زیاد جەبار: ئەركمانە وەك پەرلەمانتار رێگریی لە كاری نایاسایی بكەین

11:18 - 2023-05-23
کوردستان
429 جار خوێندراوەتەوە

فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، رێگریی لە كارێكی نایاسایی و پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەكات و سەرۆكی فراكسیۆنەكەش دەڵێت: «هەر كاتێك سازان دروستدەبێت، پارتی هەوڵی تێكدانی دەدات».
زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، رایگەیاند: «پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر كاتێك لێكنزیكبوونەوە لەنێوان یەكێتی و پارتی دروستبووبێت، كارێكی نایاساییان كردووە و هەوڵیانداوە ئەو نزیكبوونەوەیە كۆتایی پێبهێنن و لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی 21/5 بڕگەیەكیان بۆ كارنامەی دانیشتنی دوێنێ 22/5ی پەرلەمان زیادكرد، كە تەواو نایاسایی بوو، هەروەها پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بوو». وتیشی: «سكرتێری پەرلەمان، كە لە پێكهاتەكانە، رۆڵێكی خراپی بینیوە و بۆتە هۆكاری دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە هەرێمی كوردستان و ئەگەر ئەو نەبوایە بارودۆخی هەرێمی كوردستان هەرگیز نەدەگەیشتە ئەو بارودۆخە، بۆیە ئەركی خۆمانە وەك ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رێگریی لە هەر كارێكی نایاسایی لە پەرلەمان بكەین، جێی دەستخۆشیشە كە سەرۆكی پەرلەمان رێگریی لەو كارە نایاساییە كرد و دانیشتنەكەی دواخست».
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، دەڵێت: «فراكسیۆنی پارتی بە سیناریۆ و بە نایاسایی ویستیان ئەو بڕگەیە تێپەڕێنن، كە بە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆوە خستیانە كارنامەی دانیشتنەوە، بەڵام فراكسیۆنی یەكێتی دژی ئەو نایاساییە وەستایەوە و رێگەی نەدا ئەو بڕگە نایاساییە تێپەڕێنرێت». وتیشی: «ئومێدمان هەبوو كە ئەو ئاشتەواییە لەسەر پرسی هەڵبژاردن بە گشتی و كورسیی كۆتاكان بەتایبەتی بەردەوام بێت، بەڵام دوای كۆبوونەوەی وەفدی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە پیرمام، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان گەڕایەوە پەرلەمان و ئەو بڕیارە نایاساییەی دەركرد، فراكسیۆنی یەكێتی بەردەوام دەبێت لەسەر هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن كە داوای لایەنەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستانە، رێگەش نادەین هەڵبژاردن بەو یاسا كۆنە بەڕێوەبچێت».

PUKMEDIA

# پەرلەمانی كوردستان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان