قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە ئەندامێکی خێزانی شاهانەی بەریتانیا دەکات

02:41 - 2023-05-23
کوردستان
189 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازیکرد لە خاتوو سۆوفی، ئەندامی خێزانی شاهانەی بەریتانیا و دۆچێسی ئێدینبێرگ و پێکەوە باسی دواپێشهاتەکانیان کرد. 

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 23ی ئایار لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوەچوو، باڵیۆز و کونسوڵی گشتی بەریتانیا ئامادەیبوون، تیشک خرایە سەر چەند بابەتێکی هەنووکەیی. قوباد تاڵەبانی سەردانی خاتوو سۆوفی وەک ئەندامێکی کاریگەری خێزانی شاهانەی بەریتانیا بۆ هەرێم بە گرنگ وەسف کرد.

پرسی مافی ژنان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی یەکێک بوو لەو تەوەرانەی باسکران، قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە کە؛ لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەنگاوی باشیان ناوە بەئاڕاستەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و نەهێشتنی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانمان تەنها بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان نییە، بەڵکو کارمان بۆ ئەوە کردووە کە پەرە بەتوانای گەنجان و ژنان بدەین بۆ ئەوەی ببنە بەشێکی کاریگەرتر لە کۆمەڵگەدا.

هەروەها باس لە گرنگیی چارەسەری دەروونی بۆ ئەو کەسانەی لە جەنگ و کارەساتەکان رزگاریان بووە کرا و لەوبارەیەوە باس لە چۆنێتی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی بەریتانیا کرا؛ قوباد تاڵەبانی داوای کرد هاوکارمان بن چونکە لە هەرێمی کوردستان پێداویستییەکی زۆری لەو رووەوە هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان