هۆشیاریی یاسایی سەبارەت بە مافی مناڵ

11:54 - 2022-04-27
کەلتور
516 جار خوێندراوەتەوە

کـەمال ئەحمەد

1
بە گـرتن سزادەدرێ، کە لە (سێ ساڵ) زیاتر نەبێ‌، یـا بە غەرامەیەک کە لە (225,000) دووسەد و بیست وپێنج هەزار دینار زیادتر نەبێ، ئەمەی بە خۆی یان لە رێی یەکێکی ترەوە، کەسێک بخاتە مەترسییەوە کە تەمەنی نەگەشتبێتە پازدە ساڵیی، یان کەسێک کە بە هۆی باری تەتدروستیی یان دەروونیی، یان هۆشەکیی، توانای خۆپاراستنی نەبێت. 

2
بە گـرتن سزادەدرێ، گەر تاوانەکە لە رێی جێهێشتنی منداڵێک یان پەککەوتەیەک بێت لە شوێنێ، کە کەسی لێ‌نەبێت. یان تاوانەکە لە لایەن یەکێک لە بنچینەکانی قوربانیی‌یەکەوە کرابێت. یان لە لایەن ئەو کەسەوە کرابێت کە چاودێریی ‌و پاراستنی لە ئەستۆی ئەو دایە. گەر تاوانەکە کەمئەندامبوون یان مردنی لێ‌بکەوێتەوە بەبێ ئەوەی مەبەستی بێت، بە سزای بڕیاردراو کە بۆ تاوانی لێدان، یان کەمئەندامبوون یان مردن لێ‌بکەوێتەوە سزادەدرێ ــ بە گوێرەی دۆخەکان ــ هەمان سزای دەبێ، گەر خستنەبەر مەترسیی مەبەست منداڵ یان پەککەوتەی لە خۆراک یان چاودێریی لەو چاودێرییکردنەی کە باری ئەو کەسە پێویستییەتی، لێ بکەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەی تاوانکار بە گوێرەی یاسا یان رێککەوتن، یان نەریتی باوی کۆمەڵ پاپەندکرابێ بە بەخێوکردنی قوربانییەکە.

راستکردنەوەی هەڵەی باوی ناو خەڵک
زۆرینەی خەڵک بە هەڵەداچوون لەوەی وادەزانن، مناڵ و پیر و پەککەوتە و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەگەر یاسا یان عورفی باوی کۆمەڵایەتیی رێیدابن لە ئامێزیان بگرن یان بەخێویان بکەن ‌و چاودێریان بکەن، ئیتر خۆیان سەرپشکن لە شێوازی ئیدارەدان و بەخێوکردنی ئەو مناڵ و پیر و پەککەوتانە. پێیانوایە بێ خەمن‌ و چۆنیان بوێ دەتوانن وا مامەڵەیان لەگەڵ بکەن. بە داخەوە لەمەدا کەمتەرخەمیی ئەهلی عیلم و یاساناسە بەڕێزەکانیش بەدەردەکەوێ، بۆ نموونە لە بابەتی دایەنیی مناڵ‌دا دەڵێن وەلی ئەمری مناڵەکە ناتوانێ بڵێ پەنجەیەکی مناڵەکە خوێنی لێ بێت، دایەنی مناڵ یان ئەوەی ئەرکی چاودێرییکردنی مناڵی لە ئەستۆدایە، لێی بەرپرسە. لە کاتێکدا ئەگەر بچووکترین زیانی جەستەیی و دەروونیی‌ و تەنانەت پەروەردەیی بە مناڵ بگات، جگە لەم مادەیە، وەلی ئەمری مناڵ یا ئەوەی بە پێی یاسا نوێنەرایەتیی دەکات، دەتوانێ بە ماددەکانی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی (2011) لە هەرێمی کوردستان، کە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی‌یە و لە (دە ماددە) و چەندین بڕگە و خاڵی یاسایی پێکهاتووە. بەم یاساسە بکەرانی ئەو تاوانە ڕووبەڕووی یاسا و سزادان بکرێنەوە. بەڵام ئەم یاسایەش کۆمەڵێک کەموکورتیی تێدایە، بۆ وێنە (ماددەی دووەم/ بڕگەی یەکەم/ خاڵی پێنجەم) (بڕینی پەیوەندیی خزمایەتیی) بە توندوتیژیی خێزانیی هەژمار کردووە، کە ئەمه سەغەراتێکە و دەشێ سووئـئیستیفادەی لێ بکرێ بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی مناڵ و پیر و نەخۆش و پەککەوتە و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بە بیانووی نەبچڕاندنی پەیوەندیی خزمایەتییەوە زیان بەو توێژەی کۆمەڵ بگەیەنرێت.
بۆیە لەم حاڵەتانەدا، نابێ مناڵ و پیر و پەککەوتە و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بخرێنە ژینگە و دۆخی مەترسییداری ئاواوە.
چونکە رۆژانە لە میدیاکان و سۆشیال ‌میدیاوە چەندین حاڵەتی نەخوازراو دەبینین لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان و کەرکووک و شوێنەنانی تر. دەبێ، بەر بە روودانی کارەساتەکان بگیرێ، وەگەرنا کە کارەساتێ روویدا بۆ سزادانی تاونبارەکان، لە یاسادا سەلماندن دێتە ئاراوە. ئینجا هەم سزادان بێ سوودە، هەم لایەنی تاوانبار چەندین رێگای ساختە و شایەتیی ناڕاست‌ و رێگەی تەزویر دەگرنەبەر بۆ خۆقوتارکردنیان لە سزادان. بەڵام خۆشبەختانە هەر هەمان یاسای قەدەغەکردنی توندوتیژیی خێزانی لە (ماددەی هەشتەم)دا بە دەق هێناویەتی ‌و دەڵێ: 

ماددەی هەشتەم
حوكمەكانی یاسای سزادانی عیراقیی ژمارە (111)ی ساڵی (1969)ی هەمواركراو ‌و یاسای بنەماكانی دادگاییكردنی سزایی ژمارە (23)ی ساڵی (1971)ی هەمواركراو ‌و یاسای هەمواركردنی جێبەجێ‌ كردنی یاسای باری كەسێتیی ژمارە (15)ی ساڵی (2008)و یاساكانی تری بەركار لە هەرێم جێبەجێ‌ دەكرێت ئەگەر هاتوو دەقی لە سەر نەهاتبوو لەم یاسایەدا».
ئەم ماددەی هەشتەمی یاسای بەرەنگابوونەوەی توندوتیژیی خێزانییە، سنووری روودانی توندوتیژیی‌ بەرتەسک کردۆتەوە و، هەروەها سنووری رووبەڕووکردنەوەی بکەرانی تاوانی لەم بوارەدا فراوانتر کردووەو دەستی دادوەرە بەڕێزەکانی زیاتر ئاوەڵا کردووە بۆ سزادانی بکەرانی ئەو تاوانانە.

پێشنیار
خۆزیا، یاساناسان و ئەندامانی پەڕلەمان و بە تایبەت ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەڕلەمان، بڕگەی دووەمی ماددەی (383)ی یاسای سزدانی عیراقییان هەموارکردایەتەوە و بڕی ئەوغەرامەیان زیاتر بکردایە، کە بۆ بکەرانی تاوانەکە دیارییکراوە. یان گرتن و غەرامەیان پێکەوە ببەستایەتەوە. نەک هەر یەکەیان جێگرەوەی ئەوی تریان بێت، وەک ئەوەی ئێستا لە یاساکەدا هەیە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان