لەیادی حزبی شەهیداندا

11:52 - 2023-06-01
کوردستان
364 جار خوێندراوەتەوە

گەلاوێژ
وا ساڵێكی تر چووە سەر تەمەنی پڕ لە خەبات و قوربانیدانی حزبی شەهیدان و جەماوەر كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ە.
ئەوێ‌ رۆژێ‌ و بە دیاریكراوی 48 ساڵ لەمەوبەر كە تاریكایی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول باڵی رەشی بەسەر دڵ و دەروونی خەڵكی كوردستاندا كێشابوو و هێشتا گەلی كورد لە شۆك و خەم و بێئومێدیی داڕمانی شۆڕشدا بوون، ئا لەو ساتە مێژووییەدا كۆمەڵێك تێكۆشەری قاڵبووی خەبات و شۆڕش و پێشمەرگایەتی، شانی مەردانەیان دایەبەر باری گلاوی خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان و خۆیان وتەنی «هەرەسیان بە هەرەس هێنا».
رۆژی 1/6/1975 مامی كوردان مام جەلال و دەستەیەك لە هەڤاڵەكانی، بانگەوازی دەستپێكردنەوەی شۆڕشیان بڵاوكردەوە و نەعرەتەی شۆڕشگێڕان لە چیا و دۆڵ و دەشتەكانی نیشتماندا دەنگیدایەوە و جارێكی تر چرای هەڵگیرساوی خەبات و شۆڕش دڕی بەتاریكایی شەوەزەنگ دا.
ئیدی پەیتاپەیتا هەر گەنجی خوێن گەرم و هەر كەس و كەسێتیی دیار و هەر خوێندەوار و ئەكادیمیستیانی گەل بوون كە بەدەنگ بانگی حەقی شۆڕش و نەعرەتەی كوردەوارییەوە روویان لە بانگەوازەكەی سەرۆك مام جەلال و هاوڕێكانی كرد و بە چەكی پێشمەرگایەتی و بە بیری نوێخوازی و بە گیانفیدایی رێكخستنەكان شۆڕشی نوێی گەلەكەیان لە حزبێكی نیمچەبەرەییدا دەستپێكردەوە.
لەم دەیان ساڵەی تەمەنیدا و بە ئێستایشییەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جگەلەوەی دانیشتگەیەكی پێگەیاندنی سەركردەی سیاسی و سەربازی و فیكری و ئیداری و كادری بەتوانای سەرجەم بوارە جیاوازەكانی خەباتی پێشمەرگایەتی و سەركردایەتی و رێكخراوەیی و خەباتی پەرلەمانی و جەماوەرییە، لەهەمانكاتدا ئەوەندە خوێنی رۆڵەكانیشی بۆ بەدیهێنانی ئامانجی لەمێژینەی گەلی كوردستان و نەتەوەی كورد پێشكەش كردووە كە ناسناوی حزبی شەهیدانی بە باڵادا بڕاوە.
ئەگەرچی هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە رابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە سەركردایەتیی مامی گەورە، كارەساتی گەورەی وەك (هەكاری)ی بەسەرداهێنرا و دوای ئەویش بە دەیان هەوراز و نشێودا تێپەڕی و وەك شێری بریندار خوێنی لەبەردەڕۆیشت و دەیان و سەدان سەركردە و فەرماندە و هەزاران پێشمەرگەی جوامێری لەسەر خاكی پیرۆزی كوردستان، بە پارچەكانی تریشەوە، هەروەها لە زیندانەكانی رژێمی بەعسدا، بەخشی بە كورد و كوردستان و ئازادی و دیموكراسی.
یەكێتی و سەركردەكانی و پێشمەرگەكانی یەكێتی، وەك چۆن شەرەفی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشیان پێبەخشرا، بەهەمانشێوە شەرەفی درێژەدانی بێ‌ نووچدانی شۆڕشیان پێبڕا و كاروانی خەباتیان گەیاندە راپەڕینی سەرتاسەریی. ئیدی وەرچەرخانە مێژووییەكە روویدا  كورد بووە خاوەنی پەرلەمان و حكومەتی خۆی.
هێندەی نەبرد، ئەو پێشمەرگە و سەركردە كاریزمایەی كە هەموو ژیانی خۆی بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای گەلەكەی تەرخانكرد، بووە سەرۆكی كۆماری عیراق، بەمەیش بۆ یەكەمجار لەمێژووی ئەم وڵاتەدا كوردێك بووە سەرۆكێكی هەڵبژێردرا و كە سەرۆك مام جەلال بوو. ئەو سەرۆكەی كە مێژووی نوێی عیراق بەشانازییەوە ماوەی سەرۆكایەتییەكەی لە لاپەڕەكانی خۆیدا تۆمار دەكات و دیارترین و خاوەن زۆرترین جەماوەریان ناسناوی (صەمام ئەمان)ی هەموو عیراقی پێبەخشی.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هێندەی سەركەوتنەكانی، لەمپەری خرایە بەردەم و كارەساتی بەسەر هات، كۆچی دوایی سەرۆكەكەی لە هەموویان كاریگەرتر و پڕئێشتر بوو، ئەگەرچی مەحاڵە جێگەی پڕبكرێتەوە، بەڵام وا كوڕەكانی و هەڤاڵەكانی بەگرتنەبەری رێبازەكەی مام، درێژە بە كاروانە سەوز و سوورەكەی یەكێتی دەدەن.
لەمڕۆژەدا كە یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ە، سڵاو بۆ گیانی بەرزەفڕی سەرۆك مام جەلال، بەسەربەرزییەوە لەئاست شەهیدەكاندا دەست لەسەرسنگ دەوەستین و سڵاو بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان، سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان، سڵاو بۆ ئاپۆرەی جەماوەری سەوزپۆشی یەكێتییەكەمان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان