قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییە کاکەییەکانی موسڵ و هەولێردا کۆبۆوە

06:39 - 2023-05-25
کوردستان
361 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە کەسایەتییە کاکەییەکانی ناوچەکانی موسڵ و هەولێر و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بۆ بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کێشە و گرفتەکانیان، نوێنەرایەتی تایبەت بە کاکەییەکان لە سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال دابمەزرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە 25ی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال گوێی گرت لە گرفت و کێشەکانی کاکەییەکان و بەڵێنی پێدان لەمەودوا بۆ ئاگاداربوونی بەردەوام لە حاڵ و گوزەران و کێشەکانیان، نوێنەرایەتی تایبەت بە کاکەییەکان لە سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال دابمەزرێت.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا کاکەییەکان لە پێکهاتە گرنگ و رەسەنەکانی کۆمەڵگەی کوردستانن و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاراستنی کاکەییەکان و داکۆکیکردن لە مافی سەرجەم کەمایەتییەکانی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی کێشەی مەزارەکانی کاکەییەکان کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی بەڵێنی پێدان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ گرفتەکە بکات و کێشەی مەزارەکان و شوێنە پیرۆزەکانی کاکەییەکان چارەسەر بکات.



# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان