بۆچی چیای ئێڤرست دەنگی لێوە دێت؟

10:46 - 2023-06-04
دووتوێ
268 جار خوێندراوەتەوە

ئا: مانی دڵشاد


هەمیشە چیای ئێڤرستی زەبەلاح و نامۆ سەرچاوەی راکێشانی سەرنجی زانایان و شاخەوانان و لێکۆڵەران بووە بۆ گەڕان بەدوای سەرکێشیدا، بەڵام ئەوەی تا ئەم دواییانە بە نامۆیی ماوەتەوە و جێی دڵەڕاوکێ بووە ئەوەیە دوای رۆژئاوا بوون ژاوەژاو و دەنگە دەنگێکی ترسناک لە لوتکەی ئەو چیایەوە دێت!
ئەم دەنگانە جێی ترس بوون بۆ سەرکێش و دۆزەرەوەکان و زۆریان دەیانبەستەوە بە خێو و رۆحەکان، بەوەی لوتکەی چیاکە شوێنی ئەوانە و ئەو دەنگانە دەردەکەن تا هیچ کەسێک لەوێ نزیک نەکەوێتەوە.
بەڵام بەم دواییە ئەم گرێیە چارەسەر کرا و زانرا سەرچاوەی ئەو دەنگە سامناکانە چییە و بێگومان خێوەکان لەو تۆمەتە بێ بەری بوون، کاتێک کۆمەڵێک زانا بە رابەرایەتی یفجینی پۆدۆلسکی زانا لە ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی بەستەڵەکی باکوور لە زانکۆی هوکایدۆ گەشتێکی گەڕان و دۆزینەوەیان کرد بەنێو زنجیرە چیای هیمالایادا لە نیپال ساڵی 2018 بۆ زانینی ئەو دەنگە ترسناکانە لە شەودا، لەو گەشتەدا لێکۆڵینەوەکانیان دەریخست دابەزینی زۆری پلەی گەرما دوای رۆژئاوابوون بەرپرسە لەوە کاتێک سەهۆڵ و بەفری نێو دەریاچە سەهۆڵینەکانی دەوری چیای ئێڤرست داڕمان و بەریەککەوتنیان تێدا روودەدات دەبێتە هۆی ئەو دەنگانە.
بۆ ئاشکراکردنی ئەم نهێنییە، دکتۆر پۆدۆلسکی و تیمەکەی زیاتر لە هەفتەیەکیان بەسەربردن بە گەشتکردن بەنێو زنجیرە چیای هیمالایادا، لە کۆتاییدا گەیشتنە ئەو شوێنەی کەمپیان لێ دانا و دەستیان بە لێکۆڵینەوەکانیان کرد، بۆ ماوەی سێ هەفتە زانایان بەرگەی سەرمای سارد و سڕی سەهۆڵبەندانەکەیان گرت، کە سێ میل لە ئاستی دەریاوە بەرزە و لە بەرامبەر دیمەنی تەواوی چیای ئێڤرستدایە، کە بەرزییەکەی 29 هەزار پێیە لەسەروو دەریاوە، لە ماوەی مانەوەیاندا لەو سەهۆڵبەندانەدا، دکتۆر پۆدۆلسکی و تیمەکەی دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخسا خۆیان گوێیان لە دەنگە ترسناکەکان بێت، سەرۆکی گەشتەکە هێندە بە بەرز و ترسناک وەسفی کرد کە خەوتنیان زەحمەت بووە.
توێژەران هەستەوەریان لەسەر سەهۆڵەکە دانا بۆ پێوانەکردنی لەرزینەکان لە قووڵایی سەهۆڵبەندانەکەدا، ئەوەش هەمان ئەو تەکنیکەیە بۆ پێوانەکردنی قەبارەی بوومەلەرزە بەکاردێت، لەگەڵ شیکردنەوەی زانیاری بوومەلەرزەپێوانییەکان، دکتۆر پۆدۆلسکی و هاوکارەکانی دواجار توانیان پشتڕاستی بکەنەوە ئەو دەنگە دەنگەی شەوان دێت بەڕاستی پەیوەندی بە سەرمای زۆرەوە هەیە.
لە رۆژدا زاناکان دەیانتوانی بە ئاسوودەیی بە تیشێرتەوە کاربکەن، چونکە پلەکانی گەرما تاڕادەیەک گەرم بوون، بەڵام کاتێک شەو دەهات، پلەی گەرما بۆ -15 پلەی خوار سەدی دادەبەزێت، لەم سەعاتە ساردانەی شەودا، دکتۆر پۆدۆلسکی و تیمەکەی گوێیان لەو دەنگە بەرزانە دەبوو و تێبینیان کرد سەهۆڵبەندانەکان لە شەودا درزیان تێدەکەوێت.

سەرچاوە: خارج حدود الأدراک

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان