رۆڵی یەكێتی لە عیراق بەرزدەنرخێنرێت

11:21 - 2023-06-05
عیراق
428 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتی رۆڵی نیشتمانیی گەورەی لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان هەیە و داكۆكیكاری راستەقینەی ماف و شایستەكانی گەلی كوردستانە

رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە عیراق بەگرنگ دەزانرێت، چاودێرێكی سیاسی دەڵێت: یەكێتی كارەكتەرێكی كارای گۆڕ‌ەپانی سیاسیی عیراق و كوردستانە و رۆڵی لە چارەسەری كێشەكاندا دیارە.

ریاز وەحیلی چاودێری سیاسی بە سایتی PUKMEDIAی راگەیاندووە: یەكێتی حزبێكی دێرینە و هەر لە سەردەمی سەرۆك مام جەلال-ەوە كاریگەریی لەسەر عیراق هەبووە و ئێستاش ئەو كاریگەرییەی بەردەوامە، وتیشی: یەكێتی كارەكتەرێكی كارای گۆڕ‌ەپانی سیاسیی عیراق و كوردستانە و رۆڵی یەكلاكەرەوە و مێژوویی هەبووە لە پێكهێنانی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق و هەڵوێستی شەرەفمەندانەی لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان نواندووە، راشیگەیاند: یەكێتی رۆڵی نیشتمانیی گەورەی لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان هەیە و داكۆكیكاری راستەقینەی ماف و شایستەكانی گەلی كوردستانە و هیچ پڕۆسەیەكی سیاسی لە عیراق بەبێ بەشداریی یەكێتی سەركەوتوو نەبووە، ئەمەش بەهۆی رۆڵی یەكلاكەرەوە و هەوڵە بەردەوامەكانی لەپێناوی چارەسەری كێشە و ناكۆكییەكاندا.
هەروەها، واسق جابری شرۆڤەكاری سیاسی رایگەیاندووە: یەكێتی تێكۆشەرانە لە دژی دیكتاتۆرییەت و لەپێناوی ئازادی گەلی كوردستاندا خەباتی كردووە و ئەو خەباتەشی بووە هۆی رزگاركردنی گەلی كورد لەدەست رژێمی پێشووی عیراق، دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت كە یەكێتی دامەزرێنەری ئەزموونی دیموكراسییە لە عیراق و رۆڵی هاوسەنگی و نزیككردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكان و چارەسەری كێشەكانی لە كاتی گرفت و ناكۆكییە سیاسییەكاندا، گێڕ‌اوە.
هەر لەوبارەیەوە، مەیسون دەمەلوجی ژنە سیاسەتمەداری عیراق بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: یەكێتی بە سەرۆكایەتی سەرۆك مام جەلال، هەموو هەوڵێكی بۆ لێك نـزیككردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكانی لایەنە سیاسییەكان بووە و هەر ئەمەش بووە كە نازناوی سەمامی ئەمانی پێبەخشراوە، وتیشی: یەكێتی لە جێبەجێكردنی  ئەركە گەورەكانیدا سەركەوتوو بووە و توانیویەتی سازان و لێك نـزیككردنەوەی بۆچوونی جیاوازی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەرجەستە بكات و تا رادەیەكی زۆر سەقامگیریی بۆ عیراق دەستەبەر بكات.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان