كێ بێنوێژە، ژنی خوێندار یان كەسی دژە ژن؟

10:50 - 2023-05-21
دووتوێ
1439 جار خوێندراوەتەوە

تانیا كورد میرزا*


گەرچی نیوەی دانیشتوانی هەر وڵاتێك یاخود زیاتر لە نیوەشی مانگانە سووڕی خوێنیان هەیە و شتێكی ئاساییە، سروشتی و تایبەتە بە جەستەی ژن، بەڵام هەتا ئەمڕۆ تابووە ناوەكەی، رەنگەكەی و چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵیدا و تەنانەت جەستەی ژنیش پێوەی تابووە، لە هەنگاوێكی گەورە لە بواری فێمینزم و پاراستنی ژناندا ئیسپانیا وەك یەكەم وڵات لە ئەوروپادا یاسایەكی تایبەتی بە پشووی خانمان لەكاتی سووڕی خوێنی مانگانەدا دەركرد، خانمان بەگوێرەی ئەم یاسایە بۆیان هەیە مانگانە لەم كاتەدا لە ماڵەوە بمێننەوە و كارنەكەن. یاسایەكی وەها دەبێتە هۆی رێزگرتن و قبووڵكردنی جەستەی ژن وەك خۆی، ئەوەی كە هەیە و مافەكانیان لە بازاڕی كاردا بەگوێرەی تایبەتمەندی جەستەیان دەپارێزێت. لە جیهاندا هەریەكە لە كۆریای باشوور، تایوان و ژاپۆنیش یاسایەكی لەمجۆرەیان بۆ پاراستنی خانمان هەیە. 
بەرلەوەی باس لە دیارترین سیماكانی بە تابووكردنی سووڕی خوێنی مانگانە بكەم سەرەتا كورتەیەك لە مێژووی ئەم بەتابووكردنە باس دەكەم. 
لە نیپاڵ و هیندستان هەتا ئەمڕۆش كچان و ژنان بۆیان نییە لە كاتی سووڕی خوێنی مانگانەدا سەردانی هەندێ شوێن و مەزارگە ئاینییەكان بكەن، لە نیپاڵ بۆشیان نییە دەست بەرن بۆ مەڕوماڵات، ژن لەم كاتەدا بە (پیس) لە قەڵەم دەدرێت و نابێت لە مەڕوماڵات نزیك بكەوێتەوە چونكە بەرەكەتی نامێنێت!
لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ژن لە سەردانی مزگەوت و شوێنی ئاینی لەكاتی سووڕی خوێنی مانگانەدا بێبەش دەكرێت و تەنانەت رێگەیشی نادرێت لە دڵی خۆیدا خودا بدوێنێت و لێی بپاڕێتەوە و ناوی ببات، چونكە (پیسە)! لە كەلتوری كۆنی كوردیشدا بە دایەگەورە و دایكمان گوتراوە (دەستمەكە بەناو برنج و گەنمەكەدا) چونكە بێنوێژیت.
لە ئەوروپاش بەتابووكردنی سووڕی خوێنی مانگانە رەگی مێژوویی هەیە، هەتا سەرەتاكان و ناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش ژن لەكاتی‌ سووڕی خوێندا لە شەراب و شیری دانراو دوورخراوەتەوە و پێیان وابووە بەمجۆرە كوالێتی شیر و شەرابەكە باشتر دەپارێزن! ئەمڕۆ لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپا ئەم بۆچوونە لەناوچووە، بەڵام لە ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر ماوە و لەمەش خراپتر ئەوەیە قسەشی لەسەر نەكراوە و قسەكردنیش لەمبارەیەوە بە تابووكراوە. هەتا ئەمڕۆ سووڕی خوێنی مانگانە لە هەموو دنیادا بەجۆر و رێژەی جیاجیا تابووە، لە چەند خاڵێكدا بە تابووكردنی سووڕی خوێنی مانگانە دەخرێنەڕوو؛
یەكەم: لە سەرجەم زمانە زیندووەكانی جیهاندا سووڕی خوێنی مانگانە‌ هەتا ئەمڕۆ لەژێر ناوی جیاجیادا ناودەبرێت كە وشەی (خوێن)ی تێدانییە گەرچی لە راستیدا سووڕەكە سووڕی خوێنە! لە زمانی ئینگلیزیدا وشەكانی (Period و menstrual cycle) بەكاردێت كە مەبەستی سووڕی خوێنە،‌ بەس وشەی خوێنەكە بەكارنەهاتووە، لە عەرەبیدا (الدورة الشهریة) بەكاردێت كە هەر لە زمانە ئینگلیزییەكەوە وەرگیراوە هەرچی زمانی ئەڵمانیشە‌ وشەی (دی تاگە یاخود دی پیریۆد) بەكاردێت كە ئەمیش وشەی خوێنی تێدانییە، هەرچی زمانی توركییە بەهەمانشێوە هیچ وشەیەكی نییە كە خوێنی تێدابێت و وشەكانی (ئادەت، رێگل) بەكاردەهێنن. لە زمانی كوردیدا لە هەموو ئەو زمانانەی سەرەوە كە باسكران خراپتر وشەی (بێنوێژ) بەكاردێت، لەگەڵ دەستەواژەی (سووڕی مانگانە)دا. هەریەك لەم وشانە بە تابووكردنی بابەتەكەن، ئەوە جگەلەوەی كە مانای رەتكردنەوەی جەستەی ژنیش دەدەن. رەتكردنەوەی جەستەی ژنیش واتە توندوتیژی بەرامبەر بە ژن، واتە مسۆجنی. ئەم سووڕە سووڕی خوێنە كە مانگانە یانیش دەكرێت لە كچانی خوار هەژدە ساڵدا زیاد لە جارێكیش بێت لە مانگێكدا، هەربۆیەش دەبێت بەوجۆرە ناوبنرێت كە هەیە بەبێ شەرم، بەبێ گۆڕین.
دووەم:خانمان هەتا ئەمڕۆش لەكاتی كڕینی سانتی و تامپۆندا شەرم دەكەن و بە ئاشكرا نایگرن بەدەستیانەوە و بە ئاشكرا نایخەنە بەردەم كاسەكە،‌ لەبری ئەمە دەیانكەن بەژێر كەلوپەلیترەوە تا كەس نەیانبینێت.
سێیەم: ئازاری سووڕی خوێنی مانگانە دەشارنەوە، یان هەر باسی ناكەن و لە چالاكی رۆژانە بەردەوام دەبن یانیش وەك ئازاری چاو و ددان وەسفی دەكەن هەتا كەس پێیان نەزانێت.
چوارەم: كاتێك خانمان لە دەرەوەن و تامپۆنیان پێنییە بە چپەوە هاوڕێیەكیان دەبەنە پەناوە و داوای تامپۆنی لێدەكەن، وەك ئەوەی باسی بابەتێكی قەدەغە و تاوانێك بكەن!
پێنجەم: لەكاتی ریكلامكردن بۆ سانتی و تامپۆندا رەنگی شین لەبری رەنگی سوور بەكاردێت ئەمەش بەتابووكردن و رەتكردنەوەی راستییەكی بایلۆجی و تایبەتمەندیەكی جەستەی ژنە، خوێن رەنگی هەیە، رەنگەكەی سوورە جا خوێنی لووت بێت یانی هی سووڕی خوێنی مانگانە. 

چیبكەین بۆ شكاندنی ئەم تابووە؟
دەبێت لەسەر ئاستی تاك و ئاستی دەوڵەت كار بۆ نەهێشتنی تابووی سەر سووڕی خوێنی مانگانە بكرێت، تاكەكان دەبێت هەندێك هەنگاو بهاوێژین هەتا چیتر سووڕی خوێنی مانگانە كە پەیوەندی بە جەستەی نیوەی كۆمەڵگەوە هەیە تابوو نەبێت، دەوڵەتیش دەبێت هاوكات ئەركی خۆی بەرامبەر بە خانمان بەجێبگەیەنێت و بە دەركردنی یاسای تایبەت پشتیوانیان بكات و بیانپارێزێت.

لەسەر ئاستی تاك
دەبێت ناوەكەی لە سووڕی مانگانەوە بكرێتە سووڕی خوێنی مانگانە و شەرم لە گۆكردنی وشەی خوێن نەكرێت.
خانمان چیتر كڕینی تامپۆن و سانتی نەشارنەوە و نەیخەنە ژێر كەلوپەلیترەوە، چیتر پێویست ناكات ئازاری سووڕی خوێنی مانگانە وەك ئازاری چاو و گوێ باسبكرێت و دەبێت وەك ئازاری سووڕی خوێنی مانگانە وەسفبكرێت، لەكاتی ریكلامكردندا بۆ ئەم پێداویستیانە چیتر رەنگی شین بەكارنەهێنرێت و لەبری ئەوە بكرێتە سوور، چونكە خوێن سوورە ئەمەش عەیبە و شورەیی نییە.

دایكان و باوكان و خێزانەكان چی بكەن؟ 
بەر لەم قۆناغە قسە لەگەڵ منداڵەكانیان بكەن و لە گۆڕانكارییە جەستەیی و هۆرمۆنییەكان ئاگاداریان بكەنەوە. دەبێت بابەتەكە وەك بابەتێكی جدی، بایۆلۆجی و زانستی باس بكرێت و نابێت بكرێتە بابەتی نوكتە و پێكەنین، نابێت منداڵەكان بترسێنرێن و دەبێت راستیان لەمبارەیەوە پێبوترێت و بۆیان روونبكرێتەوە چۆن خاوێن خۆیان رابگرن و چۆن سانتی و تامپۆن بەكاربێنن.
دەبێت پێداویستی تەواوی سووڕی خوێنی مانگانەیان بۆ بكڕدرێت و لە تاكی تایبەت بەخۆیاندا بۆیان دابنرێت و جانتای بچووكی تایبەت بەم كەلوپەلانەیان بۆ ئامادەبكرێت بۆ ئەوەی لەدەرەوە پێیان بێت، دەبێت دایك و باوك پشتیوانی خۆیان بۆ منداڵەكانیان دووپات بكەنەوە و داوایان لێبكەن كە ئازاریان هەبوو قسەبكەن، دەبێت ئەندامەكانی خێزان ئاگاداربكرێنەوە كە ژن و كچەكان لەناو خێزاندا مانگانە پێویستیان بە هاوكاری دەروونی و جەستەیی هەیە بەبێئەوەی ئەمە وەك تانە یان وەك منەت بدرێتەوە بەچاوی خانمان و كچاندا.

دەوڵەت چی بكات؟
حكومەت دەبێت یاسای تایبەت بداتە پەرلەمان كە سەرجەم ئەو ژن و كچانە بگرێتەوە لەم قۆناغەدان و لەم كاتەدا پشووبدەن و كارنەكەن. دەبێت تامپۆن و سانتی بۆ سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن بە بێبەرامبەر دابینبكرێت بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی جەستەی خانمان و بەرەنگاربوونەوەی (هەژاری سووڕی خوێنی مانگانە). دەبێت لە قوتابخانەكاندا وانەی تایبەت بە سووڕی خوێنی مانگانە بخوێنرێت و چۆنیەتی خۆ ئامادەكردن بۆ ئەم قۆناغە بۆ منداڵان باسبكرێت بەبێئەوەی بابەتەكە بكرێتە نوكتە و گاڵتەجاڕی یاخود وەك بابەتی سێكسی وروژێنەر باسبكرێت.

*ماستەر لە یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و دەستوور، راهێنەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵان

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان