دۆخی خوێندن و كارگێڕیی خوێندنگەكان

10:12 - 2023-05-25
ڕاپۆرت
405 جار خوێندراوەتەوە
کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی قوتابخانەیەکی بنەڕەتی

یەكێك لەو گرفت و ئاستەنگانەی ساڵانێكە لەگەڵ دەستپێكی پڕۆسەی خوێندندا، لە بەشێك لە قوتابخانە و خوێندنگەكان سەرهەڵدەدات و دەبێتە بەربەست لەبەردەم رایكردنی ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەكی ئەرێنی و خوازراو لەچوارچێوەی حەرەمی خوێندندا، بریتییە لە ناتەبایی و پێكەوە هەڵنەكردنی دەستەی كارگێڕی قوتابخانە و خوێندنگەكان لەگەڵ بەشێك یاخود زۆرینەی دەستەی مامۆستایاندا.

قووڵبوونەوەی گرفتەکان

 ئەمەش لە باكگراوندی كۆمەڵێك هۆكاری جۆراوجۆرەوە سەرهەڵدەدات، بەشێكیان پەیوەستن بەبێ دیسپلینی و نا بابەتیبوونی دەستەی كارگێڕی لە رایكردنی كارەكان و مەیلی خۆپەرستی و نەبوونی هونەری مامەڵەی دروست لەگەڵ دەستەی مامۆستایان و گوێ نەگرتن لە خواست و داواكارییەكانیان و پەیڕەوكردنی نیەتی تاكڕەوی لە پێشنیاز و بڕیارەكان و بە خراپ سوود وەرگرتن لەو پۆستە لەڕووی بەرژەوەندی تایبەتییەوە.

هەڵبەت مانەوە و درێژەكێشانی ئەو دۆخەش وادەكات بە تێپەڕینی رۆژ و هەفتە و مانگەكان ئەو گرفت و ئاریشەیە قووڵتر ببێتەوە و لە دواجاردا بایكۆت و مانگرتنی دەستەی مامۆستایان یاخود هەڵمەتی ئیمزا كۆكردنەوەی لێبكەوێتەوە لە دژی دەستەی كارگێڕی قوتابخانە و خوێندنگە یاخود سەربكێشێت بۆ كێشەی گەورەتر لەوە و ببێتە هۆی ئەوەی بە یەكجاری پڕۆسەی خوێندن لەو ناوەندەدا پەكی بكەوێت.
بەردەوامی ململانێکان
بەداخەوە هەموو ساڵێك دەبیستین و دەبینین لە ژمارەیەك ناوەندی خوێندندا، لەژێر گوشاری زۆرینەی دەستەی مامۆستایاندا، ژمارەیەك بەڕێوەبەر یاخود یاریدەدەر ناچاردەكرێن واز لە پۆستەكانیان بهێنن و دەست لەكاربكێشنەوە.
ئەمەش كاتێك روویداوە گرفتی نێوان دەستەی كارگێڕی و دەستەی مامۆستایان لە چوارچێوەی دژایەتی کردنێکی ئاساییدا نەماوەتەوە و نمایەكی پڕ لە ناكۆكی و ململانێی توندی لێكەوتۆتەوە، ئەمەش زیانێكی دوو لایەنەی هەبووە، لەلایەكەوە بۆ ماوەیەك پڕۆسەی خوێندنی لەو ناوەندانەدا راگرتووە بەوپێیەی جۆرێك لە فەوزا لە بواری كارگێڕیدا دروست بووە و نەتوانراوە بە ئاسانی كەسێكی گونجاو لەجێگەی بەڕێوەبەری بەزۆر لادراو دابنرێت لەلایەكی تریشەوە، دوورخستنەوەی بەڕێوەبەر بە زۆرەملێ لە دەرەوەی خواستی خۆیدا رەنگی ململانێیەكی كەسی وەرگرتووە و لە دەرەوەی حەرەمی خوێندنیش بەشێوەی ئاشكرا و نا ئاشكرا درێژەی پێدراو.

 

بەردەوامی گرفتەکان وادەکات بایكۆت و مانگرتنی مامۆستایان یاخود هەڵمەتی ئیمزا كۆكردنەوەی لێبكەوێتەوە دژی كارگێڕی خوێندنگە یاخود بە یەكجاری پڕۆسەی خوێندن لەو ناوەندەدا پەكی بكەوێت

رێگەی چارەسەرکردن
لەپێناو رێگریكردن لە گەورەبوونی كێشە و گرفتی نێوان دەستەی كارگێڕی و دەستەی مامۆستایان لە هەر ناوەندێكی خوێندندا، بە پەسەند دەزانم وەزارەتی پەروەردە دوو دیسپلینی گرنگ لەبەرچاو بگرێت لەڕێگەی پراكتیزەكردنیانەوە تاڕادەیەكی زۆر دەتوانێت رێگە لە سەرهەڵدانی ئەو چەشنە پێشهاتە نەخوازراوانە بگرێت، یاخود نەهێڵێت بە دیوێكی نێگەتیڤدا بەرئەنجامی گەورەیان لێبكەوێتەوە بێگومان لەڕووی مەعنەوییەوە شوێنەوارێكی نەرێنی بەسەر كەسێتی بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و تێكڕای كاراكتەرەكانی ناوەندەكانی خوێندن و كۆی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردنەوە بەجێدەهێڵێت .
دیسپلینی یەكەم ئەوەیە بە دەستوبرد بەدواداچوون بۆ هەر ناڕەزایەتی و بێزارییەك بكات لە هەر ناوەندێكی خوێندندا لەم رووەوە بەرزدەبێتەوە، تا بتوانێت بەزوویی چارەسەری پێویستی بۆ لەبەرچاوبگرێت و رێگە لەوەبگرێت لەكاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندندا، وەك بۆمبێكی چاوەڕوان نەكراو بتەقێتەوە و پڕۆسەی خوێندن لەو ناوەندەدا پەك بخات .
دیسپلینی دووەمیش ئەوەیە لەڕێگەی رێسایەكەوە پشت ئەستووربێت بەبنەما زانستی و كارگێڕییەكان ماوەی لە ئەستۆگرتنی ئەركی بەڕێوەبەری و یاریدەردەری لە ناوەندەكانی خوێندندا دیاری بكات و رێگە نەدات بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە لەڕووی زەمەنەوە، چەندین ساڵ بخایەیەنێت و كاراكتەرەكانی ناو دەستەی كارگێڕی وابیربكەنەوە تا ساتەوەختی خانەنشینی تیایدا دەمێننەوە. 
راستە بڕیاردان لەسەر رێسایەكی لەو شێوەیە و پەیڕەوكردنی لەسەر ئەرزی واقیع هەندێك بەربەستی بۆ دێتەپێش كە دەشێت پەیوەستبێت بە چۆنایەتی ئینتیمای سیاسی یاخود هەبوونی كەسی سەد لە سەد شیاو بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت ئاڵوگۆڕ لە دەستەی كارگێڕی لە ناوەندەكانی خوێندندا پشتگوێ بخرێت.

* مامۆستا لە ئامادەیی هەژینی تێكەڵ لە قەڵادزێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان