ژیان لە چاپی سێیەمیدا

مرۆڤ لە سەردەمی ژیریی دەستکردا

12:07 - 2023-05-17
دووتوێ
404 جار خوێندراوەتەوە

ماکس تیگمارک

لەعەرەبییەوە: فەیسەڵ عەلی

سێ قۆناغەکەی ژیان
لەگەڵ قورسی پێناسەکردنی ژیان، وەلێ ئێمە پێناسەیەکی گشتیی و سادەی بۆ دادەنێین و، دەڵێین: پڕۆسەیەکە دەتوانێ پارێزگاری لە ئاڵۆزییەکانی و دووبارەبووەکانی بکات، ئەوەی دووبارە دەبێتەوە مادە نییە (لە گەرد دروستکراوە) بەڵکو زانیارییە(لە گەردیلە دروستکراوە) کە ئەو چۆنیەتییە دیاری دەکات کە گەردەکانی پێ رێکخراون، هەر لە خودی گەردوون دەچێت، بەرەبەرە ژیان ئاڵۆزتر و خۆشتر بووە، بەپێی ئاستی ئاڵۆزبوونی، دەشێ ژیان بۆ سێ قۆناغ دابەش بکەین:
قۆناغی یەکەم (بایۆلۆجی)
ئامێرەکانی(واتە مادە) (مەبەست لێی ئەندامانی جەستەی مرۆڤە، وەرگێڕ) و پرۆگرامەکانی(واتە زانیاری) پەرەپێدەدرێن.
قۆناغی دووەم (کەلتوری)
ئامێرەکانی پەرەپێدەدرێن، دووبارە زۆربەی پرۆگرامەکان دیزاین دەکرێنەوە.
قۆناغی سێیەم (تەکنۆلۆژیا)
هەریەک لە ئامێرەکان و پرۆگرامەکان دیزاین دەکرێنەوە.
بۆ یەکەمینجار، ئەم هەسارەیەمان نزیکەی 400 ملیۆن ساڵە دەرکەوتووە، زۆر بەر لەوەیش، زەوی گروپی هەمەجۆری لە شێوەکانی ژیانی تێدا بووە، سەرکەوتووترینیان ئەوانە بوونە بەجۆرێک توانیویانە لەگەڵ ژینگەکەیاندا کارلێک بکەن، بە دیارییکراویش، ئەو شێوانە، بوونەوەر بوونە و زانیارییان لەڕێی هەستپێکەرەوەکانیانەوە لەسەر ژینگەکەی خۆیان کۆکردۆتەوە، پاشان رێکیان خستوونەتەوە بۆئەوەی سەبارەت بە گونجاوترین شێوازی کارلێکی لەگەڵ ژینگەکەیدا بڕیار بدەن.
دەشێ ئەو پڕۆسەیە، رێکخستنەوەیەکی زۆر ئاڵۆزی ئەو زانیارییانەی لەخۆ گرتبێت، وەک ئەوەی روودەدات، کاتێک ئەو زانیارییانەی چاو و گوێت وەری دەگرێت، بەکاریدەهێنێت تا بڕیار لەسەر ئەوە بدەیت، کە دەبێ لە میانی گفتوگۆیەکدا چی بڵێیت، لەوە دەچێت بەجۆرێک ئامێر و پرۆگرامەکانی سادە بن، بۆ نمونە: هەندێک جۆری بەکتیریا هەستپێکەرێکی هەیە بۆ پێوانەکردنی چڕی ئەو شەکرەی لە شلەی دەوروبەریدایە، دەتوانێ لەڕێی بەکارهێنانی پەیکەرێک کە لە باڵە پەنکە دەچێت مەلە بکات، کە پێی دەگوترێ  باڵ (سوط)، وەلێ بەکتیریا توانای فێربوونی نییە، ناتوانێ فێری ئەوە بێت چۆن بەرەو شەکرەکە مەلە بکات، بەڵکو ئەو خوارزمییەکە هەر لە سەرەتاوە لە دی ئێن ئەیەکەیدا سەلمێندراوە. بێگومان پڕۆسەی هەمەڕەنگیی فێربوون هەبووە، وەلێ بە دیاریکراوی لەمیانی خودی ژیانی ئەو بەکتیریایەدا رووی نەداوە، بەڵکو لەمیانی ماوەکانی پێشووی نەشونماکردنی ئەو جۆرەدا هەبووە، کە لەڕێی پڕۆسەیەکی خاو بە درێژایی چەند نەوەیەک  روویداوە و پشتی بە ئەزموون و هەڵە بەستبوو، ئەو بەکتیریایە دەکاتە ئەوەی کە پێی دەڵێین (قۆناغی یەکەمی ژیان) تێیدا ئەو ئامێر و پرۆگرامانەی بۆ ژیانی بوونەوەرێک پێویستن دروست دەبن، و دیزاین ناکرێن.
لەلایەکی ترەوە، مرۆڤ بە نمونەی سامپڵی (قۆناغی دووەمی ژیان) دادەنرێت، کە تێیدا ئامێرەکانی پەرەیسەند، لەکاتێکدا بەشێوەیەکی فراوان پرۆگرامەکان دیزاین دەکرێن، مەبەست لە پرۆگرامەکان، هەموو خوارزمییەکان و زانیارییە مەعریفییەکانە، کە بۆ رێکخستنی ئەو زانیارییانەی لەڕێی هەستەکانتەوە وەریان دەگریت و بڕیار لەمەڕ ئەوەی دەبێ بیکەت دەدەیت، ئەمەیش هەموو شتێک دەگرێتەوە، سەرەتا لە توانای ناسینەوەی هاوڕێکانت کاتێک دەیانبینیت، تا بە توانای رۆیشتن و خوێندنەوە و نوسین و ئەژمارکردن و نوکتە گێرانەوە دەگات.
تۆ کاتێک لە دایکبوویت توانای کردنی هیچ کام لەو ئەرکانەت نەبوو، هەموو ئەو پرۆگرامانە، دواتر لەمیانی پڕۆسەی فێربووندا لەناو مێشکتدا بەرنامەڕێژ کران، لەکاتێکدا ئەو میتۆدانەی لە مناڵیتدا خوێندووتە، بەشێوەیەکی زۆر گەورە لەلایەن تاکەکانی خێزانەکەت و مامۆستاکانتەوە دیزاین کراون، ئەوانە بڕیاریان دەدا لەسەر ئەوەی دەبێ چی فێربیت، تۆ بەشێوەیەکی لەسەرخۆ وەرت دەگرت؛ ئەو توانایەی دەرفەتی پێدای تا خۆت دیزاینی پرۆگرامەکانت بکەیت. توانای قۆناغی دووەمی ژیانت لەسەر دیزاینکردنی پرۆگرامە تایبەتییەکانی، کە رێگەیدا نەک هەر لە قۆناغی یەکەمت زۆر زیرەکتر بیت، بەڵکو نەمتریش بیت. بۆ نمونە: ئەو کچەی دەزانێ بەرامبەر بە عەلی بابا (فول سودانی) حەساسیەتی هەیە، یەکسەر رەفتاری خۆی دەگۆڕێ تا لە عەلی بابا خۆی بە دوور بگرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەو رێگە بەهێزانەی تەکنۆلۆژیا کە ئەمڕۆ لەبەردەستمانە، هەموو شێوەکانی ژیان هێشتا بە سروشتی ئامێرە بایۆلۆجییەکانی پەیوەستە، بوونەوەرێکی زیندوو نییە بتوانێ بۆ ماوەی یەک ملیۆن ساڵ بژی یان بتوانێ هەموو ئەوەی لەناو (ویکیپیدیا)یە لەبەر بکات، وەک چۆن هیچ بوونەوەرێکی زیندوو نییە، بتوانێ گەردوونەکانی دەوروبەرمان کە ژیانی تێدا نین، بکاتە پانتاییەکی زیندوو بۆ ملیارەها ساڵ ببوژێنەوە، هەموو ئەوانە دەخوازێت، کە دەبێ ژیان بەرەو قۆناغی سێیەمی دوا تەرقیە بکات، کە تەنها پرۆگرامەکانی دیزاین ناکاتەوە، بەڵکو هەروەها ئامێرەکانیشی، بە مانای قۆناغی سێیەمی ژیان خۆی چارەنوسی خۆی دیاری دەکات و خۆیشی خاوەن دەسەڵاتی خۆی دەبێت، هەندێک لە شارەزایان و زانایانی ژیریی دەستکرد، پێشبینی دەکەن لە میانی سەدەی داهاتوو بە قۆناغی سێیەمی ژیان بگەین، ئەمەیش پشت ئەستور بەو پێشکەوتنەی بواری ژیریی دەستکرد بەخۆیەوە دەیبینێت.
ژیریی دەستکرد و زمانی سروشتی
* چی دەگەیەنێت، کە تۆ مرۆڤێکی ئەم سەردەمەی ئێستامان بیت؟
* ئەوە چییە لە خۆماندا هەیە و بە راستی بەهای پێدەدەین، وامان لێدەکات لە شێوازەکانی تری ژیان و ئامێرەکان جیاواز بین؟
* ئەوە چییە لە ئێمەدا هەیە و ئەوانیتر بەهای پێدەدەن، وایان لێدەکات ئامادەی پێدانی وەزیفەیەک بن بە ئێمە؟
وەڵامەکەمان هەرچییەک بێت، روونە دەرکەوتنی تەکنۆلۆژیا بەرەبەرە دەیانگۆڕێت.
زمان، لەو بوارانەیە کە لەم دواییەدا ژیریی دەستکرد پێشکەوتنێکی بێشوماری تێدا دەستەبەر کرد، چیدی زمانێک نەماوە نەتوانین بەشێوەیەکی باشتر لەو سیستمی ژیریی دەستکردە کە عەقلی «گوگڵ» پەرەیپێداوە وەریگێڕێن، رێکخستنەوەی زمانە سروشتییەکان یەک لە دیارترین بوارەکانی ژیریی دەستکردە، کە بە هەنگاوی خێرا بەرەوپێش دەچێت، چونکە زمان بنەمایەکی گرنگیی خەڵکییە، چەند پێشبینی زمانەوانیی ژیریی دەستکرد باشتر بێت، توانای نوسینی وەڵامی شایستەی لەڕێی پۆستی ئەلکترۆنییەوە باشتر دەبێت، یان توانای گفتوگۆکردنی زارەکی باشتر دەبێت، ئەمەیش بۆ غەیرە شارەزایان بە مانایە دێت، وەک ئەوەی پڕۆسەیەکی بیرکردنەوەی مرۆیی روودەدات.
سیستمی فێربوونی قووڵ، هەنگاوی بچوک بەرەو تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەی بەناوبانگی(تۆرینگ) گرتۆتەبەر، ئەوە تاقیکردنەوەیەکە، تێیدا ئامێر بە ئاستێکی بەرزی ورد دەنوسێت، بەسە بۆ ئەوەی کەسێک هەڵبخەڵەتێنێت و وای لێبکات بڕوا بهێنێت بەوەی ئەویش وەک ئەم مرۆڤە، چونکە تاقیکردنەوەی (تۆرینگ) لەمەڕ هەڵخەڵەتاندنە، ئەم تاقیکردنەوەیە رووبەڕووی رەخنە بووەوە، چونکە سادەیی و عەفەویەتی مرۆڤ تاقیدەکاتەوە زیاتر لەوەی ژیریی دەستکرد تاقیبکاتەوە، پێچەوانەکەیشی: تاقیکردنەوەیەکی کێبڕکێکاری هەیە پێی دەگوترێ (ئاڵنگاریی نەخشەکاریی فینۆگراد)، کە پشت بە هەستی گشتیی دەرککردن دەبەستێت، کە سیستمی ئێستای فێربوونی قوڵ نیەتی.
وەلێ رێکخستنی زمانەکان لە بواری ژیریی دەستکردا، هێشتا رێگەیەکی درێژی لە بەردەمدایە. رەنگە هەست بە هەندێک هەژاری بکەین، کاتێک ژیریی دەستکرد لە تەرجمەکردندا بەسەرماندا سەردەکەوێت، بەڵام هەست بە رەوشێکی باشتر دەکەین، هەر کە وەبیر خۆمانی دەهێنینەوە، بەوەی تا ئێستا بە هیچ شێوەیەکی لۆجیکی لەوە ناگات کە دەیڵێت، لەبەرئەوەی لەسەر بڕێكی بێشووماری داتا راهێنانی پێکراوە، ئەو شێواز و پەیوەندییەک دەدۆزێتەوە کە ئەو وشانە لەخۆدەگرێت، بەبێ ئەوەی بتوانێ بە هیچ شتێکی جیهانی واقیعییەوە بیبەستێتەوە، بۆ نمونە: دەشێ ژیریی دەستکرد بە پشت بەستن بە داتاکان بەو دەرەنجامە بگات، کە جیاوازیی نێوان (پاشا) و (شاژن) بە جیاوازیی نێوان (مێرد) و (ژن) بچوێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کەمترین بیرۆکەی لەسەر مانای نێر و مێ لانییە، یان تەنانەت لەوەی کە شتێک هەیە ناوی واقیعیی مادییە، لە دەرەوە بوونی هەیە، کە لە کات و شوێن و مادە پێکدێت.
ئاڵنگاریی و دەرفەتەکانی ئایندە
هەموو ئەوەی لە شارستانیدا خۆشمان دەوێت، بەرهەمی ژیریی مرۆڤە، ئەگەر بتوانین لەمیانی ژیریی دەستکردەوە دووقاتی بکەینەوە، روونە کە ئێمە دەتوانین ژیان باشتر بکەین، دەشێ پێشکەوتنێکی سادەی بواری ژیریی دەستکرد گۆڕانکاریی گرنگ لە زانست و تەکنۆلۆژیا بکات، ئەمەیش رێژەی رووداو و نەخۆشی و زوڵم و جەنگ و هەژاری کەم دەکاتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بەرهەمی ئەمە بچنینەوە و بەبێ ئەوەی کێشەی نوێ بخوڵقێنین، پێویستمان بە وەڵامدانەوەی هەندێک پرسیاری گرنگە، لەوانە:
* چۆن وابکەین سیستمی ژیریی دەستکرد لە ئایندە زیاتر لەمەی ئێستای بەهێزتر بێت، تا ئەوەی دەمانەوێ بیکات بەبێ ئەوەی دابڕمێت یان پەکی بکەوێت یان دزە بکەنە ناو سیستمەکەوە؟
* چۆن بتوانین ئەم سیستمە یاساییەمان بە یەکێکی دادپەروەرتر و کارامەتر بگۆڕین و هاوڕەوی(نواکب) دیمەنە دیجیتاڵییە خێرا گۆڕاوەکە بین؟
* چۆن دەتوانین وا لە چەکەکان بکەین کەمتر خەڵکی سڤیلی بێتاوان بکوژن، بەبێ ئەوەی هۆکاری کێبڕکێی چەکدارکردن لەدەست دەربچێت؟
* چۆن ئابوورییەکەمان گەشە پێ بکەین و خۆشگوزەرانیمان زیاد بکەین، بەبێ ئەوەی وابکەین خەڵک بەدەست لە دەستدانی وەزیفەکانیان و مانای بوونیان نەناڵێنن؟
ژیریی دەستکردنی بەهێز
ئەوەی گرنگە، ئەو تەکنۆلۆژیایەی پشتی پێ دەبەستین، جێی متمانە و بەهێز و توانای جێبەجێکردنی ئەوەی لێی داوا دەکەین هەبێت، بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، رەفتارێکمان پەیڕەو دەکرد نە مەبەستمان لێی هەبوو و نە پێمانیش باش بووە، ئەویش فێربوون بوو لە هەڵەکانمان، ئاگرمان داهێنا، پاشان هۆشداریی کەوتنەوەی ئاگر، دەروازەی کتوپڕ و ئاگرکوژێنەوەمان داهێنا، ئەمە هەندێک لەو سەرکەوتن و شکستانەی پێشووی بواری تەکنۆلۆژیای زانیاریی بوو، لەگەڵ ئەو وانە سوودبەخشانەی کە بتوانین فێری بین.
لە ئیدارەدانی داراییدا
لەسەر ئاستی جیهان کەرتی دارایی، بە یارمەتی تەکنۆلۆژیای زانیاری گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، کە دەرفەتی دووبارە تەرخانکردنی دەرامەتەکانی بە کارایی و بە خێرایی بروسکە رەخساند. زۆربەی بڕیارەکانی فرۆشتن و کڕینی پشک لە بازاڕی بۆرسەدا، لەمیانی کۆمپیوتەرەوە دەدرێن، دڵنیابوون لە وەفاداریی پرۆگرامەکان لە هەموو پێداویستییە پێشبینیکراوەکانی، بۆتە پرسێکی زەروری پرۆگرامە داراییەکان.
دامەزراوەی(نایت کەپیتاڵ)ی ئەمریکایی، دوای ئەوەی لە یەکی ئابی 2012 باجێکی قورسیدا، دەرکی بە وەکرد، کە بەهۆی بەکارهێنانی پرۆگرامی ئاڵووێری نادروستەوە بڕی 440 ملیۆن دۆلاری لە ماوەی45 دەقیقەدا دۆڕاند، هەڵەیەکی تری ساڵی 2010، بووە هۆکاری ئەوەی نرخی پشکەکانی هەندێک دامەزراوەی گەورەی وەک (برۆکتەر ئەند گامبڵ) لە نێوان یەک سنت و 100 هەزار دۆلار هەڵبەز و دابەز بکات، هۆکارەکە هەڵەی پرۆگرام یان ئەلکترۆنی نەبوو، بەڵکو تەنها هەڵەی پێشبینیکردن بوو و سەرپپێچیشی کرا، پرۆگرامە میکانیکییەکانی ئاڵووێری سەر بە چەند دامەزراوەیەک، خۆیان لە سایەی رەوشێکی ناپێشبینیکراودا بینییەوە، کە گریمانەکانیان پێچەوانەی لۆجیک و غەیرە پرۆگرامینگ بوو، وەک گریمانەی ئەوەی کە کۆمپیوتەری ئاڵووێر رابگەینیت کە نرخی پشک بە یەک سنتە، دەبێ بە کردەوەیش بەهای کرداریی ئەو پشکە یەک سنت بێت. 
ئەمە گرنگیی ئەوەی زانایانی کۆمپیوتەری میکانیکی پێی دەڵێن: (راستاندن) روون دەکاتەوە. لە قۆناغی دڵنیابوون پرسیار دەکەیت:(ئایا سیستمەکە بەشێوەیەکی گونجاو دامەزراوە؟) بەڵام لە قۆناغی راستاندن ئەم پرسیارە دەکەیت: (ئایا سیستمێکی گونجاو دامەزراوە؟). بۆ نمونە: ئایا سیستمەکە لەسەر گریمانەیەک دامەزراوە کە دەشێ بەبێ هەڵاوێردن بۆ هەموو حاڵەتەکان دروست بێت؟ ئەگەر ئەوە رەوشەکە بێت، چۆن دەتوانرێ باشتر بکرێت، تا بەشێوەکی باشتر لەگەڵ حاڵەتەکانی بارگۆڕان (تقلب) و نایەقیندا مامەڵە بکات؟
لە چاودێریی تەندروستیدا
توێژینەوەیەکی هۆڵەندی کە لە ساڵی 2015 کراوە، دەریخست کە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پرۆستات لەڕێی بەکارهێنانی رەنینی موگناتیسییەوە، بە هەمان کوالیتی دەستنیشانکردنی مرۆیی بووە کە پسپۆرانی تیشک (اشعة) کردوویانە، توێژینەوەیەکی تری زانکۆی (ستانفۆرد) لە ساڵی 2016، دەریخست، کە ژیریی دەستکرد دەتوانێ شێرپەنجەی سی لەڕێی بەکارهێنانی وێنەی مایکرۆسکۆبییەوە باشتر لە پسپۆرانی پاسۆلۆجی(زانستی نەخۆشییەکان) دەستنیشان بکات، بەڵام بەداخەوە، وانەی قورس لەمەڕ بایەخی پرۆگرامە وردەکانی بواری چاودێریی تەندروستییەوە هەن، بۆ نمونە: ئامێری چارەسەر بە تیشک (سیراک 25) کە دروستکراوی کەنەدایە، بە دوو رێگە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی شێرپەنجە دیزاین کراوە: یان لەمیانی تیشکی ئەلکترۆنی کەم هێز، یان لەمیانی تیشکی سینی زۆر بەهێز و هێزەکەی بە مێگا ڤۆڵت پێوانە دەکرێت، لەڕێی بەرۆکەیەکی خۆپارێزەوە کە بەتایبەتی بۆ ئەو مەبەستە دروستکراوە، تا لە رەوتی کارکردنیدا پارێزگاری لە بەکارهێنەرانی بکرێت، بەڵام بەداخەوە، ئەو تەکنیکە خەوشدار بوو کە ماوە ماوە لەلایەن هونەرییەکانەوە ئەو تیشکی میگافۆڵتە بەکاردەهێنرا، لەکاتێکدا بڕوایان وابوو، ئەوان مامەڵە لەگەڵ تیشکێکی کەم هێزدا دەکەن، بەبێ ئەوەی ئەو بەرۆکەی خۆپارێزییە بەکاربهێنن، ئەمەیش مردنی چەندین نەخۆشی بەدوای خۆیدا لێکەوتەوە. 
یاساکان
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە بە حوکمی تواناکەی لە هاوکارییکردنی مرۆڤەکانی هاورەگەزی، کە بەسەر بوونەوەرەکانی تردا سەرکەوتووە، خەڵک یاسای بۆ ئاسانکاریی هاوکاریی نێوانیان داڕشتوە، ئەگەر ژیریی دەستکرد توانی سیستمە یاساییەکان و پێوەرەکانی حەوکەمە باشتر بکات، ئەوا دەتوانین بەشێوەیەکی باشتر هاوکار بین، ئەمەیش واتە یاساکان پێویستی بە پەرەسەندنە تا هاوەڕێی ئەو تەکنۆلۆژیایە بین کە داهێنانی تێدا دەکەین.
دادوەرە رۆبۆتەکان، دەتوانن بەرانبەر بە یاسا زامنی یەکسانی نێوان هەموان بکەن، دەتوانرێ پرۆگرامینگ بکرێ تا یاسا بەشێوازێکی بێلایەن جێبەجێ بکرێت، لە خەوشەکانی دادوەرە مرۆییەکان ئەوەیە، کە کاتی پێویستییان بۆ لێکۆڵینەوەی هەموو وردەکارییەکانی پرسەکە بۆ ناڕەخسێت، لەکاتێکدا دادوەرە رۆبۆتەکان کە لە پرۆگرام پێک دێن کە بەشێوەیەکی هاوسەنگ دەرفەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەموو ئەو پرسانەی پێوەی پەیوەستە بۆ دەڕەخسێت، لەبری ئەوەی بەشێوەیەکی زنجیرەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، هەروەها ئەستەمە دادوەرە مرۆییەکان لە هەموو کارامەییەک شارەزابن و هەموو زانیارییە پێویستەکانی هەر پرسێکی چاوەڕوانکراو بزانن. بەڵام دادوەرە رۆبۆتەکانی ئایندە میمۆری و توانایەکی فێربوونی بێسنوریان دەبێت.
بەڵام، چی روودەدات ئەگەر خەوشی پرۆگرامینگ لای دادوەرە رۆبۆتەکان دەربکەوێت یان رۆبۆتەکان رووبەڕووی دزەکردن ببنەوە؟ تەنانەت ئەگەر ژیریی دەستکرد بەهێز و بێخەوش بێت، بەو ئاستەی کە وامان لێبکات متمانە بە دادوەری رۆبۆت بکەین کە خوارزمی دروستی یاسایی بەکاردەهێنێت، ئایا ئەوکات مرۆڤ لۆجیکە یاساییەکەی قبوڵ دەکەن بەو شێوەی وایان لێبکات رێز لەو حوکمەی بگرن کە دەریدەکات؟ ئەگەر شکات لێکراو ئارەزووی زانینی هۆکاری تۆمەتبارکردنیان هەبوو، تۆ بڵێی شایستەی وەڵامی باشتر لەمە نەبن: (لەسەر زۆری ئەو داتایانە راهێنانمان بە سیستمەکە کردووە، ئەوە ئەو بڕیارەیە کە پێی گەیشتووە؟).
ئەوانە، ئەو پرسیارە گرنگانەن کە هەموومان پێویستمان بە گفتوگۆکردنیەتی تا زامنی بەدەستهێنانی زۆرترین سود لە ژیریی دەستکرد بکەین.
مشتومڕێکی یاسایی
ناکۆکییەک هەیە، رەنگدانەوەی ململانێی نێوان تایبەتمەندێتیی و ئازادیی زانیارییە، لایەنگرانی ئازادیی زانیاری، رایان وایە، چەند سەقفی ئەو ئازادییەی هەمانە نزم بێتەوە، قەبارەی ئەو بەڵگانەی دادگاکان پێی دەگەن زیاد دەکات، دادوەریی دادوەرەکان زیاد دەکات، ئەگەر حکومەتەکان پشکنین بۆ هەر ئامێرێکی ئەلکترۆنی بکەن تا شوێنی خاوەنەکەی و هەموو ئەو قسانەی کە ئامێرەکەی ریکۆردی دەکات تۆمار بکەن، هەروەها ئەو ئایکۆنانەی کلیکی لەسەر دەکات، ئەوەی دەیڵێ و دەیکات، ئەو مەتەڵی زۆری تاوانەکان دەدۆزرێنەوە و لە تاوانی تر بەدوور دەبین.
بەڵام لایەنگرانی تایبەتمەندێتی، بەو ئاڕاستەیە، دەوڵەتێکی چاودێریی سەرکوتکەریان ناوێت، ئەوان دوودڵن لە ئەگەری ئەوەی سیستمی ژیریی دەستکرد جار بە جار هەڵە بکات، هەروەها ئەو بەکارهێنانەی حکومەتشیان ناوێت، کە پشتیوانی لە ئازادی هزری ئەم تەکنۆلۆژیایە ناکات، بۆ بە تاوانبارکردنی پەیڕەوکردنی بیروڕایەک و پەسەندکردنی پەیڕەوکردنی بیروڕایەکی دیاریکراو، کەواتە دەبوو رەسمی هێڵە یەکلاکەرەوەکەی نێوان دادپەروەری و تایبەتمەندێتی بکێشین؟ ئایا ئەو هێڵانە بەرەبەرە بە ئاڕاستەی سەرکوتکردنی تایبەتمەندێتیی دەجوڵێن، بەوەی کە دەتوانرێ بەڵگەنامەکان ساختە بکرێن؟ بۆ نمونە: کاتێک ژیریی دەستکرد توانای بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی ساختەی وەک حەقیقی ورد هەبوو، ئایا هەموو قایلن بەوەی لە سایەی حکومەت یان دەوڵەتێکدا بژین کە بە درێژایی کات شوێنپێی هەمووان هەڵدەگرێت؟
ناکۆکییەکی تریش هەیە، کە توێژینەوەکانی ئەم دوواییە خستونیەتەڕوو و سەلماندوویانە، ئەگەر تۆ راهێنانت بە سیستمی فێربوونی رۆبۆتەکان کرد لەسەر بڕێکی ئێجگار زۆری داتای زیندانییەکان، ئەوا ئەو سیستمە بە شێوەیەکی باشتر لە دادوەرە مرۆییەکان پێشبینی ئەگەری گەڕانەوەی ئەو کەسانە بۆ تاوانکردن دەکات، بەڵام چی دەبێت ئەگەر ئەو سیستمە دەریخست کە ئەو شکستەی لە رووی ئامارەوە بە جۆری زیندانی یان رەگەز یان پەروەردەکردنییەوە پەیوەستە، ئایا ئەو ئەنجامە وەک ئەنجامێکی رەگەزپەرستی یان دژە رەگەزێک تەماشا دەکرێت، ئەمەیش دووبارە پرۆگرامکردنەوەی دادوەرە رۆبۆتەکان دەخوازێت؟ توێژینەوەیەک لە ساڵی 2016 کراوە، سەلماندوویەتی کە پرۆگرامەکانی پێشبینیکردن کە لە ئەمریکا بەکاردەهێنرێت، دژ بە ئەمریکییە بە بنەچە ئەفریقییەکانە، بۆتە هۆکاری دەرچوواندنی چەندین حوکمی ناحەقە بەرامبەریان.
ئەوەی لە حکومەتەکان پێویستمان پێی دەبێت، چاودێریی نییە، بەڵکو تێڕوانینێکی وردە، کە بە بوونی کەسانی خاوەن شارەزای تەکنیکییە تا پۆستە حکومییەکان بەڕێوەبەرن، هەروەها بتوانن چاودێریی ئاستی پێشکەوتن و ئیدارەدانی ژیریی دەستکرد بکەن.
چەک
زۆری رای وایە، کە چەکی ئەتۆمی رێگری دەکات لە کەوتنەوەی جەنگە لە نێوان ئەو دەوڵەتانەی ئەو جۆرە چەکەیان هەیە، چونکە دەرهاویشتەکانی تۆقێنەرە، چی دەبێت ئەگەر لەڕێی ژیریی دەستکردەوە رێگە بە داهێنانی چەکی تۆقێنەرتر بدرێت، بەهیوای ئەوەی بۆ هەتاهەتایە کۆتایی بە جەنگ بێت؟ ئەگەر راتوایە جەنگ شەڕێکەو دەربازبوونمان لێی نییە، چی لەمەر بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد دەڵێی وابکات ئەو جەنگە زیاتر مرۆیی بکات؟ ئەگەر جەنگەکان بریتی بێت لە ئامێر، جەنگ لەگەڵ ئامێرێکی تردا بکات، ئەوا هیچ سەربازێک یان سڤیلەکان رووبەڕووی کوشتن نابنەوە، کەواتە بۆچی جەنگەکان دەکەونەوە؟
چەکە سەربەخۆکان ئامانجەکانیان دیاری دەکەن و بەبێ هیچ دەستوەردانێکی مرۆیی بە ئاڕاستەی دەڕوات، دەشێ ئەو چەکانە، هێلیکۆپتەری جەنگیی چوارینە لەخۆ بگرێت، کە دەتوانێ بەپێی ئەو پێوەرانەی پێشوەختە دیاریکراون، بە دوای کەسە دیاریکراوەکاندا بگەڕێت، بەبێ زیان گەیاندن بەوانیتر کۆتایی پێبهێنێت، تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکرد بە قۆناغێکی پێشکەوتوو گەیشتووە، دەشێ لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمی داهاتوودا ئەو سیستمە بە شێوەیەکی زانستیانە – ئەگەر بەشێوەی یاساییش نەبێت – بەکاربهێنرێت، دوای بەرهەمهێنانی ژمارەیەکی ئێجگار زۆری ئەو چەکانە، ئەگەر هەیە تێچوونی ئەو فرۆکە بچوکە جەنگییە بێفرۆکەوانانەی لەڕێی ژیریی دەستکردەوە کار دەکەن، پارەی مۆبایلێکی زیرەکی تێبچێت، خەڵکی تەنها پێویستی بە داونلۆدکردنی وێنەی ئامانجەکانیان هەیە، تا بۆ فرۆکە جەنگییە پرۆگرام کراوەکەی بینێرن و ئەویش یەکسەر ئاڕاستەکەی خۆی وەردەگرێت و کەسی دەستنیشانکراو دیاری دەکات و لەناوی دەبات، پاشان بۆ زامنکردنی نەگەیشتنی کەس بە پێناسەی بەرپرسانی ئەو هێرشە یان ئەو تاوانە، فرۆکەکە خۆی دەتەقێنێتەوە. بەڵام ئەو فرۆکانەی بۆ پاکتاوی رەگەزی دیزاین کراون، بە ئاسانی بۆ کوشتنی هەرکەسێک لەسەر بنچینەی رەنگی پێستی یان رەگەزی پرۆگرام دەکرێت، چەند ئەو ئامێرانە زیاتر زیرەک بن، ژمارەی زەخیرە و توانای سەربازی و پارەی پێویست بۆ کوشتنی هەر مرۆڤێک کەمتر دەکات.
جەنگی ئەلکترۆنی
ژیریی دەستکرد لایەنێکی تری بەجێی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە رێگەت پێدەدا بەبێ بوونی چەک هێرش بۆ دوژمنەکەت ببەیت، ئەویش لەڕێی جەنگی ئەلکترۆنییەوەیە، نمونەیەکی سادە سەبارەت بەوەی کە ئایندە بۆمانی دەهێنێت، کرمی – ستۆکسنت - کۆمپیوتەری، کە بە هی حکومەتی ئەمریکی دەزانرێت، هێرشی کردەسەر ئامێرەکانی سەنتەرڤیوجەکانی سەر بە بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمیی ئێران، بە زاتی پەکی خستن، چەند پرۆگرامینی کۆمەڵگە و هێزی هێرشەکانی ژیریی دەستکرد زیاد بکات، لەگەڵیدا توانای جەنگی ئەلکترۆنی بۆ وێرانەکردن زیاد دەکات، ئەگەر توانیت دزە بکەیتە ناو ئۆتومبیلە بێشۆفێرەکان و تێکتشکاندن، هەروەها فرۆکە بێفرۆکەوانەکانیان، رۆبۆتە دەستکردەکانیان، سیستمی پەیوەندییان، تۆڕەکانی وزەی کارەبای ئەو سیستمە، دەتوانی ئابوورییەکەی وێران بکەیت و هێڵە بەرگرییەکانی لەکار بخەیت، لەبەرئەوە دڵنیابوون لە سەرکەوتن و زاڵبوونی لایەنی بەرگریکار و بردنەوەی، دەبێ یەک لە ئامانجە کورت مەوداکانی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد بێت، ئەگەرنا هەموو ئەو تەکنۆلۆژیا جوانەی دروستمان کردووە رەنگە کودەتامان بەسەردا بکات!
ئەرک و نایەکسانی
رەنگە بزانین چۆن ژیریی دەستکرد دەتوانێ وەک بەکاربەر کارمان تێبکات، کاتێک بەرهەم و خزمەتگوزارییمان بە نرخی مەعقول پێشکەش دەکات، بەڵام ئەی وەک کارمەند چۆن کارمان تێدەکات؟
هاوڕابوونێکی گشتی لە نێو ئابووریناساندا هەیە، سەبارەت بەوەی حاڵەتەکانی نایەکسانی روو لە زیادبوونە، هەرچەندە ئابوورییش لە گەشەکردن و بەرزکردنی نێوەنجی داهاتی تاک بەردەوامی هەیە، دەستکەوتەکانی چوار دەیەی رابردوو بۆ ئەوانەی زۆر دەوڵەمەندن رۆیشت، کە رێژەی 1٪ فەرمانبەران پێکدەهێنن، لەکاتێکدا فەرمانبەرە زۆر هەژارەکان بە دەست داچوونی ئاستی داهاتەوە دەناڵێنن، مشتومڕێک هەیە، کە هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ بەجیهانیبوون و سیاسەتە ئابوورییەکان دەگێڕێتەوە، وەک سنوردارکردنی ئەو باجانەی بەسەر دەوڵەمەندەکاندا سەپێندراون، وەلێ زانای ئابووری (ئەریک برینگۆلفسۆن)، رای وایە، تەکنۆلۆژیا هۆکارە سەرەکییەکەیە، پێداگیریی دەکات لەوەی کە تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی دیاردەی نایەکسانی بە سێ رێگە زیاد دەکات:
یەکەم: تەکنۆلۆژیا پاداشتی خوێندەوارانی کرد، بەوەی لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی بیستەوە، وەزیفە کۆنەکەیان بە وەزیفەیەکی نوێتر کە شارەزایی زیاتر دەخوازێت گۆڕییەوە، موچەی ئەکادیمییەکان بە رێژەی 25 % بەرز بۆتەوە، لە کاتێکدا ئەوانەی خوێندنی دواناوەندیان تەواو نەکردووە بە رێژەی 30 % دابەزیوە.
دووەم: لە ساڵی 2002 ەوە، بەشی گەورەی قازانجی دامەزراوەکان بۆ خاوەن دامەزراوەکان چووە بەراورد بە کارمەندانی ئەو دامەزراوانە، ئێستاش، دوای ئەوەی هەموو شتێک بۆ داڕشتەی دیجیتاڵی گۆڕاوە، هەر لە کتێبەوە تا بە فیلم و ئامێرەکانی باج وەرگرتن کۆتایی دێت، دەکرێ لەسەر ئاستی جیهان تا رادەیەکی زۆر بەبێ تێچوون فرۆشتن و بازاڕکارییان پێوە بکرێت، بەبێ ئەوەی پێویست بە دامەزراندنی فەرمانبەری زێدە بکات، ئەمەیش پاشەکشێی ژمارەی فەرمانبەرانی(فەیسبوک) و(گوگڵ) و(ئەپڵ) و لە بانکەکانی جیهانمان بۆ شیدەکاتەوە، لە هەمان کات، لە ساڵی 2014 وە، بەهای ئەم دامەزراوانە بە بڕی سی هێندە لە بازاڕی پشک بەرزبوونەتەوە.
سێیەم: ئابووریی دیجتاڵی لە هەر کەسێک زیاتر سودی بۆ گەورە ئەستێرەکان بووە. بۆ نمونە(سکۆت کوک) لە میانی دیزاینکردنی بەرنامەی (تێربۆ تاکس) بۆ ئەژمارکردنی باج، یەک ملیار دۆلاری دەستکەوتووە، کە دەتوانێ بە شێوەیەک بەرنامەکەی بفرۆشێ کە بە کەمتر لە یەک دەقیقە داونلۆد بکرێت، ئەمە بە پێچەوانەی فەرمانبەرە مرۆییەکانی باجە، بەجۆرێک کە زۆربەی خەڵک بڕێکی کەم یان هەر هیچ نەدەن بەرامبەر بە ئەژمارکردنی باج، چونکە لە بازاڕ پانتاییەک تەنها بۆ ژمارەیەکی دیارییکراوی ئەستێرە گەورەکان هەیە، کە پێشەنگییان لە داهێنانی چارەسەری سودمەند بۆ هەندێک لە خەڵک و زیانبەخش بۆ هەندێکیتر کردووە.
هەردەبێ کارەکانمان لە دەست بدەین؟
رەشبینەکان رایان وایە، بازاڕی ئازاد لەسەر بنچینەی خستنەڕوو و خواست موچە دیاری دەکات، فەراهەمبوونی کرێکاری رۆبۆتی هەرزان، لە کۆتاییدا پاشەکشێ بە موچەی فەرمانبەرانی مرۆیی دەکات، تەنانەت بەشی دابینکردنی پێداویستییەکانی گوزەرانیان ناکات، لەمیانی شۆڕشی پیشەسازییدا، ئامێرمان لەجێی بازوومان دانا، بەرەو وەزیفەی داهات بەرزتر گواستمانەوە، کە بەشێوەیەکی فراوانتر عەقڵمانی تێدا بەکاردەهێنین، ئەوەتا ئەمڕۆ بەرەبەرە ئامێر بە عەقڵمان دەگۆڕینەوە، ئەگەر لەم پرسەدا سەرکەوتووبین، چ وەزیفەیەکمان بۆ دەمێنێتەوە؟
بەڵام گەشبینەکان، هیواخوازن ئەو بوژانەوەی لەو وەزیفە نوێیانەی لەسەر بنەمای تەکنۆلۆژیا بەڕێوەیە، بە خەیاڵی کەسماندا نەهاتووە، بەدەر لە هەموو شتێک، کێ لەو بڕوایەدا بوو، لەمیانی شۆڕشی پیشەسازییدا، نەوەکانی کار لەسەر دیزاینکردنی پێگە ئەلکترۆنییەکان و شۆفێرەکانی ئۆتومبیلی(ئوبەر) دەکەن؟
لە واقیعدا، ئەگەر پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد بێ وچان بەردەوام بێت، ئەوا هەریەک لەو دوو تیمە دەشێ لەسەر حەق بن: یەکێکیان لە مەودای نزیک و ئەویتریان لە مەودای دوور، ئێمە وەزیفەمان دەوێ چونکە داهات و ئامانجمان پێ دەدات، بەڵام لەبەر بوونی ئەو دەرامەتانەی ئامێرەکان دەیڕەخسێنن، هانمان دەدات بەدوای رێگەی بەدیل بۆ فەراهەمکردنی داهات بەبێ ماندووبوون بگەڕێین، ئامانج بەبێ وەزیفە رۆڵ و پەیام و مانای خۆی هەیە.
داهات
بە تەنها دووبارە دابەشکردنی بەشێکی سادەی ئەو کێکە گەشەکردووەی ئابووری، وا گریمانەی لێدەکرێ هەمووان بخاتە حاڵەتێکی باشترەوە، چەندین پێشنیار سەبارەت بە بەشداری پێکردنی سامان هەیە، سادەترینیان داهاتی بنچینەییە، هەر تاکە کەسێک مانگانە بڕێکی جێگیری پارە بەبێ مەرجی پێشوەختە یان داخوازییەک وەردەگرێت، بە کردەوە ژمارەیەکی دیارییکراوی ئەزموون هەیە، بۆ نمونە، کە ئێستا هەریەک لە کەنەدا و فینلەندا و هۆڵەندا پلانی بۆ دادەڕێژن. داهاتی بنچینەیی لە هەموو ئەلتەرناتیفەکانی تر بە کاراتر دادەنرێت، وەک باربووی کۆمەڵایەتی کە نەداران بەدەستی دەهێنن، ئەویش لەبەرئەوەی بێزاریی و رۆتینی ئیداری ناهێڵێت، لە کاتی دیارییکردنی ئەو کەسانەی شایستەی ئەو باربووکردنەن، روودەدات.
دەشێ حکومەتەکان تەنها بە غەیری پارەیش یارمەتی هاووڵاتیانی بدات، لەڕێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خۆڕایی یان باربووکراو، وەک: رێگە، باخچە، گواستنەوەی گشتی، خزمەتگوزاریی چاودێریی منداڵان، خوێندن، چاودێریی تەندروستی، خانەی بەساڵاچووان، خزمەتگوزاریی ئەنتەرنێت. ئەم خزمەتگوزارییانە دوو ئامانج دەپێکێت: بەشێکی تێچوونی گوزەرانی خەڵکی دەگێڕێتەوە، لە هەمانکاتیشدا هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنێت، تەنانەت لە ئایندەشدا، کاتێک تێیدا ئامێر لە هەموو وەزیفەکاندا بەسەر خەڵکدا سەردەکەوێت، دەشێ حکومەتەکان بەرامبەر بە کارکردنیان لە چاودێریی کردنی منداڵان و خانەی بەساڵاچووان پارەیان پێ بدات، لەبری ئەوەی ئەرکی ئەو چاودێرییە بە رۆبۆتەکان بسپێرێت.
رەنگە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، بەخۆڕایی چەندین بەرهەم و خزمەتگوزاریی بەبێ دەستوەردانی حکومی پێشکەش بکات، بۆ نمونە، خەڵکی راهاتوون بەرامبەر بە بەکارهێنانی فەرهەنگە مەعریفییەکان، ئەتڵەس، ناردنی گوتار و پەیوەندیی تەلەفۆنی پارە بدەن، ئێستا لە توانای هەموو کەسێکدایە کە ئەنتەرنێتی هەیە بەبێ تێچوون ئەو خزمەتگوزارییانەی دەست بکەوێت، ئەمە وێڕای ڤیدیۆ کۆنفرانسە بەلاشییەکان، بەشدایکردنی وێنە، پێگەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، پرۆگرامەکانی راهێنان لەڕێی ئەنتەرنێت و خوێندنی باڵای ئەلکترۆنییەوە، هەروەها خزمەتگوزاری تریش، بە کورتی: ئەگەر رۆژێک ئامێرەکان توانیان ئەو هەموو کەلوپەل و خزمەتگوزارییانەی ئێستا بەردەستن بە تێچوونێکی کەمتر بەرهەم بهێنێت، دەبێ بڕێکی سامان هەبێت بەشی ئەوە بکات هەموو لە حاڵێکی باشتردا بن.
ئامانج و مانا
وەزیفە تەنها پارە و سامان بۆ خەڵکی ناڕەخسێنێت، توێژینەوەیەک لە ساڵی 2012 کراوە، دەریخست کە بێکاری هۆکاری کەوتنەوەی کاریگەریی نەرێنی دوور مەودایە لەسەر بەختەوەری مرۆڤ، دەروونناسیی ئەرێنی ژمارەیەک هۆکاری دیاریکردووە، کە هەستکردنی خەڵکی بە بەختەوەری و بە ئامانجەکەی پتەوتر دەکات، روونی کردەوە کە هەندێک وەزیفە – نەک هەمووی – چەندین خۆشی و هاندانی ئەرێنی فەراهەم دەکات، وەک:
* تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی لە هاوڕێ و برادەر.
* شێوازێکی تەندروست و رێکی ژیان.
* هەستێکی خۆش بە ئینسیابی و تێکەڵبوون بە کار، کە لە مومارەسەکردنی وەزیفەیەک کە مرۆڤ بەباشی دەتوانێ بیکات، سەرچاوە دەگرێت.
* هەستکردن بەو مانایەی کە تۆ بەشێکی لە کیانێکی گەورەتر لەخۆت سەرچاوە دەگرێت و تێیدا دەبەخشیت و خۆشگوزەرانی دەستەبەر دەکەیت.
هەموو ئەو هۆکارانە، دەشێ لە دەرەوەی شوێنی کارکردن فەراهەم بکرێن و هەروەها پێشکەش بکرێن، بۆ نمونە، لەمیانی وەرزش، شارەزایی، خولی فێربوون، لەگەڵ خێزان، هاوڕێ، دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، رێکخراوە مرۆییەکان، بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک کە تێكڕای دەستیکاری نزم بێت و روو لە بوژانەوە بێت، لەبری ئەوەی بە ئاقاری رەفتارێکی خود وێرانکارانەدا بچێت، ئێمە پێویستمان بە پشتیوانی ئەو چالاکییانەیە کە ئێمە و ئەوەی دەوروبەرمان بەرەو دەستەبەرکردنی بەختەوەرییمان دەبات، ئەگەر هەوڵی جدی بۆ دەستەبەرکردنی بەختەوەریی بۆ هەمووان چەسپێندرا، ئەو سامانەی کە ژیریی دەستکرد لە ئایندەدا دەیهێنێت، تەمویلی ئەو هەوڵانە دەکات، ئەوکات کۆمەڵگە باشتر لە هەرکاتێکی رابردوو توانای بوژانەوەی دەبێت.
ئامۆژگاری بۆ نەوەکانی ئایندە
دەتوانین ئامۆژگاریی رۆڵەکانمان بکەین، تا بە ئاراستەی ئەو پیشانە بچن کە ئێستا ئامێر شوێنی نەگرتۆتەوە، لە ئایندەی نزیکیشدا ئەگەری ئەوە نییە رووبەڕووی هێرشی پرۆگرامە ژیرەکان ببنەوە، پرسیار سەبارەت رەوتی پیشەیی هەن، دەبێ بکرێن بەرلەوەی بڕیاری خویندنی ئەکادیمی لە پسپۆرییەک یان بوارێکی دیاریکراو بدرێت.
وەک:
* ئایا ئەم بوارە جۆرێک کارلێکی لەگەڵ خەڵک و بەکارهێنانی ژیریی کۆمەڵایەتی دەخوازێت؟
* ئایا داهێنانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری داهێنەرانە دەخوازێت؟
* ئایا کارکردن لە ژینگەیەک کە پێشبینیکردنی تێدا ناکرێت، پێویستە؟
چەند ژمارەی ئەو پرسیارانەی دەتوانی بە بەڵێ وەڵامیان بدەیتەوە زیاد بکات، ئەگەرەکانی ئەوەی بڕیارە پیشەییەکەت باشتربێت زیاد دەکات. ئەمەیش واتە، بە رێژەیی دەرفەتە ئەمینی وەزیفەکانی فێربوون، پەرستاری، پزیشکی دەروونی، زانا، پێشەنگیی بزنس، پرۆگرامساز، ئەندازیار، پارێزەر، پسپۆری کۆمەڵناسی، هونەرمەند، سەرتاش لەخۆدەگرن، بە پێچەوانەی ئەمەیش، ئەو وەزیفانەی ئەو کارانە دەگرنەوە کە شێوازی دووبارە یان بە ئاسان پێشبینییان دەکرێت، بە خێرایی دەکەوێتە ژێر هەژموون و هێرشی ئامێرەوە، بەڵام بەشێکی ئەرکەکانی دەکەوێتە ژێر هەژموونی بە ئامێرکردنەوە، بۆ نمونە: ئەگەر خوێندنی پزیشکیت هەڵبژارد، پسپۆری تیشک هەڵمەبژێرە، بەڵکو پزیشکی داهێنەری ئامێرێکی ژیر هەڵبژێرە، یان پزیشکی دەروونی کە لەگەڵ خەڵک دادەنیشێ و هەستی خۆشەویستی و بایەخ و مانایان پێدەبەخشێت.
هاوڕێیەتی ژیریی دەستکرد
کاتێک بۆ یارمەتیدانی خۆمان دیزاینی ئامێرێک دەکەین، رەنگە قورس بێت وابکەین ئامانجەکانی بە تەواوی لەگەڵ ئامانجەکانمان هاوڕەوی بکات. بۆ نمونە: دەشێت تەڵەی مشک تێک بچێت یان بە هەڵە بە دەستتدا بتەقێتەوە و ئازارت بدات، لەبری ئەوەی مشکت بۆ راو بکات؛ ئەم تەڵەی مشکە، دەشێ دابنرێتەوە و هەرشتێک لە بەردەمی بجوڵێتەوە یان بەری بکەوێت بگرێت، چونکە ئەو نازانێ مشک چییە. زۆربەی رووداوە پیشەسازییە بکوژەکان دەکەوێتەوە، چونکە ئامێرەکان خەڵک و هەموو ئەوەی لە دەوروبەریدان لێک جیاناکاتەوە، چەند ژیریی ئامێرەکان زیاد بکات، هێندە گرنگیی هاوڕەویبوونی ئامانجەکانی لەگەڵ ئامانجەکانمان زیاد دەکات، تا دەگاتە ئەوەی کە ئەندازیار (ئەلیزێر یۆدکۆسکی) پێی دەڵێ ژیریی دەستکردی هاوڕێ.
بۆ ئەوەی ژیریی دەستکرد ئامانجەکانمان بناسێت، دەبێ هۆکاری ئەوەی دەیکەین بدۆزێتەوە نەک ئەوەی دەمانەوێ بیکەین، ئەگەر داوات لە ئۆتومبیلێکی خودڕەو کرد بە زووترین کات بتگەیەنێتە فرۆکەخانە، وەک خۆی داواکەتی جێبەجێ کرد، هەلیکۆپتەری هاتوچۆ دوات دەکەوێ و خۆت و ئۆتومبێلکەشت سزا دەدات، لێرەدا کێ هەڵەیە، تۆ یان ئۆتومبیلەکە؟ بۆ ئەوەی بە دروستی بزانی ئەوانیتر چییان لێت دەوێت، لۆجیک نییە بە هەموو ئەوەی دەیڵێن رازی بیت، بەڵکو پێویستت بە سامپڵێکی وردی جیهانە، کە زۆری ئەو پێباشبوونە هاوبەشانە بگرێتەوە، کە قسەکردنەکە بەبێ روونکردنەوە بەجێ دەهێڵین، چونکە بە کردەوە بە روون و مەفهومی دادەنێین.
لە ئێستادا زانایانی ژیریی دەستکرد، هەوڵ دەدەن وا لە ئامێرەکان بکەن بە ئاسانی توانای تێگەشتن و وەرگرتنی بۆچوونەکانی مرۆڤ بکەن، ئەمەیش لەمیانی چاودێرییکردنی ئەو رەفتارانەی بۆ دەستبەرکردنی ئامانجە دیاریکراوەکان دەیکات. یەکەمین ئاڵنگاری کە لێرەدا رووبەڕوومان دەبێتەوە، دۆزینەوەی رێگەی بە کۆدکردنی سیستمی مەزندەکاریی ئەو ئامانج و پڕەنسیپە ئەخلاقییانەی ناو سیستمەکانی کۆمپیوتەری ئامێرەکانە، وەلێ ئاڵنگاری دووەم، دروستکردنی ئەو ئامێرانەیە کە دەتوانێ ئەو سیستمە بدۆزێتەوە و دیاری بکات باشتر لەگەڵ ئەو رەفتارەی چاودێری دەکات بگونجێت، بۆ ئەوەی خودی خۆی ببێتە بەرپرسی جێبەجێکردن و راستکردنەوەی.
کۆتاییە بەختەوەرەکان
بەهیواین، توانیبێتمان، دەرکمان کردبێت و روونیشمان کردبێتەوە، تا چ مەودایەک ژیریی دەستکرد دەتوانێ دەرفەتی ئێجگار زۆر و ئاڵنگاریی ئێجگار گەورەمان بداتێ، ستراتیجییەتێک هەیە دەشێ بۆ بەرەنگاریی ئالنگارییە بنچینەییەکانی ژیریی دەستکرد سوودمان پێ بگەیەنێت، کە هەموومان پێکەوە لە باشترکردن و پارێزگاریی کۆمەڵگەکانمان هاوکاری یەکتر بین، بەرلەوەی ژیریی دەستکرد بە تەواوی هێزیەوە دەست پێبکات. پێدەچێت حاڵمان باشتر بێت، ئەگەر رۆڵەکانمان لەسەر چۆنیەتی داهێنانی تەکنۆلۆژیای سودبەخش فێر بکەین، بەرلەوەی رێگەی پێبدرێت کودەتامان بەسەردا بکات و بۆ هێزێکی ئێجگار گەورە یان ستەمکار بگۆڕێت، رەنگە لۆجیکی بێت، بەرلەوەی لە تەکنۆلۆژیا بترسین، باشترە لە خۆمان و لە هەندێکمان بترسین. 
یەکەم پێویستە ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکەین بەرلەوەی لەدەست دەربچێت و کێبڕکێی چەکدارکردن بە چەکی سەربەخۆی لێبکەوێتەوە.
 دووەم، دەبێ سیستمێکی دادپەروەر و ئەخلاقی ئابووری بونیات بنێین، کە زامنی خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان بکات و ئەگەرەکانی ئەوەی ژیریی دەستکرد نایەکسانی زیاترمان بۆ دەهێنێت، رەتبکەینەوە، کاتێک دەتوانین کۆمەڵگەی مرۆیی گونجاوتر و هاوکارتر پێکبهێنین، بۆ ئەوەی لێوەی ئامانجە هاوبەشەکانمانی لێوە دەستەبەر بکەین، ئەوا کۆتاییەکەی بەختەوەرییە.
ماکس تیگمارک
پرۆفیسۆر لە پەیمانگای (ماساچوس بۆ تەکنۆلۆژیا)، زیاتر لە 200 توێژینەوەی بڵاوکردۆتەوە، سەرەتاکەی بە توێژینەوەی مەیدانی دەست پێدەکات تا بە ژیریی دەستکرد دەگات. لە دەیان فیلمی دۆکوینموتای و زانستی دیار بوو، شەوقی بۆ بیری نوێ و پێشەنگیی بزنس هەیە.
سەرچاوە:
الثورة الصناعیة الرابعة بین البلوکتشین و العملات المشفرة. مجموعة من الکتاب.

رێکخستنی زمانەکان لە بواری ژیریی دەستکردا، هێشتا رێگەیەکی درێژی لە بەردەمدایە

تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکرد بە قۆناغێکی پێشکەوتوو گەیشتووە

رۆبۆتەکان، دەتوانن بەرانبەر بە یاسا زامنی یەکسانی نێوان هەموان بکەن

بابەتە پەیوەندیدارەکان