کتێبی «پریاسکە» کە نووسینی (عەلی حاجی عەبدوڵڵای کەڵۆش)ە، کتێبێکی گرنگە بەتایبەتی لە باسکردنی ئەو ئامێر و کەرەستە کشتوکاڵییانەی لە گوندەکاندا بەکارهێنراون، یان هەندێ وتە و قسەی نەستەقی جوان شیکردۆتەوە، بۆیە دوای مۆڵەت وەرگرتن لە برای نووسەر، پێمان باش بوو لە پاشکۆی «گوندستانی نوێ»دا بڵاوی بکەینەوە.
گوندستانی نوێ
عەلی کەڵۆش
بەشی پانزەیەم
هەندێك پیشە و كاری كۆن
لە دوای شۆڕشی پیشەسازی و دواتر پێشكەوتن و پەرەسەندنی تەكنەلۆژیا بە شێوەیەكی خێرا و بەربڵاو، سەرجەم بوارەكانی ژیان گۆڕانی ریشەییان بەسەردا هات و بواریان بۆ گەلێك كار و پیشەی سەرەتایی نەهێشتەوە، لەوانە:
مسگەریی:
مس گەر بەو كەسە ئەوترێ پاككردنەوە و سپیكردنەوەی سەرجەم لە مس دروستكراوەكانی كردووەتە پیشە، لە شارەكاندا بازاڕ و جێگەی تایبەتیان هەبوو، بۆ لادێكانیش هەر چەند رۆژێك لە گوندێك دەمانەوە، تا دوا پارچە مسی گوندەكەیان سپی دەكردەوە، پاككردنەوەش بەهۆی ئاو، ئاگر، زیخ و قەڵاییەوە بوو.
خەڕاتی:
خەڕات ئەو كەسەیە بەهۆی ئامێرێكی سادەی خۆماڵی لەدار دروستكراو، چەند پارچە ئاسنێكی وەك ئەسكەنە و هەڵكۆڵەری ترەوە قاپ و قاچاخی وەك شەكردان، كەوچك، تەشی، شانە و شتی دروست دەكرد ، خەڕاتی پیشەیەكە هونەری بە رەواج بووە.
هەلاج:
هەلاجی پیشەیەكی كۆنە و بۆ دروستكردنی لەباد، فەرەنجی، كەڕەك، ژێرزین و كوڵەباڵ و هتد، خەڵكێكی زۆر سەردانی دەكردن، دروست كراوەكانیان رەواجدار و باش بوو.
جۆڵایی:
جۆڵا بەو كەسە دەوترێ خاوەنی دەزگا و دامەزراوەی جۆڵاییە، بۆ دروستكردنی شاڵ و مەوج و (جاجم) و بەرماڵ و هتد.
خومچی:
كاری خومچی رەنگكردنی بەن و هەموو رستراوەكانی دیکەیە بۆ دروستكردنی مافور، بەڕە، هەگبە، یان هەر كارێكی دیکە كە بە تەون بكرێت.
تەون گەر:
ئەو كارەكتەرەیە هەڵئەسێ بە دروستكردنی مافور و بەڕە بە هەموو جۆرەكانییەوە، بەهۆی دەزگایەكی سادە و سەرەتایی لە دار دروستكراوەوە، ئێستا كارگەی میكانیكی و پێشكەوتوو شوێنی گرتووەتەوە.
كورتان دروو:
كورتانیان بۆ گوێدرێژ و بارگیر و هێستر دروست دەكرد، لە شارا شوێن كار و بازاڕی تایبەتیان هەبوو.
ناڵبەن:
كاری ناڵ كردنی ئەسپ و مایین و گوێدرێژ و هێسترە، خاوەنی سەرجەم پێداویستییەكانی ئەو مەبەستەیە.
چەرچی:
بەوانە دەوترا گوند بە گوند دەگەڕان، بە كۆڵ یان بەهۆی وڵاخێكەوە هەندێكی باش لە وردەواڵە و پێداویستی رۆژانەی گوندییەكانیان دەخستە بەردەستیان، لە بریا پارە و هێلكە و مریشك و دانەوێڵەیان لێوەردەگرتن.
ناوی هەندێك میوە و سەوزەی پێنەگەشتوو
تەقلە، هاڵە بەرسیلە، كۆڵنجە، زرك، كاڵە، فەریكە، بەڕولە.
تەقلە: هەنجیری پێنەگەیشتوو، سەوز و رەقە.
هاڵە =بەرسیلە: ترێی پێنەگەشتوو، سەوز و رەق و ترشە.
كۆڵنجە: تووی پێنەگەشتوو، سەوز و بۆر و بێ تامە.
زرك: كاڵەكی پێنەگەیشتوو، سەوزباو و رەقە.
فەریكە: بۆ گوێز و نۆك و سێوی پێنەگەیشتوو بەكارئەهێنرێت، ئەم سیانە پێش ئەوەی پێبگەن بە فەریكەیی دەخورێن، زۆر بەتام و بەلەزەتن.
بەڕولە: خەیار و ترۆزی كۆرپە و گوڵ بەدەم، پێیان ئەوترێ بەڕولە خەیار و بەڕولە ترۆزی.
كاڵە: تەماتەی پێنەگەیشتوو، رەنگی سەوز و سپییە و بۆ خواردن ناشێت.
چەند وشەیەكی سەرزەنشت و پلاری باو
كوونی:
نەتوان، هیچ لەبارا نەبوو، بە مناڵێك یان بە كەسێك ئەوترێ لەلایەن كەسێكی گەورەترەوە لەئەنجامی نەكردنی یان نەتوانینی ئەو كارەی پێی وتراوە، وشەی كوونی لە كوردستانی خۆرهەڵات و هەندێك شوێن مانایەكی نەشیاو و ناشیرینی هەیە.
ئیهیو:
بە كەسێك ئەوترێ خەریكی كارێكی نەشیاو و نهێنی بێت، بە دەم و دەنگ، وشەكەی بۆ درێژ ئەكرێتەوە و ئاگادار دەكرێتەوە لە كارەكەی، بەم شێوەیە ئیهیییوو.
تڕحێو:
بە كەسێك ئەوترێ سەرگەرمی باسكردن یان خەریكی كارێك بێت بەلای خۆیەوە زۆر بلیمەت و شارەزایە، بە پێچەوانەوە هیچی وا نەبێت! بەرامبەرەكەی بە تەوسێكەوە پێی ئەڵێت تڕحێو (باشت نەزانی یان چاك وانییە).
تەڕەماش:
وەڵامدانەوەیە بە نەرێ، لەبری وشەی (وانییە یان نەخێر) بەكاردەهێنرێت، ماش بە تەڕی واتە بە فەریكەیی یەكجار ناخۆش و بێتام و قێزەونە، بە پێچەوانەی فەریكە نۆك و شتی تر. نموونە: دەڵێت فڵان كەس پیاوێكی زیرەك و ئازایە، كەسی دووەم ئەڵێت: تەڕەماشە.
چش:
ئەم وشەیە لەكاتی دەستبەرداربوون و وازهێنان لە بەرژەوەندییەك ماددی بێت یان مەعنەوی دەوترێ، بۆ نموونە ماڵەكە قەرزارێكی زۆرن حەزیشیان لە تەلەفزیۆنێكی نوێیە ئەڵێن چش با هەشتە لەسەر مەشتە بێ، یان بە كوڕەكەی دەڵێت تكایە دەرمانەكانت لەكاتی خۆیدا بخۆ، یان سەعیەكەت بكە، ئەڵێ: نا ئەویش ئەڵێ: كوڕە چش، زۆرجار چش و عەلەننار، چش و ئەسفەلەسافلین.
خوێڕی:
كەسی بەرەڵا و كارنەكەر و هیچ پێ عەیب نەبوو، جاران گوێدرێژی بارنەبەر و تەمەڵ خاوەنەكەی دەریدەكرد و نەیدەویست، ئەیوت خوێڕیم كردووە.
هەندێك ئیدیۆم و پەندی پێشینانی بڵاو بۆ پلار و سەرزەنشت:
_ ئەڵێی ئاگری بن كایە.
_ یەژی ئەسپێی كراسكۆنە.
_ ئەڵێی بەچكە سۆنەیە.
_ یەژی بزنی شاخ شكاوە.
_ ئەڵێی تولەی گوێبڕاوە.
_ یەژی پیرەژنی دۆ رژاوە.
_ ئەڵێی داری ژەقنەموتە.
_ یەژی ورچی گەمەنەكەرە.
_ ئەڵێی جیوەی تێكراوە.
_ یەژی تێڵای قوتداوە.
_ ئەڵێی سەگی ناو گەنمە.
_ یەژی سەگی بەورەڕۆژە.
_ ئەڵێی كلكەنەوتینەیە.
_ یەژی لەسەر ئاگر دانیشتووە.
_ ئەڵی لە كۆچی قەرەج جێماوە.
_ یەژی لەسەر گای رانشكاو هاتووەتەوە.
_ ئەڵێی لە چۆڵەوانیدا گیری خواردووە.
_ یەژی خەڕەكە هەر ئەڕێسێ.
_ ئەڵی قورئانی ناحەقی خواردووە.
_ یەژی مانگا بەكەڵە.
_ ئەڵێی مریشكی ئاشەوانە.
_ یەژی نیسكە.
_ ئەڵێی سەگی عارەبە چغە نافامێ.
_ یەژی شەكی شوانان گاوە.
_ ئەڵێی گولی بەخیلە.
_ یەژی كەری دەروێشە.
_ ئەڵێی كەڵەشێری ناوەختە.
_ یەژی كوێری سپێ مشت كەوتووە.
_ ئەڵێی ئاشی ئاو لێبڕاوە.
_ یەژی ئاگر ها لە دەمیا
_ ئەڵێی توكی بەری رادەكێشن.
_ یەژی بۆ ئاگر هاتووە.
_ ئەڵێی ماخۆلانێتی.
_ یەژی جنۆكە پیا تسیوە.
_ هەڵێی سەگی هەڵە پاسە.
_ یەژی گورپەی گیپەخانەیە.
_ ئەڵێی فاتەی سورەبانە.
_ یەژی گوێرەكەی تاڵانییە.
_ ئەڵێی قازی كوێرە.
_ یەژی كاسەی چەورە.
_ ئەڵی كوردی دۆنەدیوە.
_ یەژی مژ لە قنی كەر ئەدا.
_ ئەڵێی ماكەری ئابڵاخە.
_ یەژی مێش نەیگەستووە.
_ ئەڵێی شیری كەری خواردووە.
_ یەژی كەری ناو جۆگەیە.
_ ئەڵێی گوی ناوەعدەیە.
_ ئەڵێی مەیمونە و هەڵوژەی ترشی خواردووە.
ناوی هەندێك درەخت و رووەك و گژوگیای بڵاو و ناسراو:
داربەڕوو:
گەورە و تەمەن درێژ و بەسوودە، بۆ سووتان و خەڵوز و بەرەكەی (بەڕوو) دەخورێت.
دار مازوو:
نزیكە لەداری بەڕووەوە.
دارەبەن = دار قەزوان:
درەختێكی یەكجار بەكەڵكە و تەمەن درێژ و گەورەیە، بەرەكەی بە شەش شێوە سوودی لێوەردەگیرێت، فەریكە قەزوان خواردنێكی خۆش و بەتامی هەیە و دەشكرێتە ناو دۆ، بە فەریكەیی وشك دەكرێتەوە و دەهاڕدرێت و بۆ ناو زۆر خواردن بەكاردەهێنرێت، بە كامڵی قەزوانی سوێر و قەزوانی شین وەك شەوچەرە سوودی لێ دەبینرێت، تەزبیحی لێ دروستدەكرێت، لە شیلەی قەدەكەی بنێشتی كوردی بەرهەم دەهێنرێت، بنێشتە تاڵ بۆ دەوایی گەلێك نەخۆشی بەكاردەهێنرێت.
گۆیژ:
درەختێكی گەڵا وردی تەمەن درێژە و وەكو بەڕوو زۆر گەورە نابێت، لە پایز و سەرپەڵەدا بەرەكەی پێ دەگات، خواردنێكی مزر و شیرین و بەتامی هەیە.