نیوەی میدالەكان كچە كوردەكان بەدەستیانهێناوە

11:09 - 2023-05-29
وەرزش
194 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل

ئەنجامەكانی كچە كوردە بەشدارەكانی پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدانی وڵاتانی عەرەبی لە تونس دڵخۆشكەر بوون و چەند میدالێكی رەنگاو رەنگیان بۆ خۆیان و هەڵبژاردەی عیراق بردەوە.
لەنێوان رۆژانی 20/5 تا 24/5/2023  پاڵەوانێتییەك بۆ ئەو یاریزانانە رێكخرا كە تەمەنیان لە 23 ساڵ كەمترە، واتە ئەو كوڕو كچانە دەتوانن بەشداریی تیادا بكەن  كە تەمەنیان لە 23 ساڵ  تێپەڕی نەكردووە.
17 وڵاتی عەرەبی بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییەیان كرد، وەك هەڵبژاردەی عیراقیش هەرسێ كچە یاریزانی سلێمانی، كوردستان بەمۆ و دێرین بەختیار و دیە نزار وەك سێ پاڵەوانی عیراق بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییەیان كرد.
ئەم كچە یاریزانانەی گۆڕەپان و مەیدانی كوردستان زۆر لێهاتووانە چەند میدالێكی زیو و برۆنزیان لە ملكرا، لە راكردنی 100 مەتر بەربەستی كچاندا كوردستان و دێرین توانیا هەردوو پلەی دووەم و سێیەمیی ئەم راكردنەی كچان بگرن و میدالەكانی زیو و برۆنزی ئەم یارییەیان بۆ عیراق دەستەبەر كرد، كوردستان توانی بە 14:30 سانیە ئەو ماوەیە ببڕێت و دێرینیش هەرهەمان ماوەی بە 14:55 سانیە بڕیوە. 
لە سێیەمین رۆژی پاڵەوانێتییەكەشدا ئەو كچە كوردانە توانیان میدالێكی تری زیو وەربگرن و پلەی دووەمییەكی تر بگرن، ئەمجارە هەرسێ كچە كوردەكە كوردستان و دیە و دێرین لەگەڵ بەرائە مەمدوحدا توانیان دووەمی راكردنی 4×100 مەتر پۆستەی كچان ببن و میسر یەكەم و تونس سێیەمی ئەم راكردنە بوو، لە ڕاكردنی 400 مەتریشدا جارێكی تر كوردستان چووەوە سەر پلیکانەكانی سەركەوتن و میالی برۆنز و پلەی سێیەمی ئەم راکردنەی کچانی گرت.
لەم پاڵەوانێتییەدا لەكۆی ئەو 17 وڵاتەی بەشدارییان كرد، تەنیا 13 وڵاتیان توانیان میدالە رەنگاو رەنگەكان ببنەوە، لە نێو ئەو 13 وڵاتەشدا هەڵبژاردەی عیراق پلەی 9 یەمینی گرت بە (6 زیو) و (4 برۆنز) و كۆی 10 میدال، لەم ئەنجامەشدا كچە كوردەکان توانیان لە كۆی ئەو 10 میدالە زیو و برۆنزانەی هەڵبژاردەی عیراق بەدەستیهێناون، نزیكەی نیوەی میدالەکان بەدەستبهێنن، بە تایبەتی كوردستان بەمۆ كەلە سێ چالاكیدا سێ میدالی زیو برۆنزی لەمل كرا.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان