یادەوەریی وەرزشی

11:38 - 2023-05-22
وەرزش
191 جار خوێندراوەتەوە

خەسرەو گورون
77

لە دوو ژمارەی پێشووی زنجیرە باسەكانمدا سەبارەت بە یانەی سلێمانی و هەڵبژاردەی سلێمانی، باسی دوو یاریی هەڵبژاردەی سلێمانیم كردبوو لە خولی تۆپی پێی هەڵبژاردەی شارەكانی (ناوچەی ئۆتۆنۆمی ئەوسا) كە هەرسێ هەڵبژاردەی سلێمانی و هەولێر و دهۆك تیایدا بەشدارییان كرد و دهۆك یەكەم بوو.
ئێمەش وەك هەڵبژاردەی سلێمانی دوویارییمان كرد، یەكەمیان 1-3 بەهەولێر دۆڕاین و دووەم یارییشمان هەرلەگەڵ هەولێر بوو، بەڵام تەواو نەكراو ئێمە بەدۆڕاو دانراین.
لەدوای ئەم خولە، یانەی سلێمانی خۆی كۆكردەوە بۆ بەشدارییكردن لە خولی پلەدووی یانەكانی عیراقدا بۆ وەرزی 1989-1990، ئێمە وەك یانەی سلێمانی لە گروپی باكووردا بووین، بۆ خۆ ئامادەكردنیش سەرەتا كاك سەعدی غەریب كرا بەراهێنەری تیپی یانەی سلێمانی، پێش ئەوەی یارییەكانی خولەكەش دەستپێبكات، یارییەكی دۆستانەمان لەگەڵ تیپی (ئەلعابی هێزی 50) ی سوپای عیراقدا كرد. 
یارییەكەمان رۆژی 27/10/1989 لە یاریگای سلێمانی كرد، سەعات 4ی عەسر دەستیپێكرد، هاندەران زۆر نەبوون، ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی بە درێسی سپی و (ئەلعابی هێزی 50)ی سوپای عیراقیش بە درێسی زەردەوە یارییان كرد.
خوالێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان سەرپەرشتیاری تیپەكە بوو، خوالێخۆشبوو دكتۆر عەتاش وەك چارەسەركەر لەگەڵمان بوو، ئێمە بە پلانی 4-4-2 یارییمان كرد و پێكهاتەكەشمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی:هیوا محەمەد.
*بەرگری:داخل جەبار، خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، نەوزاد مستەفا، سۆران ئەحمەد.
*ناوەند:كەریمە سوور، ئازادی حاجی مەلا شەریف، شوان عەتوف، جەعفەر تۆفیق.
*هێرشبەر:بەكری شێخ مستەفا، بەختیار رەشید.
لە بەر ئەوەی یارییەكە دۆستانە بوو گۆڕانكاری زۆر كرا، لەلایەن ئێمەوە راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەی كرد:سەلامی گۆڵچی دوكان بۆ شوێنی هیوا، گۆرانی مەحمود حاجی بۆ شوێنی نەوزاد، جەلالی كانیاو بۆ شوێنی ئازاد، موحسینی هەڵەبجە بۆ شوێنی كەریم، ئالان قادر یابە بۆ شوێنی بەكر، تەهای بابان بۆ شوێنی بەختیار، یارییەكەش بەیەكسان بوونی هەردوولا 0-0 كۆتاییهات.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان