چۆن توندوتیژیكار و دەستدرێژیكاری سێكسی بناسینەوە؟

11:35 - 2023-05-28
دووتوێ
1897 جار خوێندراوەتەوە

تانیا كورد میرزا*

بە تۆمەتی توندوتیژی و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر خانمێكی فەرەنسی بەناوی لاورا پریۆل، گۆرانیبێژی مەغریبی سەعد لمجەرەد لە فەرەنسا دادگاییكرا و دوای ساغبوونەوەی تۆمەتەكان بەسەریدا بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادرا. چیرۆكی ئەم دەستدرێژییە بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە كە ئەوكات پریۆل سكاڵا لە دژی  سەعد لمجەرەد تۆمار دەكات و بە دەستدرێژی و توندوتیژی سێكسی تۆمەتباری دەكات، بەڵام ئەوكات وێڕای گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەتیش تۆمەتەكان بەسەر تۆمەتباردا ساغ نەبوونەوە‌، ساغ نەبوونەوەی تۆمەتی دەستدرێژی و توندوتیژی سێكسی لە ‌ناوماڵ و لە نێوان هاوڕێ و ژن و مێرددا یەكێكە لە سیما دیارەكانی توندوتیژی ناوماڵ، توندوتیژیكار لەم بارەدا لەناو چوار دیواری داخراودا تاوانەكە دەكات لە ژووری نووستنیشدا شایەتمان دەست ناكەوێت! پریۆل كۆڵی لە سەلماندنی تاوانباریی لمجەرەد نەدا و 24 ی شوبات 2023 لە دادگای تاوانەكانی پاریس ئەو تۆمەتانە‌ بەسەر لمجەرەد دا ساغ بوونەوە و سزای شەش ساڵی زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا.

بەرگریکردن لە تاوانبار
 تاوانبار لە پاریس لەسەر دەستدرێژی سێكسی سزادرا، بەڵام لە وڵاتانی عەرەبیدا هەر زوو دەنگی بەرگریكردن لە تاوانبار بەرزبووەوە لەناویشیاندا بەرگیركاری ژن هەبوون، كە ژنگەلی ئەو وڵاتانەش وەك نموونەی باڵا لێیان دەڕوانن! بەرلەوەی رووناكی بخەمە سەر بەرگرییەكان لە دەمی قوربانییەكەوە هەندێك لە كردە تاوانكارییەكانی لمجەرەد دەخەمەڕوو. « گازی لە پشتم گرت و دەستدرێژی سێكسی كردەسەرم.» پاش ئەوەی جارێك لە یانەیەكی شەوانە دەستدرێژیكاری سێكسی لمجەرەد و پریۆل یەكتر دەبینن ژوانی دووەمیان لە ژوورێكی ئۆتێلێكدا دەبێت لە شانزەلیزێی پاریس كە شوێنی مانەوەی لمجەرەد بووە. «پاش ئەوەی لێی دام و پەلاماریدام و دەستدرێژی سێكسی كردەسەرم رامكردە حەمامەكەوە و دەرگاكەیم لەسەر خۆم داخست و هەوڵمدا پەیوەندی بە پۆلیسەوە بكەم، چونكە ئەو دەیویست جارێكیتریش دەستدرێژی سێكسی بكاتەوە سەرم، دوای ئەوەی من بە وەحشی ناوم بردبوو و ئەویش لێیدام.»  لێدان، قسەپێگوتن و بەزۆر سێكسكردن لەگەڵ ئەو خانمەدا توندوتیژی و دەستدرێژی سێكسین كە لمجەرەد هەتا دوا ساتی دادگاییكردنیش هەموویانی رەتكردەوە، بەڵام دانی بەوەدانا لە ژێر كاریگەری كۆكاین و ئەلكهولدا بووە.
بەرگریكردن لە توندوتیژیكار و دەستدرێژیكاری سێكسی واتە هاندانی ئەم تاوانە، واتە بەشداریكردن لە تاوانەكەدا. ئەلیسا و شەزا حەسون لە نموونەی ئەو كەسانە بوون بەرگریان لەم دەستدرێژیكارە سێكسییە سزادراوە كرد و بە كەسێكی «بەڕەوشت و بەڕێز» ناویان برد، تەنانەت گومانیان خستە سەر بڕیاری دادگای تاوانەكانی پاریس و بڕیارەكەشیان بە «هەڵمەتێك بۆ لەكەداركردنی لمجەرەد» ناوبرد. ئەم دوو ژنە گۆرانیبێژە تەنیا دوو كەسن لە نموونەی ژمارەیەكی زۆری خەڵكیش لە كوردستاندا‌ لە كاتی ئاشكرابوونی هاوڕێ و خزمە دەستدرێژیكارەكانیان دەكەونە بەرگری لە تاوانی كەسە نزیكەكەیان و لەو پێناوەشدا هەموو جۆرە بو‌ختانێك دەخەنە پاڵ قوربانییەكە. 

چ ناوێکیان لێ بنێین؟
ئێستا با بزانین ئەم كەسانە بۆچی وادەكەن و بەم كردەیەیان پێگەیان لەناو پڕۆسەكەدا دەبێتە چی و چ ناوێكیان لێبنێین؟ 
یەكەم: ئەو كەسانەی كە دەكەونە بەرگریكردن لە دەستدرێژیكارە سێكسی و توندوتیژیكارەكان دەیانەوێت پێمان بڵێن كە ئەوانە ئەگەر دایك، باوك و خێزانی تاوانبارەكانن كەسانێكی بەڕەوشتن و لەناو ماڵی ئەوانەوە تەنیا كەسی باش هاتووەتە ناو كۆمەڵگە، دەیانەوێت پێمان بڵێن مادەم تاوانبارە دەستدرێژیكارەكە بۆ ئەوان مناڵێكی باش بووە كەواتە هەموو تۆمەتێكی ساغ بووەوەش بەسەریدا درۆیە و بوختانە. واتە ئەم كەسانە بەرگری لە خۆیان دەكەن و لە دەمی خەڵك دەترسن نەوەك پێیان بڵێن: جوانتان پەروەردە بكردایە هەتا دەستدرێژی نەكاتە سەر خەڵك. ئەگەر هاوڕێی تاوانبارەكەشن ئەوە دەیانەوێت پێمان بڵێن «ئێمەی بەڕەوشت هاوڕێی بەڕەوشتمان هەیە و هەڵبژاردنەكانمان هەڵەنین.»
دووەم: ئەم بەرگریكارانە لە خۆیان دەترسن و بەم بەرگریكردنەش ‌پێمان دەڵێن: «پەیوەندی ئێمە دەستدرێژی و توندوتیژی تێدانەبووە و فڵان كەسێكی بەڕەوشتە.» منیش پێیان دەڵێم: تەنیا لەبەرئەوەی كە دەستدرێژی سێكسی نەكردووەتە سەر تۆ و توندوتیژی بەرامبەر نەكردوویت مانای ئەوە نییە‌ ئەم كەسە بە رەوشت و بەڕێزە، رەنگە تۆش قوربانی ئەو بیت بەس هێندەی ئەو قوربانیەی كە دەنگی بەرزكردۆتەوە هۆشیاریت نەبێت یان تۆ توندوتیژی بە مۆراڵی بەرزی باو دەزانیت! هاوڕێكەت نە بەڕێزە نە بەڕەوشتە، ئەو تاوانبارێكی دەستدرێژیكاری سێكسییە. بەڕێز ئەو كەسەیە كە بەرامبەر خەڵكیتریش بەڕێزە و رێز لە تایبەتمەندی ژیان و لەشیان دەگرێت. بەتەنیا بەڕێزبوون بەرامبەر بە كۆمەڵێك كەس هیچ كەسێك ناكاتە كەسێكی بەڕێز و بەڕەوشت، چونكە ئەم دوو سیفەتە پرنسیپن و لەهەر كەسێكدا هەبن دەبێت بە جێگیری هەبن.
ئێوە دەبێت سەركۆنە بكرێن، چۆن لەگەڵ دەستدرێژیكارێكی سێكسیدا، لەگەڵ توندوتیژیكارێكدا هاوڕێن و پەیوەندیتان هەیە؟ 
سێیەم: بینینەوەی وێنەی خۆت لەناو ئاوێنەی دەستدرێژیكاری سێكسی و توندوتیژیكارەكاندا وات لێدەكات نەوەك هەر سەركۆنەیان نەكەیت بگرە مەتحیان بكەیت و بەرگریشیان لێبكەیت، چۆن؟ كاتێك تۆش بەهەمان شێوەی ئەو تاوانبارە دەستدرێژی سێكسی دەكەیتە سەر ژنەكەت، كاتێك كە ژنەكەت دەڵێت نا، دەستی لێ ‌بەرزدەكەیتەوە و لێی دەدەیت ئیتر ناوێریت سەركۆنەی بكەیت، چونكە ئەوكاتە ئەویش دێت و دەڵێت تۆش وەك منیت، وەك من تاوانبار و دەستدرێژیكاریت.
كەواتە هەر كەسێك بەرگری لە توندوتیژیكار كرد و بە كەسێكی بەڕەوشت ناویبرد و پەلاماری قوربانییەكەیدا خۆتانی لێ بەدوور بگرن و بیناسنەوە، چونكە ئەویش توندوتیژیكارە، هاوبەشی تاوانە و دەستدرێژیكاری سێكسییە. ئەم كەسانە لە كۆمەڵگەدا دەبێت بناسرێنەوە، پەنجەیان بۆ درێژبكرێت و كارەكانیان چیتر پشتیوانی نەكرێت جا گۆرانیبێژن، نووسەر، بێژەر بن، یان هەر پێگەیەكی تریان هەیە. ئەم كەسانە ژەهری ناو كۆمەڵگەن و لەژێر سایەیاندا رۆژانە هەزارەها توندوتیژیكار گەورەدەبن و پەلاماری كچ و ژن دەدەن. ئەمانە خۆیان توندوتیژیكارن و دەیانەوێت بە بەرگریكردن لە توندوتیژیكارەكان و پەلاماردانی قوربانییەكان دەنگیان بەرزكردووەتەوە تاوانكارییەكانی خۆیان بشارنەوە و خاوێنی خۆیان بسەلمێنن. ئێوە بیانناسنەوە و لەهەر مەجلیسێكدا بوون و ئەمانەتان بینی گوێیان بۆ مەگرن و سەریان بۆ مەلەقێنن، رایانگرن و بە ئاشكرا پێیان بڵێن چیتر ئەمانە شایەنی هاوڕێیەتی ئێوەنین، چونكە ئەمە هەنگاوێكی گرنگی كاركردنە لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا.



*ماستەر لە یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و دەستوور، راهێنەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵان

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان