یه‌ده‌کی بانکی ناوەندی زیادیکردووە

09:18 - 2022-04-27
ئابووری
574 جار خوێندراوەتەوە

حكومه‌تی عیراق ئاشكرایكردووە: له‌ ماوه‌ی رابردوودا بڕی یه‌ده‌کی دراوی قورس له‌ بانكی ناوه‌ندیدا زیادبووه‌، بەشێوەیەک ئێستا عیراق خاوه‌نی بڕی 70 ملیار دۆلاری یه‌ده‌که‌.
هاوکات، عه‌لی عه‌لاوی وه‌زیری دارایی عیراق ر‌ایدەگەیەنێت: «بارودۆخی دارایی عیراق زۆرباشه‌ و وڵاته‌كەی‌ پێویستیی به‌ هاوكاریی نێودەوڵەتی نییه»‌.

11 ملیار دۆلار داهاتی نه‌وت
لەوبارەیەوە، مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح راوێژكاری دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، به‌ ئاژانسی هه‌واڵی ره‌سمی عیراقی راگه‌یاندووه‌: بانكی ناوه‌ندی توانای دارایی خۆی گه‌ڕاندۆته‌وه،‌ له ‌رووی بوونی یه‌ده‌کی دراوی نه‌ختینه‌ی بیانییه‌وه‌.
وتیشی: «یه‌ده‌کی ئێستای بانكی ناوه‌ندیی عیراق گه‌یشتۆته بڕی‌ 70 ملیار دۆلار، ئه‌وه‌ش سێ هێنده‌ی ئه‌و قه‌رزه‌ ده‌ره‌كییانه‌یه‌، كه‌ پێویسته‌ عیراق له‌ نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2028 بیانداته‌وه»‌. 
مانگی رابردوو، داهاتی فرۆشتنی نه‌وتی عیراق گه‌یشته‌ 11 ملیار دۆلار كه‌ 14 ساڵه‌ داهاتی مانگێكی فرۆشتنی نه‌وت نه‌گه‌یشتۆ‌ته‌ ئه‌و بڕه‌.

چاكسازی لە بواری ئابووریدا
لای خۆیەوە، عه‌لی عه‌لاوی وه‌زیری دارایی عیراق ئاشكرایكردووه‌: بارودۆخی دارایی عیراق زۆرباشه‌ و وڵاته‌كەی‌ پێویستیی به‌ هاوكاریی نێودەوڵەتی نییه‌.
ئاماژەی بەوەشداوە: به‌منزیكانه‌ له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ سندوقی دراو و بانكی نێوده‌وڵه‌تی كۆده‌بنه‌وه‌ و پێشتریش كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌ واشنتۆن زۆرباش بووه‌ و گه‌یشتوونه‌ته‌ چه‌ند رێكه‌وتنێك بۆ پشتگیریكردنی پڕۆژه‌ی چاكسازی.
وتیشی: «له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی به‌غدا كار ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارییه‌كان ته‌كنیكی بن و راوێژ بكه‌ن بۆ به‌هێزكردنی تواناكانی حكومه‌تی عیراق له‌ پڕۆژه‌ی چاكسازیدا».
وه‌زیری دارایی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوە: رێكه‌وتنی ستراتیژییان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ بواری ئابووریدا و هه‌ردوولا ئاماده‌ییان تێدایه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییان هه‌بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان