هەڵمەتی سەوزکردنی کوردستان ناحیەی ئاغجەلەری گرتەوە

06:16 - 2023-05-24
کوردستان
282 جار خوێندراوەتەوە

هەڵمەتی رواندنی یەک ملیۆن نەمام ناحیەی ئاغجەلەری گرتەوە و لەو چوارچێوەیەدا و لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵمەتی نیشتمانی سەوزکردنی کوردستان بەردەوامە. 

رۆژی چوارشەممە 24/5/2023  دوای تەواوکردنی کاروبارەکانی دانانی سیاجی پێویست بۆ پڕۆژەکە لەپێناوی پاراستنی نەمامەکان و دارستانەکە لەهەر زیادەڕەوییەک، هەڵمەتی رواندنی نەمام لەنێو پڕۆژەی دارستانی ئاغجەلەر سەر بەبەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی بەڕێوەچوو.
لەمیانی بەشداریکردنی لەهەڵمەتەکەدا، رەمەک رەمەزان قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بەناوی ئیدارەی ناوچەکەوە دەستخۆشی لەو هەنگاوەی سەرۆک بافڵ کرد و بەهەوڵێکی گرنگی زانی بۆ سەوزکردنەوەی ناحیەکە لەپێناوی فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ دانیشتوانی ناوچەکە بەتایبەت کە لە سەردەمی رژێمی لەناوچوودا رووبەڕووی نەهامەتییەکی زۆر بوونەوە و ئەم هەنگاوەش یەکێکە لەو خزمەتانەی کە پێشکەشی هاووڵاتیانمان دەکرێت.
ئارام حازم لێپرسراوی هۆبەی دارستان و پاوانی چەمچەماڵ رایگەیاند هەڵمەتەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دارستانی ئاغجەلەری دووبارە ژیاندەوە بەتایبەت کە زیاتر لەدە ساڵە کاری تێدا نەکراوە وتیشی بەدروستکردنی پەڵەی دەستکرد و چاندنی ئەو جۆرە نەمامانەی لەگەڵ ژینگەی ناوچەکەدا دەگونجێت زامنی سەرکەوتنی هەوڵەکانمان کردووە بۆ سەوزکردنی.
ئارام حازم بەناوی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی یەوە سوپاسی پێشوازی و بەتەنگەوە هاتنی بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر و شارەوانی و کشتوکاڵی کرد بۆ پەرۆشییان تا هەڵمەتی سەوزکردنی کوردستان ناوچەکەیان بگرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان