رۆشفۆرت، كارەكتەری پیاوی زیرەكە

11:25 - 2023-05-18
ئەدەب و هونەر
247 جار خوێندراوەتەوە
ژان رۆشفۆرت

رەوەز جەبار

ژان رۆشفۆرت دەرهێنەری فیلم و ئەكتەری ناوداری فەرەنسی یەكێكە لە دەنگە دیارەكانی جیهانی سینەما، چەندین فیلمی بەرهەمهێناوە.  كاری هونەری زیاتر لە شەش دەیە درێژەی كێشاوە، لەو ماوە زۆرەدا بەردەوام كاری كردووە و چالاكانە رۆڵی بینیوە، لەبەر دیدەی بینەرانی سینەمادا بووە و لە پای بەرهەمەكانی بووە بە ئەكتەرێكی ناسراو و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە: خەڵاتی لومیێرس بۆ باشترین ئەكتەر لە ساڵی 2002 و خەڵاتی سیزار تریبیوت لە ساڵی 1999 و خەڵاتی سیزار بۆ باشترین ئەكتەر، بۆ فیلمی كرابی تەپڵلێدەر، خەڵاتی باشترین ئەكتەری یەكێتی رەخنەگران، لە ساڵی 1970، هەروەها كاندید بووە بۆ خەڵاتی گۆیا بۆ باشترین ئەكتەر و خەڵاتی فیلمی ئەوروپی، خەڵاتی هەڵبژاردەی گەلی جەیمسۆن، باشترین ئەكتەر، خەڵاتی سیزار بۆ باشترین ئەكتەری پاڵپشت... چەندین خەڵاتی دیكە. 
خولیای ئەسپسواری 
رۆشفۆرت لەگەڵ نواندندا خولیای ئەسپسواری هەبووە، لە تەمەنی 30 ساڵیدا بووە لە كاتی وێنەگرتنی یەكێك لەو فیلمانەی رۆڵی تیدا بینیوە لەو ساڵەدا خولیای خۆی بۆ ئەسپ سواری دۆزییەوە. جا لەو كاتەوە برەوی  بەم خولیایەی داوە،  بەشێك لە كاتەكانی بۆ ئەسپ بەخێو كردن تەرخان كردووە  هەر ئەم خولیایەش وای لێكرد لە ساڵی 2004 ببێتە راوێژكاری ئەسپ لە تەلەفزیۆنی فەرەنسی.
گرنگی بە شانۆ داوە
رۆشفۆرت لە 29ی نیسانی 1930 لە ناوچەی بیستەمی پاریس لەدایك بووە، لە پەیمانگای نیشتمانی هونەرە دراماتیكییەكان، لیسی پیێر-كۆرنیل خوێندوویەتی. ئەم هونەرمەندە بەنواندن لەسەر شانۆ دەستیپێكردووە، تەنانەت دوای ئەوەی بووەتە یەكێك لە ئەستێرە دیارەكانی سینەمای فەرەنسیش، بەڵام بەردەوام بووە لە پێشكەشكردنی بەرهەمە شانۆییەكان و گرنگی زۆری بە شانۆ داوە و لە پاڵ كاری سینەماییدا لە شانۆشدا كاری كردووە و جێ پەنجەی دیارە. 
ساڵانی وەرچەرخان
حەفتاكانی سەدەی رابردوو بۆ ئەم ئەكتەرە ساڵانی وەرچەرخان و گەشەكردن بووە، لەو ساڵانەدا كۆمەڵێك كاری كردووە، ئەستێرەی رۆشفۆرت لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا درەوشایەوە، بەو پێیەی لەو ماوەیەدا لە سی فیلمدا رۆڵی سەرەكی گێڕا و ئەكتەرێكی دیار و بەرچاو بووە لەو سەردەمەدا و پاڵەوانی سەر شاشەكانی سینەمابووە. 
رۆشفۆرت و سیزار
سێ جار خەڵاتی سیزاری بۆ باشترین ئەكتەر بەدەستهێناوە، كە یەكێكە لە گرنگترین خەڵاتە سینەماییەكانی فەرەنسا، یەكێك لە باشترین رۆڵەكانی رۆشفۆرت  كارەكتەری پیاوی زیرەكە لە فیلمی كۆمیدی ئەو پیاوە قژ زەردە باڵابەرزە بە یەك پێڵاوی رەشەوە. ئەم فیلمە دەرهێنانی دەرهێنەری فەرەنسی ئیڤ رۆبەرتە. رۆشفۆرت لەم فیلمەدا قارەمانێتی زیاتری بەرجەستە كرد. 
لە نۆزدە ساڵیدا 
رۆشفۆرت تەمەنی نۆزدە ساڵ بوو كاتێك چووە ناو سەنتەری هونەری دراماتیك دی لا روبلانچ. دواتر پەیوەندی بە كۆنسێرڤاتۆری نیشتمانییەوە كرد. دوای تەواوكردنی خزمەتە نیشتمانییەكەی لە ساڵی 1953 لەگەڵ كۆمپانیای گرێنیەر هسینۆت وەك ئەكتەری شانۆ ماوەی حەوت ساڵ كاری كرد. پاشان بووە بە ئەكتەری تەلەفزیۆن و سینەما، هاوكات وەك دەرهێنەر كاری كردووە.
دوای هەندێك رۆڵی پاڵپشت لە فیلمەكانی كارتۆش و كاپتن فراكاس و لە فیلمی مارڤێڵۆس ئەنجێلیك، رۆشفۆرت یەكەم رۆڵی گەورەی خۆی بینی لەگەڵ ئانی جیراردۆت وەك هاوسەرەكەی و كلۆد جەید وەك كچەكەی لە فیلمی هێرس فایرز، لە ساڵی1972. دوای چوار ساڵ ئەستێرەی سەرەكی فیلمی كۆمیدی قەیرانی ناوەڕاستی تەمەن بوو كە فیلێك دەتوانێت زۆر فریودەر بێت وەك پیاوێك كە ژیانی هاوسەریی لەگەڵ دانیێل دیلۆرم دەخاتە مەترسییەوە بەهۆی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئانی دوپێری. بەهۆی سەركەوتنی ئەم فیلمە، رۆشفۆرت ناوبانگێكی زۆری بەدەستهێناوە. ئەم ئەكتەرە ناودارە لە چەندین فیلمی دیكەدا رۆڵی بینیوە. رۆشفۆرت لە ساڵی 1960 لەگەڵ ئەلێكساندرا مۆسكوا ژیانی خێزانی دروستكردووە. رۆشفۆرت لە 9ی تشرینی یەكەمی 2017 لە تەمەنی 87 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە.
ئەو پیاوە قژزەردە باڵابەرزە بە یەك پێڵاوی رەشەوە
ئەم بەرهەمە یەكێكە لەو فیلمانەی رۆشفۆرت رۆڵی سەرەكی تێدا بینیوە و سەركەوتنی بەدەستهێناوە. فیلمەكە دەرهێنانی دەرهێنەری فەرەنسی ئیڤ رۆبەرتە. ژان رۆشفۆرت و سێ ئەكتەری دیكە رۆڵی سەرەكی تێدا دەگێڕین. فیلمەكە ساڵی 1972 بەرهەمهێنراوە و كاتی فیلمەكە 90 خولەكە و زمانەكەی فەرەنسییە. فیلمێكی كۆمیدی سیخوڕی فەرەنسییە. ئەم فیلمە بەزمانی ئینگلیزی بە ناوی پیاوێك بە یەك پێڵاوی سوورەوە لە ساڵی 1985  دروستكراوەتەوە، كە تۆم هانكس و دابنی كۆڵمان رۆڵی سەرەكیان تێدا گێڕاوە.
چیرۆكی فیلمەكە
فیلمەكە چیرۆكی سیخوڕێكی فەرەنسییە، بێرنارد میلان، دووەم فەرماندەی بەشی دژە سیخوڕی فەرەنسا و لە دەرەوەیە بۆ ئەوەی لویس تۆلۆزی سەرۆكی خۆی لەكەدار بكات تاوەكو بتوانێت جێگەی بگرێتەوە. كاتێك قاچاخچییەكی هێرۆینی فەرەنسی لە نیۆرك دەستگیركراوە بانگەشەی ئەوە دەكات قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەكان ئەركێكی نهێنی بووە بە فەرمانی دژە سیخوڕیی فەرەنسی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان