خەباتی ئێستای یەكێتی، قۆناغی كردارە

09:20 - 2023-05-30
کوردستان
381 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتی، هەمیشە خەباتی نوێی بۆ قۆناغە نوێكانە و ئەمەش بۆتە بزوێنەر و بەردەوامیدان بە خەباتی هەمەلایەنەی یەكێتی، بۆ ئەو كاتانەی كە دۆزی مافی كورد لە گۆشەیەكەوە كەوتۆتە بەردەم مەترسی، یەكێتی شانی داوەتە بەر راستكردنەوە و پاراستنی قەوارەی هەرێم لەلایەك، لەلایەكی دیكەش دەستەبەری ژیان و گوزەران و ئاوەدانكردنەوە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی داگیرساندنی مۆمی 48 ساڵەی تەمەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، خەباتی ئێستای كردۆتە قۆناغی كردار و لەڕ‌ێی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەدات، ئەمە جگە لەوەی لە عیراقیش لەسەر رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال، هەوڵی دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ گەلی عیراق دەدات و نەبۆتە بەشێك لە ململانێ سیاسییەكان، بەپێچەوانەوە هەوڵی داوە بۆ چارەسەری كێشەكان لەڕێی گفتوگۆ و دانوستانەوە.
یەكدەنگیی یەكێتی كاریگەریی ئەرێنی هەبووە
فەهیمە سابیر ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاند: لە دوای كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، هەرگیز یەكێتی وەك ئێستا لەناوخۆیدا یەكدەنگ و یەكهەڵوێست نەبووە، بێگومان ئەمەش كاریگەریی ئەرێنی كردۆتە سەر ئەدای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وتیشی: یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش هەوڵی جددی داوە بۆ یەكڕ‌یزیی حزبە كوردستانییەكان و دەرگای ماڵەكەی مامی لە دوكان بۆ ئەو یەكڕ‌یزییە كردۆتەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی بە هەموو لایەنەكان بتوانرێت خزمەتی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكرێت.
یەكێتی شەڕی مافی پێكهاتەكان دەكات
یەكێتی، دروشمی خزمەتی بۆ خەڵك بەرزكردۆتەوە و هەوڵەكانی لە پێناوی دادپەروەری و بەدەستهێنانی مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی هەرێمی كوردستان چڕ‌تركردۆتەوە، هاوكات گرنگیداوە بە مافی پێكهاتەكان و هەرگیز خزمەتكردنی ئایینە جیاوازەكانیشی لەبیرنەكردووە. 
فەهیمە سابیر دەشڵێت: لەسەر رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال، یەكێتی لە هەرێمی كوردستاندا گرنگی بە ئایینە جیاوازەكان و پێكهاتەكان داوە و لەو چوارچێوەیەشدا داوایكردووە مافی پێكهاتەكان لە پەرلەمان پارێزراوبێت و لە ململانێ سیاسییەكاندا بەكارنەهێنرێن، بەڵكو نوێنەرەكانیان لە پەرلەمان نوێنەرایەتی راستەقینەی پێكهاتەكان بكەن و داكۆكیكاری راستەقینەیان بن.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتی، ئاماژەی بەوەشكرد: یەكێتی، دروشمی خزمەتی بۆ خەڵك بەرزكردۆتەوە و هەوڵەكانی لە پێناوی دادپەروەری و بەدەستهێنانی مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی هەرێمی كوردستان چڕ‌تركردۆتەوە و بە كردار سەلماندوێتی كە خزمەتی خەڵكی دەوێت.
یەكێتی بۆ تەبایی و خزمەتی گەلی عیراق هەوڵدەدات 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە رێكەوتنە سیاسییەكانی بەرگریكارێكی سەرسەختی مافەكانی هەرێمی كوردستانە و ئەمەشی بەكردار سەلماندووە. 
رابیحە حەمەد ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKMEDIAی راگەیاند: ئەگەر پێشتر یەكێتی، بە چەك بەرگریی لە مافەكانی گەلی كورد كردبێت، ئێستا بە رێكەوتنە سیاسی و دیپلۆماسی و پەیوەندییەكانی، بەرگریكارێكی سەرسەختی مافەكانی هەرێمی كوردستانە و ئەمەشی بەكردار سەلماندووە، راشیگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئێستا درێژە بەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانەی دەدات، كە لە بەغدا خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال، دروستیكردووە، هەرگیز هەوڵینەداوە بەشێك بێت لەو ململانێ سیاسییانەی كە لە عیراقدا هەن، بە پێچەوانەوە نێوانگیریی سەرۆكی یەكێتی لە كاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقدا، ئەو راستییەی سەلماند كە یەكێتی بۆ تەبایی و خزمەتی گەلی عیراق هەوڵدەدات.
هەوڵەكانی یەكێتی بەكردار چووە بواری جێبەجێكردنەوە
رابیحە حەمەد دەشڵێت: هەوڵە كردارییەكانی یەكێتی لە بەغدا بۆ سەقامگیریی عیراق و جێگیركردنی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان و خزمەتكردنی خەڵكی ناوچە جێناكۆكەكان، شاهیدی هەڵوێستی هەمیشەیی یەكێتین كە دەیدات لە پێناوی عیراقێكی دیموكراسی كە مافی هەموو خەڵكی عیراقی تێدا پارێزراوبێت.
ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی وتیشی: لەڕ‌ووی سیاسییەوە بە هەوڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، لەرووی ئیدارییەوە بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، توانرا رێكەوتنی هەرێم و بەغدا بەكردار بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر بكرێت و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بخرێتەوە سەر رێگا راستەكەی.
دامەزراندنی یەكێتی بۆ رزگاركردنی  خەڵكی كوردستان بوو
48 ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژی 1/6/1975، دوابەدوای هەرەسهێنانی شۆڕ‌شی ئەیلول، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر دەستی هەریەك لە (سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، د.كەمال فوئاد، د.فوئاد مەعسوم، عادل موراد، هۆمەر شێخ موس، عەبدولڕ‌ەزاق فەیلی)، دامەزرا. 
لەدایكبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەو كات و ساتە هەستیارەدا بۆ گەلی كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان پێویستییەكی لەڕ‌ادەبەدەر بوو، یەكێتی توانی دووبارە بەهۆی چەندین تێكۆشەری گەنج و رۆشنبیر و كۆمەڵانی خۆڕ‌اگری قارەمانی كورد جارێكیتر داوای مافە نەدراوەكانی گەلی كورد بكات، ئێستاش لێنەبڕ‌اوانە لە هەرێم و بەغدا سوورە لەسەر داواكردنی مافی هاووڵاتییان، هەر پارچەیەكی كوردستان پێویستی بە هاوكاری بووبێت، یەكێتی بێ دوودڵی دەستی هاوكاری و یارمەتی بۆ راكێشاوە.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان