ماوەیەک پێش ئێستا فەرماندەی ئازاو قارەمان کوڕی رۆژە سەختەکانی خەبات و دوژمن بەزێن ئەنوەر دۆڵانی تەندروستی باش نەبوو. خۆشبەختانە لەم ماوەیەدا لە هیندستان نەشتەرگەری کردووە، هیوادارین ئەم تێکۆشەرە دێرین و ماندوونەناسە بەتەندروستییەکی باشەوە بگەڕێتەوە ناو هەڤاڵە دێرین و هاوسەنگەرەکانی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان.
ئەنوەر دۆڵانی یەکێکە لەو فەرماندە ئازایانەی هەمیشە لای هەڤاڵ مام جەلال رابەری شۆڕشی نوێ و جووڵانەوەی کوردایەتی خۆشەویست بووە و رێز لە خەبات و ماندووبوونی گیراوە، کە لە سەرەتای شۆڕشی نوێوە چەکی شەرەفی کردۆتە شان و بە ئازایەتی و قارەمانێتی خۆی لە ناوچەی قەرەداخ و تیپی 57ی سەگرمە و تیپەکانی تری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پلەکانی پێشمەرگایەتی بڕیوە و پێش راپەڕین فەرماندەی تیپی 55ی قەرەداخ بووە،
لە چەندین چالاکی پێشمەرگانەدا بەشداری کردووە و چەندان جار بریندار بووە و لە شەهیدبوون گەڕاوەتەوە.
دوای راپەڕینیش درێژەی بە خەبات داوە و هەمیشە خۆشەویست و جێگای متمانەی سەرۆک مام جەلال بووە و لە رێزەکانی بزووتنەوەی گۆڕانیشدا هەمیشە پەیوەندی لەگەڵ هەڤاڵە دێرینەکانی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهێز و پتەو بووە.
دووبارە هیوای تەندروستییەکی باش بۆ هەڤاڵ ئەنوەر دۆڵانی دەخوازین، بەو هیوایەی بە تەندروستییەکی باشەوە بەدیداری شادبینەوە.