فەرید ئەسەسەرد
بەعەرەبکردنی شاری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی باشووری کوردستان، کەیسێکی ئاڵۆزی نێوان بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان و حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی عیراق و بەتایبەتیش رژێمەکانی عارفەکان و بەکر و سەدام کە لە ساڵانی 1963 بەدواوە بە قۆناغی جیاجیای تەرغیب و تەرهیب ئیدارەی ئەو کەیسەیان داوە.
ئەم دۆسێیە بابەتێکی هەڤاڵ فەرید ئەسەسەرد سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتییە سەبارەت بە توێژینەوەیەکی زانستیی سەردەمی خەباتی شاخ سەبارەت بە کەیسی بەعەرەب کردن و راگواستن بە ناونیشانی ((سیاسەتی بەعەرەبکردن لە کەرکوک)) کە لەلایەن نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵاوە ئامادەکراوە و چاپی یەکەمی لە ناوزەنگ بە قەبارەی 32 لاپەڕە ئامادەکراوە و لە سەردەمی خەباتی شاریشدا و لەلایەن مەکتەبی گەشەپێدانی بیر و هۆشیارییەوە دووبارە چاپکراوەتەوە.
ئەم بابەتەی فەرید ئەسەسەرد ماوەیەک پێش ئێشتا بە دوو بەش لە کوردستانی نوێ-دا بڵاوکرایەوە، بەڵام لەبەر گرنگیی بابەتەکە کوردستانی نوێ پێی باشبوو لە دووتوێی دۆسێیەکدا دووبارە بڵاوی بکاتەوە، چونکە لەلایەک بابەتەکە لەگەڵ ئێستاشدا دێتەوە کە سەرەڕای روخانی رژێمی پێشوو و بوونی مادەی 140ی دەستوور سەبارەت بە چارەسەری کەیسی ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام هێشتا تارمایی ئەو سیاسەتە نەڕەویوەتەوە و بەشێوازی جیاجیا بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەشەوە لە پێشوازیی یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانداین، لێرەوە دەکرێت ئاماژە بەوە بدەین کە یەکێتی لە قۆناغە هەرە سەختەکاندا بەرنامەی روبەڕوبوونەوەی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای باشووری کوردستان و بەتایبەتی کەرکوکی فەرامۆش نەکردووە و لەو قۆناغەشدا دوور لە هەستی رەگەزپەرستانە لە هەوڵی ساغکردنەوەی ئەو کەیسەدا بووە بە توێژینەوەی زانستی و ئەو توێژینەوەیەش بەرچاوڕوونییەکی باش بووە بۆ سەرکردایەتی تا لەهەر دانوستان و گفتوگۆیەکدا لەگەڵ عیراق یان لایەنە نێودەوڵەتییەکاندا، زمانی داتا و ئامار و مێژوو بکاتە زمانی دانوستان و دیالۆگ و بۆئەوەش بە ماوەیەکی زۆر رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان سەرەڕای سەختیی کارەکانیان لەناو کەرکوکدا داتا و ئاماریان بۆ دەزگای لێکۆڵینەوەی زانستی سەربە ناوەندیی کۆمەڵە کۆکردۆتەوە و رەوانەی ناوزەنگی پایتەختی شۆڕشیان کردووە و دواتر کراوەتە توێژینەوەیەکی زانستی لە دوتوێی کوڕاسێکی 32 لاپەڕەییدا بڵاوکراوەتەوە.
بەگوێرەی پێشەکیی چاپی دووەمی توێژینەوەکەش، ئەو توێژینەوەی ئەوکاتە بۆتە سەرچاوەی یەکەم بۆ زۆرێک لەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی دوای ئەوە لەسەر مەسەلەی تەعریب و راگواستن ئامادەکراون.
دۆسێ
لە ساڵی 1981دا کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان دەزگایەکی بە ناوی دەزگای لێکۆڵینەوەی زانستی لە ناوزەنگ دامەزراند، هۆکاری دامەزراندنی دەزگاکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرکردایەتی و کادرەکانی پێویستیان بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی زانیاریی ورد و جێی متمانە و زانستی بوو بۆ تێگەیشتنی رەوشی گشتی بەشێوەیەکی دروست.
دیارترین مۆدێلی شایستەی لاساییکردنەوە لەو ماوەیەدا، دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی فەلەستین بوو کە ساڵی 1963 لە بەیروت دامەزرابوو و رۆڵێکی بەرچاو و شایستەی هەبوو لە ناساندنی مەسەلەی فەلەستین و شیکردنەوەی رەگ و ریشەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا لە دیدگای فەلەستینییەکانەوە.
دیمەنێکی قەزای خورماتوو دوای دابڕینی لە کەرکوک لکاندنی بە پارێزگای سەڵاحەدینەوە
دەزگایەک بۆ شیکردنەوە و توێژینەوە
بڕیار وابوو دەزگاکە راپۆرت و توێژینەوەی زانستی ئامادە بکات بۆ یارمەتیدانی دروستکەرانی بڕیار لە پڕۆسەی داڕشتنی سیاسەتدا، سەرباری شیکردنەوەی دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و پێشنیازکردنی چارەی گونجاو.
نیاز وابوو دەزگاکە رۆڵێکی مەعریفیی گەورە لە بواری توێژینەوەی زانستیدا، لە رێی لێکۆڵینەوە سیاسییەکانەوە، بگێڕێ. هەروەها وا دانرابوو کە ئەم دەزگایە لە رێی بەرهەمەکانییەوە تێگەیشتنێکی قووڵتر بۆ دیاردە و گیروگرفتەکان دابین بکات، سەرباری ئەوەی کە واش دانرابوو کەرەستەی پێویست، لە رووی رۆشنبیرییەوە، بۆ کادرە پێشکەوتووەکان دابین بکات.
دامەزراندنی دەزگاکە پێویستی بە دەستەبژێرێکی رۆشنبیری پسپۆڕ بوو. لەم سەروبەندەدا لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەکە و دەستکردن بە جێبەجێکردنی کە لە نێوان فەرەیدون عەبدولقادر و ئازاد هەورامی و نەجمەددین فەقێ عەبدوڵڵا لە ناوزەنگ بەسترا، پرسەکە لەسەر ئەوە گیرسایەوە نەجمەددین فەقێ عەبدوڵڵا لێپرسراوێتیی دەزگاکە بگرێتە ئەستۆ و دوو ژووری لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵە بۆ تەرخان بکرێ و چەند کادرێک بۆ کارکردن لەگەڵیدا دیاری بکرێن.
یەکەم توێژینەوە بۆ ئامادە نەکرا؟
پاش بڕیاردان لەسەر دامەزراندنی دەزگاکە، چەند ناوێک بۆ کارکردن تێیدا پێشنیازکران لەوانە رێکەوت عوسمان و بڵند مەنمی، بەڵام لەو ماوەیەدا هیچ کەسێکیان ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخسا کە بە بەردەوامی لە دەزگاکە کار بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، لێپرسراوی دەزگا نەجمەددین فەقێ عەبدوڵڵا پێداویستییەکانی کارکردنی دەستەبەرکرد و نیاز وابوو یەکەم بەرهەمی دەزگاکە لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل بێ دەربارەی ئابووریی کوردستان لە هەموو روویەکەوە، بەڵام ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەکە پێویستی بە کاتێکی زۆر بوو، بۆیە نەتوانرا لەو ماوەیەی کە بۆی دیاری کرابوو تەواو بکرێ.
شوێنەوارە دێرینەکەی قەزای کفری دوای دابڕینی لە کەرکوک لکاندنی بە پارێزگای دیالەوە
توێژینەوەیەک بە قەبارەی مامناوەنجی
یەکەم لێکۆڵینەوە کە دەزگاکە ئامادەی کرد، نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا بە ناونیشانی (سیاسەتی بەعەرەبکردن لە کەرکوک) نووسیبووی.
لێکۆڵینەوەکە لە شوباتی ساڵی 1982 لە دوتوێی 32 لاپەڕەی قەبارە مامناوەنجیدا بڵاوکرایەوە. بایەخی لێکۆڵینەوەکە لەوەدایە کە یەکەم لێکۆڵینەوەیە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کورددا دەربارەی بابەتی بەعەرەبکردن کە پەیڕەویی لە میتۆدی توێژینەوەی زانستی کردووە و خۆی لە شێوازی هاندان و وروژاندنی هەستی نەتەوەیی دوورخستۆتەوە و بە شێوەیەکی هێمنانە و بابەتییانە لە بابەتەکەی کۆڵیوەتەوە. بەڵام گەورەترین کێشەی لێکۆڵینەوەکە، نەبوونی سەرچاوەی جێمتمانە بوو لەم بارەیەوە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، نەجمەددین فەقێ عەبدوڵڵا بیری لەوە کردەوە کە پەیوەندی بە رێکخستنە نهێنییەکانی کەرکوکەوە بکات و داوایان لێ بکات زانیاریی مەیدانی دەربارەی بابەتەکەی بۆ کۆبکەنەوە.
پێشەکیی چاپی دووەم
چۆن باسی چاپی یەکەم دەکات؟
لە پێشەکیی چاپی دووەمی لێکۆڵینەوەکەدا کە ساڵی 2021 لە سلێمانی لەلایەن مەکتەبی گەشەپێدانی بیر و هۆشیارییەوە دەرکراوە، ئاوا باسی پڕۆسەی کۆکردنەوەی زانیارییە مەیدانییەکان کراوە: (ئەرکەکە بۆ رێکخستنە نهێنییەکانیش دژواربوو، بەڵام رێکخستنەکان دلێرانە کارەکەیان ئەنجامدا.
بەپێی ئەو پلانەی کە دایاننابوو، کادرەکان خۆیان بەسەر ئەو گەڕەکانەدا دابەشکرد کە حکومەتی عیراق عەرەبی هاوردەی تێدا نیشتەجێ کردبوو. گەڕەکەکانیان کۆڵان بە کۆڵان و ماڵ بە ماڵ رووپێو کرد و ژمارەی دانیشتوانیشیان بە مەزەندە دیاریکرد و لەسەر بنەمای هەڵکەوتەی جوگرافی پۆلینیان کردن.
ئەو زانیارییە مەیدانییانە، وەک کەرەستەی خاو، رێکخران و نێردران بۆ ناوزەنگ. هەرچەند نەزانراوە ئەنجامدانی ئەم کارە قورسە چەندی خایاندووە، بەڵام لانیکەم دوو مانگی خایاندووە.
لە ناوزەنگ داتاکان تەتەڵە کرانەوە و سەرلەنوێ بە شێوەیەکی زانستی رێکخران و ئەو لێکۆڵینەوەیەیان لێ بەرهەم هات کە بووە یەکەم لێکۆڵینەوەی زانستیی پشت ئەستوور بە ئامار لەسەر سیاسەتی بەعەرەبکردن لە کەرکوک.
قەزای چەمچەماڵ دوای دابڕینی لە کەرکوک و لکاندنی بە پارێزگای سلێمانییەوە
بنەمایەک بۆ چەندین توێژینەوەی دواتر
ئەو میتۆدەی کە لە لێکۆڵینەوەکەدا بۆ شیکردنەوەی دیاردەی بەعەرەبکردن بەکارهاتووە، ئەو میتۆدەیە کە هەموو لێکۆڵینەوەکانی پاشتر کە لە هەمان بابەتیان کۆڵیوەتەوە لەسەری رۆیشتوون.
لە پێشەکیی چاپی دووەمی ئاماژەپێکراوی لێکۆڵینەوەکەدا، بەم چەشنە گوزارشت لە مەسەلەکە کراوەکە (لێکۆڵینەوەکەی ناوزەنگ (دەربارەی بەعەرەبکردنی کەرکوک) بناغەیەکی زانستیی تۆکمەی بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەعەرەبکردن بۆ هەموو توێژینەوە زانستییەکانی پاش خۆی داناوە).
دەزگای لێکۆڵینەوەی زانستی، پاش دەرکردنی یەکەم توێژینەوەی زانستی دەربارەی سیاسەتی بەعەرەبکردن لە کەرکوک، لەبەر بارودۆخی ئاڵۆزی ئەوکاتە و گواستنەوەی بارەگاکانی ناوچەی سەرکردایەتی، لە سۆنگەی شەڕەوە، بۆ شوێنی تر و بڵاوبوونەوەی کادرەکانی، نەیتوانی بەردەوام بێت لەسەر ئەرکە پێسپێردراوەکەی و جگە لەو لێکۆڵینەوەیە بەرهەمی تری نەبوو.
پوختەی لێکۆڵینەوەکە لە سێ سێکتەردا
بابەتی لێکۆڵینەوەکە لە سێ سێکتەردا تاوتوێ کراوە. سێکتەری یەکەم، بۆ گۆڕینی نەخشەی ئیداریی پارێزگاری کەرکوک تەرخان کراوە، سێکتەری دووەم تایبەتە بە نیشتەجێکردنی عەرەب لە پارێزگای کەرکوک و لە سێکتەری سێیەمدا باسی کۆچپێکردنی دانیشتوانی کورد و تورکمانی پارێزگاکەیە.
سیاسەتی پەرتکردنی خاکی کەرکوک
لە سێکتەری یەکەمدا گۆڕانکارییە ئیدارییەکان بە وردی دەستنیشان کراون کە بەم جۆرەن:
-دابڕینی قەزای دوزخورماتوو، بە هەر چوار ناحیەکەی قادر کەرەم، نەوجول، سلێمان بەگ و ئامرلییەوە لە کەرکوک و بەستنەوەیان بە پارێزگای سەلاحەدینەوە.
-دابڕینی قەزای کفری بە هەردوو ناحیەکەیەوە لە کەرکوک و لکاندنی بە پارێزگای دیالەوە.
-دابڕینی کەلار و بەستنەوەی بە پارێزگای سلێمانییەوە. لێکۆڵینەوەکە هۆی لکاندنی قەزای کەلار بە پارێزگای سلێمانییەوە، نەک بە پارێزگای سەلاحەددین و دیالەوە، بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە قەزاکە لە تکریت و بەعقوبەوە دوورە.
-دابڕینی قەزای چەمچەماڵ بە هەردوو ناحیەی ئاغجەلەر و سەنگاوەوە لە کەرکوک و بەستنەوەی بە پارێزگای سلێمانییەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکە، دوسێی رووبەری پارێزگای کەرکوک بەر سیاسەتی تێکدانی نەخشەی ئیداری کەوتووە.
لێکۆڵینەوەکە وای بۆ دەچێت کە لەم سیاسەتەدا هەوڵ دراوە چڕیی دانیشتوانی پارێزگاکە، بەتایبەتی هی کورد بە شێوەیەکی سەرەکی و هەروەها هی تورکمان کەم بکرێتەوە و پەیوەندیی قەزا و ناحیە دابڕێندراوەکان بە ناوەندی کەرکوکەوە بپچڕێنرێت، سەرباری هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان قەزا و ناحیە دابڕێنراوەکان و ناوەندی پارێزگاکە، ئەمەش لە رێی چەند میکانیزمێکەوە لەوانە نەهێشتنی پەیوەندیی ئابووریی نێوانیان و گواستنەوەی تۆمارەکانی دانیشتوان بۆ ئەو پارێزگایانەی کە قەزا و ناحیە دابڕێندراوەکان پێیانەوە بەسترانەوە، سەرباری پەرش و بڵاوەپێکردنی کوردی کەرکوک بەسەر پانتاییەکی فراوانی زەویدا، بە چەشنێک کە کوردە لکێندراوەکان لە پارێزگاکانی سەلاحەددین و دیالە ببنە کەمینەی بچووک و ناکاریگەر.
دیمەنێکی قەڵای شێروانەی کەلار بەر لە نۆژەنکردنەوەی لەدوای دابڕینی لە کەرکوک
دابینکردنی پێداویستیی جێگیرکردن و پشتێنەی عەرەبی
لە سێکتەری دووەمدا کە باسی سیاسەتی بەعەرەبکردنی کەرکوک دەکات، وردەکارییەکی زۆر لەم بارەیەوە بڵاوکراوەتەوە. لێکۆڵینەوەکە تێبینیی ئەوەی کردووە کە پلانی بەعەرەبکردن بە گواستنەوەی راستەوخۆی عەرەب بۆ کەرکوک دەستی پێ نەکردووە، بەڵکو بە دابینکردنی پێداویستییەکانی جێگیربوونی عەرەب لە کەرکوک دەستی پێ کردووە. بەمجۆرە، لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە کە ژێرخانی بەعەرەبکردن لە کەرکوک پشت بە دروستکردنی نشینگە لە دەوروبەری کەرکوک دەبەستێت کە ئەمەش لاساییکردنەوەی هەمان پلانی بەجولەکەکردنی ناوچە فەلەستینییەکانە. هەربۆیە لێکۆڵینەوەکە بەدواداچوونێکی زۆری بۆ ئەو گەڕەکانە کردووە کە حکومەت، بە چڕی لە دەوروبەری کەرکوک دروستی کردوون کە ئەمەش بە قۆناغی بەرایی بەعەرەبکردن دەژمێردرێ.
قۆناغی دووەم گواستنەوەی عەرەبە لە ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە بۆ کەرکوک و نیشتەجێکردنیان لە گەڕەکە تازە دروستکراوەکاندا. ئەمەش دەری دەخات کە رژێمی عیراق لە پلانەکەدا ویستوێتی پشتێنەیەکی عەرەبی لە دەوروبەری کەرکوک دروست بکا بۆ ئەوەی بە تەواوی دایبڕێت لە دەوروبەری خۆی.
لێکۆڵینەوەکە رووپێوی تەواوی گەڕەکە تازە دروستکراوەکانی کردووە و یەک بە یەک زانیاریی وردی لەبارەیانەوە خستۆتە بەردەست.
لەبەر زۆریی زانیارییەکان، ئەوەی دادێ تەنها وەک نموونە دەخرێتە بەرچاو. لێکۆڵینەوەکە لە باسکردنی گەڕەکی کەرامەدا کە یەکێکە لە گەڕەکەکانی پشتێنەی عەرەبیی دەوروبەری کەرکوک، نیشانی داوە کە ئەم گەڕەکە لە 600 خانوو پێکدێت و هەڵکەوتەکەی یەکجار گرنگ و ستراتیجییە و کەوتۆتە باکووری خۆرهەڵاتی کەرکوکەوە. بۆ پاراستنیشی ئۆردوگایەکی سەربازی بە تەنیشتییەوە دانراوە.
200 پارچە زەویی لە نێوان 1100 خانوودا
سەبارەت بە گەڕەکی موسەننا، باس کراوە کە ئەم گەڕەکە لە 500 خانوو پێکدێت و جگە لەوە، لە نێوان گەڕەکی کەرامە و گەڕەکی موسەننادا زیاتر لە 200 پارچە زەوی بەسەر بنەماڵەی سەربازە کوژراوەکانی شەڕی عیراق- ئێراندا دابەشکراوە.
هەروەها بۆ پاراستنی گەڕەکی ئەندەلوس کە ئەویش یەکێک لەو گەڕەکانەیە کە لە چوارچێوەی پلانی بەعەرەبکردندا دروست کراوە، زنجیرەیەک رەبیە بە بیانوی پاراستنی بیرە نەوتەکان، بۆ پاراستنی گەڕەکەکە دروست کراوە. بەرامبەر بە گەڕەکی رەحیماواش، ئەو خانووانەی کە لەوەوبەر کرێکارانی کورد تێیدا نیشتەجێ ببوون، کرێکاری عەرەبیان تێدا نیشتەجێ کراوە.
لەسەر ئەم ریتمە زانیارییەکی زۆر لەسەر گەڕەکە دروستکراوەکان خراوەتەڕوو لەوانە گەڕەکەکانی خۆرئاوای کەرکوک، عەرەفە بەلای باشووری خۆرئاواوە، گەڕەکی ئەفسەران، قەڵەمڕەویی نێوان سەربازگەی کەرکوک و وێستگەی شەمەندەفەر تا دەگاتە تسعینی کۆن و هەروەها لە خودی تسعینی کۆن، قەڵەمڕەویی نێوان جادەی بەغدا و تکریت، لەسەر رێگای بەغدا- کەرکوک، قەڵەمڕەویی نێوان جادەی بەغدا و رووباری خاسە و... هتد.
دوای چەندین ئەزموونی شکستخواردووی گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکوک هێشتا بەشێوەی جیاواز ئەزموونەکە دووبارە دەکرێتەوە
بەرتەسککردنەوە و رەخساندنی هەلی کار
لە سێکتەری سێیەمدا کە تایبەتە بە کۆچپێکردنی کورد لە کەرکوک، لێکۆڵینەوەکە هۆکانی دیاردەی کۆچی دانیشتوان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، وەک دیاردەیەکی جوگرافی، تاوتوێ دەکا و بەو ئاکامە دەگا کە کۆچ زۆر هۆی هەیە: یەکەم، گەڕان بە دوای کاردا کە بە هۆیەوە دانیشتوانی شوێنێکی بێ کار کۆچ بۆ شوێنێک دەکەن کە هەلی زۆرتری کار تێیدا بۆ بێکاران رەخساوە، لە ئەنجامدا شوێنی یەکەم دەبێتە هێزی دەرپەڕێنەری هێزی کار، شوێنی دووەمیش دەبێتە هێزی راکێشەری هێزی کار. بەپێی لێکۆڵینەوەکە، رژێمی عیراق بە ئەنقەست کارێکی وای کردووە شوێنەکانی نیشتەجێی کورد لە کەرکوک هەلی کاریان تێدا نەڕەخسێ بۆ ئەوەی دانیشتوان ناچار بن شوێنەکە بەجێ بێڵن و بچنە ئەو شوێنانەی کە هەلی کاری تێدا دەدۆزنەوە.
لێکۆڵینەوەکە نیشانی داوە کە بەهۆی گۆڕینی نەخشەی ئیداریی کەرکوکەوە، کۆچکردن لە لادێ و قەزا و ناحیەکانەوە بۆ شاری کەرکوک زۆر کەم بۆتەوە و کۆچبەران بە ناچارییەوە روو لە سلێمانی و تکریت و باقوبە دەکەن.
ناچارکردنی کورد بەبێ گوشار
رژێمی عیراق تەنها بەوە دانەکەوتووە کە هەلومەرجێکی وا خراپ لە کەرکوک پێک بێنێ کە تێیدا کورد ناچار بێ شارەکە بەجێ بێڵێ و روو بکاتە شاری تر، بەڵکو کەوتۆتە دوورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی کەرکوک بۆ ناوەڕاست و خوارووی عیراق.
وێڕای ئەم هەوڵانەی بەتاڵکردنی کەرکوک لە کورد، رژێمی عیراق ژمارەیەکی زۆری لە کرێکارە کوردەکانی کارگەکانی کەرتی گشتی، بەتایبەتی کرێکارانی بواری دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوت و گۆگرد و ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرە کوردەکانی دەوڵەتی بۆ دەرەوەی پارێزگای کەرکوک گواستۆتەوە و زۆربەی مامۆستا کوردەکانی خوێندنگە سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییەکان، لە کەرکوک دانامەزرێنێ، بەڵکو لە ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردستان دایاندەمەزرێنێ، هەرچەند لە عیراق وا باوە کە هەر مامۆستایەک لە پارێزگای خۆی دادەمەزرێت.
جگە لەم رێوشوێنانەی بەتاڵکردنی کەرکوک لە کورد، رژێمی عیراق خانووی لە قەرەهەنجیر و حەساری گەورەی دەوروبەری کەرکوک دروست کردووە و جاڕی داوە کە هەر کوردێکی دانیشتووی کەرکوک، شارەکە بەجێ بێڵێ و بچێتە قەرەهەنجیر یان حەساری گەورە، بەبێ پارە خانووی لەو شوێنە پێ دەدرێت.
500 دینار قەرەبوو بۆ کورد
لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە رژێمی عیراق بە ناوی ئاوەدانکردنەوەی شارەوە، گەڕەکە کوردنشینەکان دەڕوخێنێ. ئەوەش بە نموونە هێنراوەتەوە کە لە گەڕەکی شوریجە کە لە سەرژمێریی ساڵی 1977دا گەورەترین گەڕەکی شاری کەرکوک بووە و ژمارەی دانیشتوانی پتر لە 36 هەزار کەس بووە، جادەیەکی تازەی بە درێژایی دوو کیلۆمەتر و بە پانایی 80 مەتر بە ناو گەڕەکەکەدا کراوەتەوە و بۆتە هۆی رووخاندنی پتر لە هەزار خانوو بە بلدۆزەر. خاوەنی خانووە رووخێنراوەکانیش بە 500 دینار قەرەبوو کراونەتەوە.
کۆچپێکردن بۆ دەرەوەی وڵات
لێکۆڵینەوەکە کۆچکردنی بۆ دەرەوەی وڵاتیش تاوتوێ کردووە کە دیاردەکە لە کەرکوک، زۆرتر لە شارەکانی تری کوردستان، پەرەی سەندووە. دیارە ئەمەش هەر پەیوەندیی بەو کۆسپ و تەنگ پێهەڵچنیناوە هەیە کە کورد لە کەرکوک تووشی بووە.