ڤینیسیۆس بۆ وای كرد؟

11:28 - 2023-05-29
وەرزش
310 جار خوێندراوەتەوە

لە یاریی ڤالانسیا و ریاڵ مەدرید دا كە یاریی هەفتەی 35 ی هەردوو یانەبوو لە لالیگای ئیسپانیادا و شەوی یەكشەممە 21/5 كرا، سەرەڕای دۆڕاندنی ریاڵ مەدرید، ڤینیسیۆس جونیۆر و هاندەرانی ڤالانسیا كێشە و ئاڵۆزی لەنێوانیاندا درووستدەبێت، ئەمەش لەسەر ئەوەی هاندەرانی ڤالانسیا لەسەر مەدرەجەكانەوە وشەی نەشیاوی رەگەز پەرستییان ئاڕاستەی ڤینیسیۆس كردبوو پێیان ووتبوو مەیمون، بەمەش ئەم یاریزانە باری دەروونی تێكدەچێت و لە یاریگادا كۆنترۆڵ لەدەستدەدات و دواجاریش بە كارتی سوور كرایە دەروە.
سەرەتا دەبێت ئەوە بووترێت كە ڤینیسیۆس یەكێكە لەو یاریزانانەی لە یاریگادا زۆرترین ناڕەزایەتی دەنوێنێت، ناڕەزایەتی لە بڕیارەكانی ناوبژیوانان دەردەبڕێت و دەچێتەوە بەگژیاندا، بە هەموو فاوڵێك كە لێی دەگیرێت هەڵدەچێت و توڕە دەبێت.
ئەمانە بەلایەك لە لایەكی ترەوە هەموومان سەماكەی ئەم یاریزانەمان لە نێو یاریگای ئەتلەتیكۆ مەدریدا لەبیر ماوە، هاندەرانی ڤالانسیا زیرەك بوون بەوەی كە ئەزانن خاڵی بەهێزی یانەی ریاڵ مەدرید ئێستا ئەم یاریزانەیە و ئەگەر ئەم بگریت ئەوا ریاڵ مەدرید بارودۆخی باش نابێت، بۆیە لەم یارییەی ڤالانسیادا بۆ ئەوەی ئەو سەمایە دووبارە نەكاتەوە، بەو شێوەیە باری دەروونی ڤینیسیۆسیان تێكدا و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تیپی ریاڵ مەدرید بەگشتی باری دەروونی تێكبچێت و یارییەكەشیان دۆڕاند.
ئەگەر هەموو یاساكانی تۆپی پێ شی بكینەوە، شتێكی تیادا نییە و یاسایەكی تیادا نییە كە یاریزان لە هاندەران بپارێزێت، بەپێچەوانەوە هەمیشە دەبێت یاریزان كۆنترۆڵی خۆی بكات چونکە هاندەران ئازادن لەوەی چۆن هانی تیپەکانیان دەدەن.
وەك بینیشمان سزاكانی یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا زۆر قورس و گەورە نەبوون، ئەمەش لە پەراوێزی ئەوەدا كە هاندەران لەسەر مەدرەجەكانەوە ئازادن، بەپێچەوانەوە یاریزان هەموو یاسایەكی بەسەردا جێبەجێدەكرێت، بۆیە لەم جۆرە رووداوانەدا هەمیشە دەبێت یاریزان كۆنترۆڵی خۆی بكات نەك بەو شێوەیە بەگژ هاندەراندا بچێتەوە، ئەوەشمان بینیوە كاتێك یاریزانێك تووشی سەرزەنشتی رەگەز پەرستی دەبێتەوەو سوكایەتی بە ڕەنگی پێستی دەكرێت كە ڕەشپێستە، لە وەڵامدا ملی رێگادەگرێت یان دەچێتە دەرەوەی یاریگا یان داوای گۆڕین دەكات یان هەر رەفتارێكی تر، وەك ئەوەی كە بینیمان چۆن دانی ئالڤێسی یاریزانی یانەی بارسیلۆنا لە یەكێك لە یارییەكانی بارسیلۆنادا و لەكاتێكدا دەیویست لێدانێكی كۆرنەر جێبەجێبكات، مۆزێكی تێدەگرن وەك سوكایەتی بە رەنگی پێستی و بە مەیمونی دچوێنن، ئەوەیش وەڵامیان ناداتەوەو بەپێچەوانەوە هیچ خۆی تێكنادات و مۆزەكە هەڵەگرێتەوە پاكی دەكات و دیخوات و دواتریش كۆرنەرەكە جێبەجێدەكات.
لەبەر ئەوە یاریزانی سەنگین و دەرون بەهێز ئەوەیە لەم حاڵەتانەدا كۆنترۆڵ لەدەست نەدات، بەڵام كاتێك تۆ لەگەڵ هاندەران بكەویتە شەڕە قسە و شەڕە جنێو و سنگ بنێیت بە سنگیانەوە، ئەمە كارێكی عاقڵانە نییە و لەكاتی وەڵامدانەوەیاندا دەستبكەیت بە شەڕە قسە و جوێندان، ئەوا وەك ڤینیسیۆس یەكەم زیان بەخۆت دەگەیەنیت دووەم جاریش بە یانەكەت.
هەمیشە یاریزانە كاریگەر  و ئاست بەرز و ناودارەكان توشی ئەم حاڵاتانە دەبنەوە، ئێستا ئەم یاریزانە ناوی چۆتە ناو ناوان، بە یەكێك لە یاریزانە كاریگەرەكان دادەنرێت، بۆیە دەبێت ئەم چاو لە پێشەنگەكانی خۆی لە نموونەی مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ و چەندان نموونەی تر بكات كە ئەمانیش لە زۆربەی یاریگاكاندا توشی هەراسان كردن و هوهاو فیكەی ناڕەزایەتی بوونەتەوەو هیچ گوێشیان پێنەداوە، ئەوەتا مێسی لە یاریگای پارك دوفرانس فیكە و هوهای لێدەكێشن كە یاریگای یانەكەیەتی، بەڵام جوانترین یاریی دەكات، كریستیانۆ لە سعودیە لە یاریگای یانەكانی بەرامبەردا هەر هاواری مێسی لێدەكەن بەڵام كەمترین كاردانەوەی هەیە و كۆنترۆڵی خۆی دەكات، خۆ ئەوە رووداوەكەی ئالڤێسیش كەسەرەتا باسمانكرد هەمان ئەو حاڵەتەیە كەبەسەر ڤینیسیۆسدا هات بەڵام ئەو هەر گوێیشی پێنەدا.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان