جۆشوا كیمیچ لە نێوان بگرەو بەردەی بارسا و بایرندا

11:48 - 2023-05-22
وەرزش
251 جار خوێندراوەتەوە

ماوەیەكە باسی رۆیشتنی جۆشوا كیمیچ یان یۆزوا كیمیچی یایزانی نێودەوڵەتی ئەڵمانی و یانەی بایرن مونشن لەئارادایە و زۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندن باسی ئەوە دەكەن كە یانەی بارسیلۆنا نیازی كڕین و دەستەبەركردنی ووزەو تواناكانی ئەم یاریزانەی هەیە.
كیمیچ یاریزانێكی لاوی هێڵی ناوەندە، جگەلەمەش دەتوانێت لەسەرجەم شوێنەكانی تری هێڵی ناوەنددا یاریی بكات، بەوە ناسراوە زیرەكەو خاوەنی تەكنیكێكی بەرزە و لە ناو یاریگادا زۆر ئارامە و كاردانەوەی زۆر زیرەكانە و لێهاتووی بەرامبەر رووداوەكانی یاریی هەیە.
ئەم یاریزانە سەرەتا لە یانەی شتوتگارتەوە دەركەوتووە، لەنێوان ساڵانی 2007 تا 2013 لەم یانەیە یاریی كردووە، دواتر چۆتە یانەی لایبزیگ، ساڵی 2015 یانەی بایرن مونشنی هەڵبژاردووەو تائێستا لەو یانەیە یاریی دەكات و بۆندەكەشی تا ساڵی 2025 –ەو یانەی بایرن بە نیاز نییە وا بەئاسانی دەستبەرداری ئەم یاریزانە بێت.
 سێرجیۆ بۆسكێتسی یاریزانی هێڵی ناوەنی یانەی بارسیلۆنا بڕیاریداوە ئەم وەرزە كۆتا وەرزی یارییكردنی بێت لەگەڵ یانەكەی، بۆیە هەر لەئێستاوە بارسا چاوی بڕیوەتە كیمیچ بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی ئەم یاریزانە لەو شوێنەی تیپەكەدا دروستیدەكات، هەرچەندە دی یۆنگ هەیە كە بتوانێت ئەو جێگایە پڕ بكاتەوە، بەڵام بارسا دەیەوێت بە  یاریزانێكی لێهاتووی خاوەن ئەزموونی یانەیەكی ناودار ئەو جێگایە پڕ بكاتەوە.
ئێستا بارسیلۆنا دەیەوێت بەگەرمی بچێتە بازاڕی هاوینەی كڕینی یاریزانانەوە و كاری یەكەمیان جێگرەوەی بۆسكێتسەو پاشان گەڕاندنەوەی مێسی دەبێت، بۆ ئەمەش رابیتەی لالیگایان ئاگادار كردۆتەوەو و بۆئەمەش بەرنامەیەكیان داوە بە رابیتەكە تا ئەوان بۆ ئەو پرۆسەیە رەزامەندی بنوێنن.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیاو ئەڵمانیا، كیمیچ لە یانە باڤارییەكە هەست بە ئارامی و ئاسودەیی ناكات، لە ژوری خۆگڕینیشدا دڵخۆش نییەو یاریزانەكانی هاوڕێی ئەمەیان دووپات كردۆتەوە، باسی ئەوەش دەكرێت كە ئەم یاریزانە نیازی وایە ئەم وەرزە كۆتا وەرزی بێت لە یانەكەی و دەیەوێت بەهەر شێوەیەك بووە بچێتە یانەیەكی تر، هەرلەبەر ئەمەیە یانەی بارسیلۆنا لەسەر خەتەو بارساو كیمیچ دەیانەوێت بەهەمان شێوەی لیڤاندۆڤسكی وەرزی ئایندە كیمیچیش ببێتە یاریزانی بارسیلۆنا.
یانەی بارسیلۆنا بۆ پڕكردنەوەی جێگای بۆسكێتس تەنیا چاوی لە كیمیچ نییە، بەرنامەی دانراویان بەجۆرێكە چەند یاریزانێكیان كردۆتە ئامانج، یەكەمیان سوفیان ئمبرابیتی یاریزانی نێودەوڵەتی مەغربییە كە نرخەكەی لەنێوان 20 تا 22 ملیۆن یۆرۆیە، دووەمیان مارتن زوبیمیندی یاریزانی هێڵی ناوەندی یانەی ریاڵ سۆسیدادە، ئەم یاریزانەش نرخەكەی دیار نییە بەڵام باسی كەسری عەقدەكەی دەكرێت كە 60 ملیۆن یۆریە، پاش ئەمان ئینجا باسی كیمیچ هاتۆتە ئاراوەو بارسیلۆنا زۆر بەگەرمی باسی ئەم یاریزانە دەكات و رەنگە هەموو هەوڵەكانی بۆ كڕینی كیمیچ بخاتە گەڕ و تا دوا هەوڵ بڕوات، ئەگەر ئەم نەبوو ئەوسا مرابت یان زوبیمیندی بگاتە ئەگەری دووەم و سێیەم.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان