حەربی خالید؛ وەرزش و یادی یەکێتی وەرزشکارانی کەرکوکی کۆکردەوە

10:40 - 2023-06-05
وەرزش
224 جار خوێندراوەتەوە

بۆ وەرگرتنی زانیاری تەواو و پێویست لەسەر هەفتەی وەرزشیی كەركوك و چۆنییەتی رێكخستنی و بۆ ئەوەی بزانین كێ هاریكاریان بووە و بەپیرەوە هاتنی وەرزشكارانی كەركوك چۆن بووەو ئەنجامەكانیش چی بوون، ستادیۆم ئەم دیدارەی لەگەڵ حەربی خالید سەرۆكی لقی كەركوكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراقدا ئەنجامداو چەند پرسیارێكمان لێكردو ئەویش بەمشێوەی وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە. 

*بیرۆكەی ئەم هەفتەی وەرزشییە بۆ بەرز راگرتنی یادی 48 ساڵەی دامەزراندین یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چۆن بوو.
-بیرۆكەكە هی وەرزشكارانی دڵسۆزی كەركوك بووە، بیرۆكەكەمان بە لێپرسروانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیاند و ئەوانیش بەپیریەوەهاتن و وەڵامیان زۆر باش  بوو، ئەمەش هانی داین پەلە بكەین لە رێكخستنی ئەم هەفتە وەرزشییەدا.

*چۆن بیرۆكەكە بووبە كردار؟
-بۆ ئەم بیرۆكەیە لە بارەگای مەڵەبەندی رێكخستنی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، یەكەم كۆبوونەوەمان كرد، كۆبوونەوەكە بەسەرپەرشتی هەڤاڵان ئاسۆ مامەند ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی كەركوك و سەڵاحەدین و هەڤاڵ ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و رێبوار تەها ئەندامی سەركردایەتی و نوێنەری بۆردی وەرزشیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و  لێپرسراوی بەشەكانی وەرزش لە  مەڵبەندەكانی سنوری كەركوك و خۆیشم وەك لێپرسراوی نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق لە كەركوك و نوێنەرانی یانەكانی سنوری كەركوك و لیژنەی باڵای تیپە میلییەكانی كەركوك یەكەم كۆبوونەوەمان كردو بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی هەفتەی وەرزشیی كەركوك درا.

*چۆن كارەكانی بەڕێوەچوونی ئەم هەفتە وەرزشییەتان دابەشكرد؟
- بۆ بەڕێوەچوونی چالاكی و خولەكانی ئەم هەفتە وەرزشییە، سەرەتا لیژنەیەكی ناوخۆییمان پێكهێنا كە ئەركەكانمان بەمشێوەیە دابەشكرد:
-حەربی خالید سەرۆكی لیژنە.
-سامی هەورامی ئەندامی بۆردی وەرزشیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان-ئەندام.
-رەزای حاجی فایەق بەرپرسی وەرزشیی مەڵبەندی كەركوك-ئەندام.
-سەرجەم ئەندامانی بەشی وەرزشیی مەڵبەندی كەركوكیش ئەندامی ئەم لیژنەیە بوون، پاشان توانیمان سەركەوتووانە ئەركەكان بەباشی راپەڕێنین و بەبێ هیچ كێشەیەك كۆتاییمان پێهێنا.

*لەم هەفتە وەرزشییەدا چەند چالاكیتان ئەنجامدا؟
-چوار چالاكیمان ئەنجامدا، بەڵام چوار چالاكی بەرفراوان  بوون، یەكەمیان 48 تیپی میللی شاری كەركوك بەشدارییان لە خولێكی تۆپی پێدا كرد، دووەمیان خولێكی تۆپی پێی تر بوو بۆ 18 تیپی كۆمیتەكانی مەڵبەندەكان و تیپی سەتەلایتی كەركوك.
چالاكی سێیەمیشمان بریتی وبوو لە راكردنێكی ماوە درێژ كە چالاكییەكی بەرفراوان بوو سەرجەم بەشدار بووان بەدرێسی تایبەتی راكردنەكەوە بەشدارییان كرد كە درێسێكی سپی بوو وێنەیەكی گەورەی رەوانشاد مامی رەحمەتی لەسەر بوو، لە ڕاكردنەكەدا زیاتر لە 400 كوڕو كچی وەرزشكار بەشدارییان تیادا كردو ئەمە بۆ یەكەمین جارە راكردنێكی وا بەرفراوان و یاسایی لەوشێوەیە لەكەركوك رێكدەخرێت و سەركەوتووانەش كۆتاییهات.
لە راكردنە ماوە درێژەكەدا ناكرێت ناوی بەڕێزان رێزان ئەحمەد بەڕێوەبەری یەكەی چالاكی وەرزش و دیدەوانی خوێندنی کوردی كەركوك و د.سەباح حەسەن عەبدوڵڵا ئەندامی یەكێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عیراق لە یاد بكەین كە رۆڵی بەرچاو و كاریگەریان بینی لەوەدا كە راكردنەكە سەركەوتووانەو بەرێك و پێكی بەڕێوە بچێت، چوارەمیشیان خولێکی موای تای بوو بۆ یاریزانانی یانەکانی کەرکوک.

*لە چالاكییە وەرزشییەكاندا تەنیا كوردانی كەركوك بەشدار بوون یانە نەتەوەكانی تیش بەشدارییان كردبوو؟
-ئەوەی مایەی دڵخۆشی هەمووان بوو ئەوەبوو كە جگەلە كوردانی شاری كەركوك، وەرزشكارانی سەرجەم نەتەوەكانی تریش بەشدارییان كرد، دەتوانم بلێم كە زیاتر لە 2500 وەرزشكاری كوڕو كچی شاری كەركوك  و سەرجەم یانەكانی كەركوك و یەكەی چالاكی وەرزش و دیدەوانی كەركوك،  خوێندنگەكانی كەركوك، یاریزانانی گۆڕەپان و مەیدانی شاری كەركوك، وەرزشكارانی كەركوك  بەبێ جیاوازی بەشدارییان كردبوو.

*بەڕای تۆ ئەم ئاوێتە بوونەی وەرزشكارانی كەركوك بەبێ جیاوازی چ مانایەكی هەیە؟
-مانای ئەوەیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكەركوك بنكەو پایەیەكی بەهێزی هەیە و ساڵ بەساڵیش لەگەشەكردنی زیاتریشدایە.

*كێ هاریكار و هاندەرتان بووە لەوەدا كە ئەم هەفتەی وەرزشییە سەركەوتووانە بەڕێوە بچێت؟
-لەم هەفتە وەرزشییەی یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا هەڤاڵ ئاسۆ مامەند رۆڵی سەرەكی و كاریگەری بینی تا سەركەوتووانە بەڕێوەبچێت، پاشان ناكرێت رۆڵی هەڤاڵ ستران عەبوڵڵا و هەڤاڵ رێبوار تەها و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی 18 ی رۆژهەڵات و 17 ی رۆژ ئاواو بە تایبەتی مەڵبەندی كەركوك لە یاد بكەین.
 
*دواكاری حەربی خالید چییە؟
-داوا دەكەم یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هاریكاری زیاتری وەرزشی شاری كەركوك بكات چونكە لەرێگەی وەرزشەوە دەتوانین زیاتر خۆشەویستی و برایەتی نێوان كوردو نەتەوەكانی تر شاری كەركوك زیاتر و پتەو تر بكەین.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان