شێخ جەمالی كرپچنە

لە گوندی كرپچنەدا، 50 جۆر تەماتە و 20 جۆر كاهوی بەرهەمهێناوە

09:56 - 2022-04-27
دووتوێ
683 جار خوێندراوەتەوە

پشتیوان محەمەد

گوندی كرپچنە كەوتۆتە بناری چیای سەگرمە و 9 كیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی ناحیەی سەنگاوەوە دوورە، شوێنێكی گونجاوە بۆ تاقیكردنەوە كشتوكاڵییەكان ‌و پێگەیەكی بەهێزی كۆمەڵایەتی‌ و گەشتیاری و ئایینی لە سنوورەكەدا هەیە.
جەمال جەلال حسێن، ناسراو بە شێخ جەمالی كرپچنە، زیاتر لە 50 ساڵە وەكو خولیایەكی تایبەتی خۆی كاری جووتیاری هەڵبژاردووە ‌و گرنگی بە كشتوكاڵ دەدات، لەو ماوەیەدا چەندین توێژینەوە و كاری داهێنانی سەرنجڕاكێشی کردووە، تاڕادەیەكی باش تێیدا سەركەوتوو بووە.
شێخ جەمال لەبارەی كارەكانی لە رابردوودا وتی: برۆكلی جۆرە سەوزەیەكی گرانبەهایە و پێشتر لە كوردستاندا نەدەڕوا، لە مۆڵەكاندا بەكەمی هەبوو و نرخی  كیلۆیەكی نزیكەی 20 هەزار دینار بوو، لە ماوەیەكی كەمدا توانیمان خۆمان بەرهەمی بهێنین ‌و لە رووی نرخەوە نرخی بۆ 1500 دینار دابەزێنین، توانیمان بە خۆماڵی بكەین.
وتیشی كارەكانی من توێژینەوەی كشتوكاڵین و لە رێگەی لێكدانەوەوە توانیومانە گۆڕانكاری لە بەرهەمەكاندا بكەین، ئەو بەرهەمانەشی كە زیاتر خواستی لەسەربێت لە دوای تاقیكردنەوەكانمان گرنگی پێدەدەین و زیادیان دەكەین، وتیشی گرنگترین شت بۆ ئەوە بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ و هەمەجۆر کردنێتی بۆ ئەوەی كوردستانیش بگاتە ئاستی جیهان لە رووی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانەوە.
شێخ جەمال باسی لەوەشكرد، ئەو تۆو و ناوكی سەوزانەی پەیدای دەكات لەلایەن خزمان ‌و هاوڕێكانی دەرەوەی وڵاتەوە بەدیاری بۆی دەهێنن و دەڵێت: ئەو تۆوانەی دەگاتە دەستم، تۆوێكی كەمە و لەكاتی چاندنیاندا هەمووی سەوزنابێت، بۆیە سەرەتا دەیچێنێت و نایخاتە بازاڕەوە بۆئەوەی رێژەی تۆوەكە وەربگرێت ‌و زیادی بكات، بەوەش دەتوانێت ئەو جۆرە بەرهەمە زیادبكات ‌و دواتر بیانخاتە بازاڕەوە.
 لەگەڵ ئەوەشدا لەرێگەی تاقیكردنەوەكانییەوە هەندێك بەرهەم لێكدانیان بۆ دەكات و بەوەش توانیوێتی بەرهەمی جیاواز و نوێی لێ دەستبكەوێت.
لەبارەی بەرهەمی نوێی كشتوكاڵیشەوە وتی:  ئێستا  چوار جۆری تری كاهووم بەرهەمهێناوە و ساڵی رابردووش 16 جۆر كاهووی رەنگاوڕەنگ و جیاوازم بەرهەمهێنا، بەوەش ژمارەی بەرهەمهێنانی كاهووم گەیاندە 20 جۆر، ئێمە دەمانەوێت بەرهەمی دەرەكی بە خۆماڵی بكەین.
وتیشی كشتوكاڵ بۆتە بەشێكی تایبەتی ژیانم، بۆیە تا بمێنم لەهەوڵی بوژاندنەوەی كشتوكاڵدا دەبم ‌و شانازیش دەكەم جێی دەستم لەو بوارەدا دیارە.
بۆ یەكەمجار لە كوردستاندا شێخ جەمال توانی گۆڵدن بێری ‌و برۆكلی لەكوردستان بەرهەم بهێنێت ‌و بییانخاتە بازاڕەوە، بەوەش تاڕادەیەكی باش نرخەكانیان دابەزی، لەساڵی 2015شدا زیاتر لە 55 جۆر تەماتەی بەرهەمهێنا و خستیە بازاڕاوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان