ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری رێكخستنەوەی دارایی گشتی و بەناوەندیكردنی مووچەی پەسەندكرد

09:46 - 2023-05-25
کوردستان
191 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران و بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوە تایبەتبوو بە خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 و گفتوگۆكردن لەسەر ئەو مادە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، كە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە 2/5/2023 هەندێك لە مادەكانی هەمواركرایەوە و لەناویشیدا گۆڕانكاری لە مادەی 12 و لابردنی ئەو دەستەواژەیەی مەترسی بوو لەسەر ناردنی شایستەی دارایی هەرێم.
لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە هەوڵی چەند ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران درا، كە هەوڵی هەمواركردنەوەی مادەكانی 13 و 14یان دا و پێشنیازەكانیان دژی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستانە، كە رێكەوتنی لەسەر كراوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم و فیدراڵ پەسەندكراون و لەچوارچێوەی رێكەوتنی 4/4/2023 و پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق، جێگیركراون.
سەرۆك وەزیران، كورتەیەكی دەربارەی دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ خستەڕوو، كە دەرئەنجام رێكەوتننامەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵی لێكەوتەوە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی هەردوولا و لەسەر بنەمای دەستوور و دابینكردنی شایستەی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، بۆیە دەبێت پەلەبكرێت لە پەسەندكردنی بودجە و رێز لە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگیرێت و هیچ هەمواركردن و گۆڕانكارییەك لە پڕۆژەكە نەكرێت لە دەرەوەی بڕگەكانی رێكەوتن و لەیەكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا. دووپاتیشیكردەوە كە هەرێمی كوردستان، هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە، بۆیە لەبەرامبەردا حكومەتی فیدراڵیش دەبێت ئەركی سەرشانی جێبەجێبكات و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عیراق دابین بكات. بۆ ئەمەش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا كە وەفدی دانوستانكار بەردەوامبێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ رێگریكردن لە هەر هەوڵێك بە ئاڕاستەی پێشێلكردنی ماف و شایستەكانی هەرێم، كە دەستوور جێگیری كردوون و لەناو رێكەوتنی نێوان هەردوو حكومەت و پڕۆژەیاسای بودجە رەنگیانداوەتەوە.
سەبارەت بە شایستەی دارایی هەرێم لە پێنج مانگی ئەمساڵدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندكرد بە ناردنی نووسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا، بۆ كاركردن بە مادەی 13 لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی ساڵی 2019، بە رەوانەكردنی یەك لەسەر دوانزەی خەرجییە كردارییەكانی هەرێم لە ساڵی پێشوو، كە لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینی كراوە، هاوشێوەی ئەو میكانیزمەی كە خەرجییەكانی پارێزگاكانی دیكەی عیراقی پێ خەرج دەكرێت لە 1/1/2023وە و نابێت جیاكاریی بكرێت لەنێوان هەرێم و ناوچەكانی دیكەی عیراق، هەرێمیش ئامادەیە بۆ هەر پابەندییەك بكەوێتە ئەستۆی لەبەر رۆشنایی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی.
لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆكرا لەبارەی دانانی میكانیزمی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێم.
دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە و پێشنیازكردنی چەند هەمواركردنێك، ئەنجومەنی وەزیران بەكۆی دەنگ سەرجەم بڕگەكانی بڕیارەكەی پەسەندكرد بە رەچاوكردنی ئەو هەموارانەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران كراون. لەوبارەیەوە، سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران، گرنگی ئەم بڕیارەیان دووپاتكردەوە كە جارێكی دیكە بنەماكانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاڕاستەی بەناوەندییكردنی داهات و خەرجییەكان و بەناوەندییكردنی مووچە لەسەرتاسەری هەرێم، كە كاری لەپێشینەی بێت پێش هەر خەرجییەكی دیكە و پەیڕەوكردنی یەكسانی و ژمارەی دانیشتوان بۆ خەرجییەكان (جگە لە مووچە) نەك پەیڕەوكردنی دابەشكردنی رێژەكاریی لەسەر ئاستی داهاتی پارێزگا. بۆ ئەوەش سەرجەم وەزیرەكان راسپێردران لە ئێستاوە پلانی جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم بڕیارە دابڕێژن و بۆ زەمانەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەش، بۆردێكی باڵای پشتیوانی پێكهێنرا بۆ ئاسانكاری و لابردنی بەربەست و ئاستەنگەكان.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، رەشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستی لە هەرێم لەلایەن وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان خرایەڕوو، كە ئامانج لێی بەرزكردنەوەی ئاستی دامەزراوە تەندروستییە گشتییەكان و خزمەتگوزارییەكانیانە، بۆ ئەوەش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا كە دەرفەت بدرێت بە ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرانی گشتیی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان تا دواخستنەڕووی بۆ بكەن، تا ئامادەبكرێت بۆ دەنگدانی كۆتایی لەسەری.

سەرچاوە: پێگەی ئەلیكترۆنی حكومەتی هەرێم

بابەتە پەیوەندیدارەکان