‎مژدەی فراوانتركردن بە دژەتیرۆر دەدرێت

10:09 - 2023-06-06
کوردستان
438 جار خوێندراوەتەوە

دژەتیرۆر لە یەك ساڵدا لە سلێمانی 435 ئۆپەراسیۆنی جیاوازی كردووە، جگە لە دەستەبەركردنی ئارامی و ئۆقرەیی، كاریگەریی زۆریان هەبووە، لەسەر پاراستنی ئاسایشی هەرێم و عیراق و ناوچەكەش، هەربۆیە سەرۆكی یەكێتی، خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشین و پێیوتن: «لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین تا هێزەكانی دژەتیرۆر فراوانتر و بەهێزتربكرێت، تا قەڵغانێكی پتەوتربن بۆ پاراستنی كوردستان».
دژەتیرۆر، هێزێكی نیشتمانییە و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق و تەنانەت لە جیهانیش، جێگەی باوەڕ‌ە و وەك هێزێكی گەنج و بەتوانا بەگرنگییەوە لێی دەڕ‌وانرێت، سەردان و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەكانیشی لەڕووی پاڵپشتییەوە فراوانتردەبێت.
سەرۆك بافڵ بۆ دژەتیرۆر: مێژووتان پڕ شانازییە
لە نوێترین دیداری بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندەكانی دژەتیرۆردا، خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشین و رایگەیاند: «ئێوە وەك یەكەم هێزی دژەتیرۆر لە كوردستان نموونەی فەرماندەی دڵسۆز و بەئەمەكی كوردستانن و مێژوویەكی پڕ‌ لە شانازیتان تۆماركردووە و چالاكییەكانتان لەپێناوی پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و خەڵكە خۆشەویستەكەی، گەواهیدەری دڵسۆزی و ماندوونەناسیی ئێوەیە».
عیراق پشت بە دژەتیرۆر دەبەستێت
هێزە ئەمنییەكانی عیراق، بە گرنگییەوە لە دژەتیرۆر دەڕ‌وانن و وەك هێزێكی تۆكمە و گەنج و بەتوانا پشتی پێدەبەستن.
بەهۆی سەركەوتنەكانی بەڕ‌ێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر، ئێستا هەوڵێك هەیە بۆ فراوانكردنی چالاكییەكانی، كە تەواوی پارێزگاكانی عیراق بگرێتەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دژەتیرۆری عیراق، كار بۆ سەقامگیریی كۆی وڵات بكەن. لە رابردووشدا چەند جارێك دژەتیرۆری عیراق و دژەتیرۆری سلێمانی، لەسەر دەستەبەركردنی ئارامیی زیاتر بۆ ناوچە جێناكۆكەكان، كۆبوونەتەوە و بڕیاری فراوانكردنی هەماهەنگییەكان دراوە.
ناتۆ پشتیوانیی دژەتیرۆر دەكات
بەڕ‌ێوەبەرایەتیی دژەتیرۆر لە سلێمانی، لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ هاوپەیمانان و دژەتیرۆری عیراق، رۆژانە پێكەوە ئۆپەراسیۆنی ورد رێكدەخەن. دژەتیرۆری سلێمانی؛ لە ئاستی باڵادا و لەلایەن هێزەكانی دەرەوەی هەرێمەوە، دانیپێدانراوە لەڕووی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەوە. لە ئاستی جیهانیشدا ستایشی هەوڵەكانی دژەتیرۆر دەكرێت كە بۆتە هێزێكی كاریگەر لە روبەڕ‌وبوونەوەی تیرۆردا، هەر ئەوەشە وایكردووە لە رابردوودا چەندین وەفدی دیپلۆماسی و سەربازیی وڵاتان سەردانی دژەتیرۆر بكەن. كرستیان تۆرنینگ باڵیۆزی دانیمارك لە عیراق لەبارەی دژەتیرۆرەوە وتوویەتی: «وڵاتەكەمان وەك ئەندامێكی ناتۆ، پشتگیریی زیاتری دژەتیرۆری سلێمانی دەكات لەپێناوی ئارامی و سەقامگیری».
دژەتیرۆر دامەزراوەیەكە جێی شانازی و باوەڕ‌ و متمانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە
بەپێی بەدواداچوونێكی PUKMEDIA، دژەتیرۆر لە یەك ساڵدا لە سلێمانی 435 ئۆپەراسیۆنی جیاوازی كردووە، ئەمە جگە لە ئۆپەراسیۆنە كاریگەرەكانیان دژی تیرۆریستان، هەروەها چەندین تیرۆریستیان دەستگیركردووە، ئەمەش وایكردووە خەڵكی كوردستان وەك هێزێكی جێی باوەڕ‌ و متمانە سەیری بكەن.
ئەركیان پاراستنی خاكی كوردستانە
دژەتیرۆر-CTG، شاری هەولێر و مەخموریان پاراست، لەكاتێكدا خەڵكەكەی بەهۆی مەترسیی داعشەوە هەڵاتن بەرەو ناوچەكانی تر و دەسەڵاتدارانی ئەو سنوورەش دەستەوەستان بوون و هیچیان پێنەكرا.
پسپۆڕ‌ێكی سەربازی لە هەرێمی كوردستان لەبارەی رۆڵی دژەتیرۆر، قسەی بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA كردووە و دەڵێت: «دژەتیرۆر هێزێكی نیشتمانییە و جێی باوەڕ‌ی خەڵكی عیراق و هەرێمی كوردستانە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەم هێزە جێی متمانەیە و رۆژ بەڕۆژ پەیوەندییەكانی لەڕووی نێودەوڵەتییەوە فراوانتردەبێت». باسی لەوەشكردووە كە «وەك ئەوەی لە هەولێر و مەخموور و تەنانەت پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بینیومانە، هەر كاتێك مەترسییەك لەسەر كوردستان دروستبێت، دژەتیرۆر لەوێ ئامادەیی دەبێت و گورزی جەرگبڕی دەبێت، هەر ئەوەشە وادەكات بڵێین بەڵێ فەرماندەكانی دژەتیرۆر شایستەی باشترین خەڵاتی رێزلێنانن».
دژەتیرۆر، لاوازی و راكردنی هێزی دیكەی داپۆشیوە
دژەتیرۆر، لە زۆر نەبەردی و وێستگەی گرنگدا لاوازی و كەوتن و هەڵاتنی هێزی تری داپۆشیوە، كە ئەو هێزە قەبانە بە قسەی خۆیان ناوی پیرۆزی بەرەنگاری تیرۆریان هەڵگرتووە، بەڵام لە كرداردا هیچیان پێنەكراوە و لە مەیدانی شەڕدا رایانكردووە و لە مەیدانی دەستكەوت و خۆگیڤكردنەوەی بەردەم كامێراكانیشدا بە سێڵفی و بە پارەداری و كەشوفش، خۆیان كردۆتە شەریكی قوربانیدانی دژەتیرۆری یەكێتی.
دژەتیرۆر بە هاوكاریی ئەمریكا و هاوپەیمانان دامەزراوە
دامەزراندنی بەڕ‌ێوەبەرایەتیی دژەتیرۆری یەكێتی 20 ساڵ لەمەوبەر، بە هاوكاریی ئەمریكا و هاوپەیمانان بووە و ئێستاش هەماهەنگی ورد هەیە لەنێوانیاندا بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر لە ئاستی جیهاندا. بەڕ‌ێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر هێزێكی نیشتمانییە، لە كەسانی نیشتمانپەروەری هەرێمەكەمان پێكهاتووە، یەك بە یەكی ئەو كەسانە ئامادەن ژیانی خۆیان فیدابكەن، شەهیدەكانیشیان لە شەڕی دژی تیرۆردا شاهیدی ئەو راستییەن.

PUKMEDIA

#بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر

بابەتە پەیوەندیدارەکان