆك بە بەكارهێنانی بڵندگۆی دەنگ بەرز روو لە گەڕەكەكەمان دەكەن و بەدەست دەنگەكانیانەوە هەراسان بووین، ئەوان تەنها بیر لەوە دەکەنەوە كاڵاكانیان بفرۆشن، هیچ گوێ بەوە نادەن کە بەو دەنگە بەرزە لە کات و ناکاتدا ئارامی خەڵك تێکدەدەن و ژاوە ژاوێکی زۆر دروست دەکەن.
وتیشی، راستە ئەوان بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کارەیە، بەڵام دەکرێت بەیانیان زوو یان شەوان درەنگ بڵندگۆ هەڵنەکەن، یان دەنگی نزم بێت کە نەبێتە هۆی بێزارکردنی خەڵک، واتا کات و رێسایان هەبێت، ئەوە دەبێت بەپێی یاسا رێک بخرێت و سەرپێچیکار سزا بدرێت بۆ ئەوەی پابەندبن.
هەر رۆژ دەبێتەوە تا درەنگانی شەو هاووڵاتیان بە دەنگی بەرز گوێیان لەمانە دەبێت، ئایس كرێم فرۆش بە گۆرانی ماڵی سمۆرەخان بانگی منداڵان دەکات لێی بکڕن، غاز فرۆشەكان بە میوزیكی خوایە وەتەن ئاواكەی، میوەفرۆشەكان بە لێدانی حەیرانێك باس لە تەماتە و پیاز و خەیار دەكات ریكلام بۆ بابەتەکانیان دەكەن، سەوزە فرۆشەکان بە سەوزەی جوان بە ئاوی خاوێن و چەندین فرۆشیاری تر بە چەندین جۆری تری تۆماری دەنگی هەن لەناو گەڕەك و كۆڵانەكانی شاردا گوزەر دەكەن.
نەهێشتنی ئارامی هاووڵاتیان
سەعد جەبار دەڵێت، نەخۆشی سەرئێشەم لەگەڵە، هەندێک رۆژ دۆخم خراپ دەبێت، لەبەرئەوە هەموو پەنجەرە و دەرگای ماڵەکەم دادەخەم تا گوێم لە دەنگی بڵندگۆی فرۆشیارەکان نەبێت هێشتا هەر دەنگەکە یەتە ژوورەوە، بۆیە پێویستە دەنگی بڵندگۆی فرۆشیارەکان بەپێی یاسا رێکبخرێن، تا لەوە زیاتر نەبنە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان، زۆر خانەوادە هەیە كەسی نەخۆش و بە تەمەنیان هەیە ئەو دەنگە دەنگەی ئەوان دەبێتە هۆی زیاتر نەخۆش كەوتن.
ئاواز رەحیم ژنێكی دانیشتووی گەڕەكی گەلاوێژە لە هەولێر وتی، بەڵێ ئێمەش لەو دەنگانە هەراسان بووین، بۆیە بڕیارمداوە لەلای لایەنی پەیوەنداری شارەكە سكاڵا بكەین بۆ بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە كە بەیانی تائێوارە ئەو فرۆشیارانە بەكوچە و كۆڵانەكاندا دەسوڕێنەوە و بەبێ وەستان بڵندگۆکانیان بە دەنگی بەرز دادەگیرسێنن بەبێ ئەوەی هەست بە نەهێشتنی ئارامی خەڵكی بكەن، لە کاتێكدا دەتوانن بەشێوازێكی تر خەڵكی لەفرۆشتنی كاڵاكانیان ئاگاداربكەنەوە.
ئەو ژنە خاوەنی منداڵێكی بچووكە و دەڵێت، لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە ئەو فرۆشیارە گەڕۆكانە لەكاتی نیوەڕۆ كاتێك منداڵەكەم دەخەوێنم بە دەنگی بڵندگۆکانیان خەبەری دەکەنەوە، ئەوە گرفتی زۆربەی دایکانە.
دابینکردنی بژێوی ژیان
ئاسۆ فەرهاد بە ماتۆڕێکی سێ تایی کاری فرۆشتنی ئایس کرێمە لە گەڕەکەکانی شار و دەڵێت، رۆژانە چەند گەڕەکێکی هەولێر بۆ فرۆشتنی ئایس کرێم دەگەڕێم و بژێوی ژیانم لەسەر ئەو كارەیە، بەشێوازی جیاجیا و بە بڵندگۆ بانگی منداڵان دەکەم ئایس کرێم بکڕن.
وتیشی، تائێستا لایەنی پەیوەنداربە ئێمەی نەوتووە ئەو كارە خراپە و مەیكەن، تەنیا بەشێک لە هاووڵاتیان پێمان دەڵێن بەبڵندگۆ ریکلام بۆ فرۆشتنی ئایس کرێم نەکەم، لە کاتێکدا ناچارم و بۆ بژێوی ژیان ئەوە دەکەم، هەرچەندە دەزانم خەڵكێكی زۆر بەهۆیەوە هەراسان بووە.
لە بەرنامەدایە کۆنترۆڵ بکرێت
نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی ناوەندی هەولێر لەبارەی ئەو دیاردەیە رایگەیاند، قایمقامیەت كاری لەسەر چارەسەركردنی ئەو دیاردەیە نەكردووە، بەڵام لە بەرنامەماندایە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆ و شارەوانییەكان و موختاری گەڕەكەكان و هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندارن كاری لەسەر بكەین بۆ ئەوەی ئەو كارە بێزاركەرە بنەبڕ بكرێت.
وتیشی، چەندین سكاڵامان لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەسەر بەرزی دەنگی بڵندگۆی فرۆشیارەکان پێگەیشتووە، دیاردەکە تەنها لە شاری هەولێر نییە و لە هەموو هەرێمی کوردستان بوونی هەیە.
قائیمقامی هەولێر باسی لەوەکرد، بەشێك لەتۆماری دەنگەكان لە فەرمانگەكانی حكومەتەوە دیاریکراوە وەك فرۆشیارانی غازی ماڵان، بەڵام دەبێت ئەو كارە رێكبخرێت هەر شتێك بۆ خەڵكی بێزاركەر بێت ئێمە دەتوانین سنوورێكی بۆ دابنێین و شێوازی تر هەیە فرۆشیارە گەڕۆكەكان دەتوانن بۆ ئاگاداركردنەوەی کڕیارەکانیان بەکاری بهێنن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان