پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

11:06 - 2023-06-01
کوردستان
237 جار خوێندراوەتەوە

لە یادی (48) هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتی و 47 ساڵەی یەکەم گڵپەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرین و زیندانییە سیاسیەکان، پێشمەرگەکانی سەنگەری بەرگری و پارێزگاری لە نیشتمان، خەباتگێڕان و جەماوەرە دڵسۆزەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم.
یەکێتی حزبی شەهیدان، خاوەن مێژووێکی پڕ سەروەرییە لە خەبات و تێکۆشانی رێگەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، هەمیشە بیروڕا و خوێندنەوەی تایبەت بەخۆی هەبووە بۆ گشت قۆناغە جیاجیاکان و کێشە کەڵەکەبووەکانی نێو کایەی سیاسی، گوزەران و زەحمەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لە ئاست بژێوی ژیان و دەستەبەری مافەکانیان بە ئەرک و خەمی خۆی زانیوە، ئەمەش گەواهیدەری ئەو راستییانەیە کە یەکێتی لە دیدگای بەرپرسیارێتی و لەسەر بنەمای دیموکراسی و ماف و ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە چینی کرێکاران و رەنجدەران درێژەی بە خەبات داوە.
هیواخوازم لەم یادەدا، یەکێتی وەک هێزێکی پێشکەوتنخواز و خاوەن ئەزموون لە پڕۆسەی حوکمڕانیدا لە روانگە دیموکراسی و پێشنیاز و تێزە پڕ واقیعییەکانی وەرچەخانێک بێنێتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردن و چەسپاندنی پرسە یاسایی و دەستوورییەکان، هەروەها کار بکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگاریی و بەربەستانەی کە لە بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عیراق و کوردستاندا هەیە.
 بۆ ئەمڕۆ و داهاتوومان گرنگە هەنگاوی جدی بنێین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی، یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان پارتە سیاسییەکان بکەین بە هەوێنی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکەمان، هەروەها کار بکرێت بۆ پڕۆسەی چاکسازی لە گشت بوارەکاندا، لەپێناوی هێنانەدی و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی کوردستان.
لە کۆتاییدا سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی دامەزرێنەر و سەرکردەی مێژوویی و خەباتگێڕی گەلەکەمان، هەڤاڵ مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شەهیدانی رێگەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان دادەنەوێم و دروود بۆ رۆحی پاکیان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2023/6/1

بابەتە پەیوەندیدارەکان