سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی: پرسە نیشمانییەكان بەسازان تێبپەڕیندرێن

12:21 - 2023-05-27
کوردستان
460 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی رایدەگەیەنێت، "پێویستە پرسە نیشتمانییەكان بە سازانی نێوان لایەنەكان و كۆدەنگی فراكسیۆنەكان تێبپەڕێندرێت نەك ئەوەی لە دانیشتنی رۆژی 22-5-2023 ی پەرلەمانی كوردستان روویدا".
هیمداد سەلاح بیلال، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند، "ئێمە وەك فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان، هەر لە سەرەتای ئەم خوولەی پەرلەمانەوە لەگەڵ ئەوەدا بووین، ئەو یاسا و بابەتانەی رەهەندی نیشتمانیان هەیە و خاڵی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانن، بە كۆدەنگی نیشتمانی و سازان دەنگی لەسەر بدرێت، بۆیە لە دانیشتنی رۆژی 22/5 ی پەرلەمانی كوردستان، دەنگی خۆمان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بەكارنەهێنا".
راشیگەیاند، "هەر لەبەرئەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن كۆدەنگی سەرجەم فراكسیۆنەكانی لەسەر نەبوو، ئامادە نەبووین دەنگی خۆمان بۆ كاراكردنەوەی بەكاربهێنین".
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، هەر بڕگەیەك بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان زیاد بكرێت، پێویستە پێش زیاتر لە 24 سەعات پەرلەمانتارانی لێ ئاگاداربكرێنەوە، بەڵام لە دانیشتنی رۆژی 22-5-2023 ی پەرلەمانی كوردستاندا، كاتێك تەنها چەند سەعاتێكی بۆ دانیشتنەكە مابوو، بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بەبێ رەزامەندی سەرۆكی پەرلەمان لە بەرنامەی كاردا زیادكرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی رەهای خۆی بەكاربهێنێت تاوەكو دانیشتنێك لە پەڕلەمان بەڕێوەنەچێت كە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆ بێت.
PUKMEDIA

# پەرلەمانی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان