گرنگی كارەكتەر و كارەكتەرسازی لە چیرۆکدا

11:29 - 2023-05-18
ئەدەب و هونەر
414 جار خوێندراوەتەوە

رەگەزەكانی چیرۆك بریتین لە "پلۆت یان گرێچن، بابەت، ناوەڕۆك، گێڕانەوە، رووداو، كات و شوێن، زمان، كارەكتەر". دیارە یەكێك لە رەگەزە هەرە گرنگەكان لە چیرۆكدا كارەكتەرە، بەبێ كارەكتەر مەحاڵە چیرۆك دروست بێت، بۆیە لێرەدا لە چەند سەرچاوەیەكەوە باسی كارەكتەرم چڕ كردۆتەوە، كاتی خۆی ئەم باسەم لە كۆڕێكی تایبەتدا پێشكەش كردووە و قسەم لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە كردووە.

محەمەد كەریم

*كارەكتەر كێیە یان چییە؟
- ئەو كەسەیە كە لە كورتەچیرۆكدا رووداوێكی بەسەر دێت و بەسەرهاتەكەی دەگێڕدرێتەوە. مەرج نییە كارەكتەر هەر مرۆڤ بێت دەشێت ئاژەڵ بێت یان ئامێربێت، یان  بوونەوەرێكی نەبینراو بێت جن یان جنۆكە.
*كارەكتەرسازی چییە؟
- بریتییە لە خستنەگەڕی مرۆڤێك یان زیاتر ئاژەڵێك یان زیاتر ئامێرێك یان جنۆكەیەك یان زیاتر لە كورتەچیرۆكدا بۆ ئەوەی بەسەرهاتی چیرۆكەكە بگرێتە ئەستۆ.
*گرنگی كارەكتەر چییە؟
- بەبێ كارەكتەر كورتەچیرۆك دروست نابێت یان نانووسرێت. هەروەكو چۆن رووداو بنەمای سەرەكی كورتەچیرۆكە كارەكتەریش بنەمای سەرەكی رووداوە. پێش نووسینی كورتەچیرۆك كارەكتەر ئامادەیە و دەبێ ئامادە بێت، دەنا كورتەچیرۆكێك لە ئارادا نابێت. كارەكتەر كورتەچیرۆكەكە دەگێڕێتەوە و بەبێ كارەكتەر گێڕانەوەش مەحاڵە. نووسەریش كە دەگێڕێتەوە دەبێتە كارەكتەر. كارەكتەر وا دەكات كورتەچیرۆكەكە لە یادەوەریی خوێنەردا بمێنێتەوە.
*جۆرەكانی كارەكتەر كامانەن؟
- كارەكتەری سەرەكی: بایەخی سەرەكی پێدەدرێت و رووداوەكە لە دەوری ئەو دەخولێتەوە. 
- كارەكتەری لاوەكی: چەند لایەنێكی چیرۆكەكە روون دەكاتەوە و دەوری تەواوكەر دەبینێت.
- كارەكتەری گۆڕاو یان چالاك یان ئەكتیڤ: كەسێكە هەم خۆی دەگۆڕێت و هەم توانای گۆڕانكاری هەیە.
- كارەكتەری وەستاو یان جامد: هەر وەكو خۆی دەمێنێتەوە و جاری وایە هەتا دەمرێت بەشێوەیەكە وەكو فەرمانبەرێك كە هەتا دەمرێت هەر فەرمانبەرە.
- كارەكتەری قاڵبی: ئەو كارەكتەرانەی كە كۆپی كارەكتەری ترن و دەبێت وەكو ئەو رەفتار بكەن بۆ نموونە دكتۆر یان مامۆستا یان قەشە یان مەلا.
- كارەكتەری بڕیار لێدراو: كارەكتەری كەسێكە لە مێژوودا رۆڵی خۆی دیوە و ئەمیش دەوری ئەو دەبینێت بۆ نموونە كارەكتەری حەللاج لە شانۆگەری دادگای فوئادی مەجید میسریدا. ئەم جۆرە كارەكتەرە زۆر لە كارەكتەری قاڵبییەوە نزیكە.
- كارەكتەری نەوعی: نوێنەری توێژێك یان چینێكە وەكو كرێكارێك یان سەرمایەدارێك دەبێت رەفتاری رەنگدانەوەی چین و توێژەكەی خۆی بێت.
- كارەكتەری تەمسیلی: سیفەتی مرۆڤە بە ئاژەڵ دەدرێت و ئەو ئاژەڵە تەمسیلی مرۆڤ دەكات وەكو كارەكتەری  كەلیلە و دیمەنە لە كتێبی كەلیلە و دیمەنەدا. 
*شێوازەكانی كارەكتەرسازی كامانەن؟
- بەشێوەیەكی گشتی دووبەشە:
- كارەكتەرسازی راستەوخۆ: بەشێوەیەكی راستەوخۆ باسی كارەكتەرەكە دەكرێت و زیاتر جەخت لەسەر شێوازی دەرەوەی دەكرێتەوە، بۆ نموونە دەڵێت پیاوێكی بەخشندەیە یان ژنێكی دەستڕەنگینە، یان پیاوێكی ئەوەندە ئازایە كون لە جەرگیدا نییە، یان مناڵێكی زیرەكە،  ئیتر نووسەر یان گێڕەوەیەكی تری ناوچیرۆكەكە باسی دەكات.
- كارەكتەرسازی ناڕاستەوخۆ یان نمایشی: نووسەر یان گێڕەرەوەی چیرۆك لە رێگەی رەفتار و بیرو بۆچوون و تەنانەت ناوی كارەكتەرەكەوە زانیاری ناڕاستەوخۆ دەدات بە خوێنەر و بەو شێوەیە بە خوێنەری ئاشنا دەكات. 
- كارەكتەرسازی ناڕاستەوخۆ بە چەند شێوازێك دەبێت:
1-  كارەكتەرسازی لە رێگای كردار یان رەفتارەوە: رەفتاری مرۆڤ رەنگدانەوەی هەستكردن و بیركردنەوە و كرداری مرۆڤە، چیرۆكنووس لە رێگەی رەفتاری ژیرانە و عاتیفی و بابەتی كارەكتەرەوە پێمان دەڵێت چ كارەكتەرێكمان لەبەردەستایە. (دەشێت لە رێگەی ناخی كارەكتەرەوە لە رەفتاری كارەكتەرەكە تێبگەین.)
2- كارەكتەرسازی لە رێگەی دیالۆگەوە: كاتێك كارەكتەری سەرەكی لەگەڵ كەسێكی تردا یان لەگەڵ چەند كەسێكی تردا دیالۆگ دەكات و باسی رووداوێك یان بەسەرهاتێك دەكەن، وردە وردە سیمای كارەكتەری سەرەكی و رووداو و چیرۆكەكەمان بۆ روون دەبێتەوە. ئەمەش وەكو بڕینی پارچەیەك لە دیالۆگی شانۆگەرییەك وایە. بێگومان شێوازی دیالۆگ یەكێكە لە شێوازە قورسەكان و دەبێت چیرۆكنووس شارەزاییەكی زۆری هەبێت بۆ ئەوەی بەسەر ئەم شێوازەدا زاڵ بێت.
3- كارەكتەرسازی لە رێگەی ناوەوە: زۆرجار ناو ناسنامەی كارەكتەر ئاشكرا دەكات، چونكە دەشێت ئەو ناوە مێژوویەكی هەبێت و لە لای خوێنەر رەگ و ریشەی هەبێت. بۆ نموونە كاوەی ئاسنگەر. هەتا ناو مۆسیقی بێت و لەسەر زمان خۆش بێت زیاتر لای خوێنەر خۆشەویست دەبێت. جاریوایە ناو هەڵگری سیفەتێكە وەكو قارەمان و هتد.
4- كارەكتەرسازی لە رێگەی دەوروبەرەوە: كاتێ باسی ئەو دەوروبەرە دەكەی كە كارەكتەری تێدا دەژی، كۆمەڵێ زانیاری دەربارەی كارەكتەرەكە دەدەی بەخوێنەر. بۆ نموونە كەسێك لە زینداندایە، یان لەبەر سینەماكان، یان لە پەیمانگایەكی مۆسیقایە یان قاچاخچییە. هتد.
5- كارەكتەرسازی لە رێگەی ناخەوە، مەنەلۆج: كارەكتەر بەبێ ئەوەی دەم بكاتەوە باسی ناخی خۆی دەكات بەبێ ئەوەی گوێگرێكی لە خەیاڵدا بێت. باسەكانی پچڕ پچڕن و بابەتی قسەكانی پەیوەندییان بەیەكەوە نییە و زیاتر لە وڕێنە دەچن.
*كارەكتەر یان كارەكتەرسازی دەبێت چۆن بێت؟
- هەر كارەكتەرێك سێ رەهەندی هەیە: یەك: رەهەندی فیزیكی. دوو: رەهەندی كۆمەڵایەتی. سێ: رەهەندی دەروونیی.
- كارەكتەر چەندە جوان وەسف كرابێت ئەوەندە چیرۆكەكە جوانتر دەكات و بەسەرهاتەكەی لای خوێنەر بایەخدارتر دەبێت. وەكو چۆن بەسەرهاتی كەسانی نزیك و ئاشنا گرنگە لامان كارەكتەری باش وەسفكراویش وایە و گرنگە لامان.
- كارەكتەر هەمیشە لە یەك دۆخدا نابێت و گۆڕانی بەسەردا دێت بە تایبەتی لە رۆماندا. رەنگە لە كورتەچیرۆكدا كەمتر ئەوە رووبدات. گرنگ ئەوەیە ئەو گۆڕانەی بەسەر كارەكتەردا دێت جێگای باوەڕ بێت لای خوێنەر.
- كارەكتەر هەیە بەپێی كار و پیشەكەی دەیناسینەوە و زانیاریمان لەسەری دەبێت بۆ نموونە دكتۆرە یان مامۆستایە یان مەلایە.
- كارەكتەر هەیە بەهۆی كردارەكانییەوە پێی ئاشنا دەبین و دەیناسین. بۆ نموونە پیاوێك دەكوژێت یان پەلاماری ژنێك دەدات.
- رەفتارەكانی كارەكتەر لاسایی دەكرێنەوە كەواتە دەبێت بەشێوەیەك دروست بكرێت كە ببێتە سەرمەشق بۆ لاساییكردنەوەی كەسانی دی بەشێوەیەكی ئیجابی.
- كارەكتەر دەبێت هەڵوێست و رەفتارەكانی سەقامگیر بێت و كاتێ دەشیان گۆڕێت دەبێت هۆكاری لۆجیكی هەبێت.
- كارەكتەر دەبێت نزیك بێت لە واقیعەوە نابێت سوپەرمان یان كەسی لەڕادەبەدەر بێت. ئەگەر توانای لەڕادەبەدەری هەبێت دەبێت باسكرابێت و قەناعەت بە خوێنەر بكرێت.
- كارەكتەری سەرەكی دەبێت بە شێوەیەكی وردتر وەسف بكرێت جیاواز لە كارەكتەری راگوزەر كە ئەو بایەخەی نییە.
- كارەكتەر بۆ رەفتارێك كە دەیكات دەبێت هۆكارێكی لۆجیكی هەبێت و نابێت رەفتارەكانی حساب بۆ كراو نەبێت. نابێت بۆ نموونە لە خۆیەوە یان بۆ خۆشیی كەسێك بكوژێت.
- گرنگە كارەكتەر بەشێوەیەك بێت كە تەنیا لەناو چیرۆكەكەدا هەبێت و نابێت كتومت رەنگدانەوەی نووسەر یان كەسێكی واقیعی بێت، چونكە ئەگەر وابێت هەم دەبێتە هۆی سەرئێشە هەم جێگای باوەڕ نابێت. 
- جاران كارەكتەر بە دوورودرێژیی وەسف دەكرا، بەڵام دواتر لە چەند سیفەتێكدا كورت كرایەوە. تا وای لێهات وەكو كەسی بێ روخسار وەسف بكرێت.
-دروستكردنی هەر كارەكتەرێك دەبێت و لە كات و شوێنێكی دیاریكراودا بێت هیچ كارەكتەرێك نییە لە دەرەوەی كات و شوێن.
- هەر كارەكتەرێك لە وشە دروستكراوە و لە دەرەوەی دەقەكە هیچ وجودێكی نییە. بۆیە تەنیا دەكرێت لەناو دەقدا باسی كارەكتەر بكرێت و هەر قسەیەك لەسەر كارەكتەر لە دەرەوەی دەق بایەخی نییە.
- هەندێ جار كارەكتەر لە دەستی نووسەر یاخی دەبێت و بە قسەی نووسەر ناكات و بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێ رەفتار دەكات ئەمەش جۆرە فێڵێكی نووسەرە.
سەرچاوەكان:
*چهار جنبە شخصیت پردازی.
* شخصیت پردازی در داستان.
* شخصیت و شخصیت پردازی در داستان.
* شخصیت.
* شیوەهای شخصیت پردازی.
* داستان و شخصیت پردازی

بابەتە پەیوەندیدارەکان