فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ لابردنی بڕگەی گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هانای بۆ نەوەی نوێ برد، ئەوانیش وەڵامەكەیان بەدڵی پارتییە و هاوهەڵوێستیان بۆ دووپاتكردەوە و دژی ئەوەن ئەو مادە و بڕگانە پەسەند بكرێن كە لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمن بە تایبەتی گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە.
ماددەكانی 12 و 13ی پڕۆژەیاسای بودجە كە پەیوەستن بە ھەرێمەوە پەسەندكران و پشكی ھەرێم بە 12.67٪ جێگیركراوە كە بۆ ئەمساڵی 2023 بەو پێیە پشكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 24 تریلیۆن دینارە كە زیاتر لە 19 ملیار دۆلار دەبێت، لە كۆی زیاتر لە 197 تریلیۆن دینار كە بودجەی عیراقە.
فراكسیۆنی پارتی و نەوەی نوێ لە دوای تویتەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران هاوهەڵوێستیان راگەیاند و دژی گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە یەكیان گرت لە كاتێكدا پشكی هەرێم بە زیاتر لە 24 ترلیۆن دینار دیاریكراوە و گێرانەوەی پاشەكەوت كە هەوڵ و داوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بە مەترسی بۆ "یەكڕیزی و پاراستنی قەوارەی هەرێم" لێكدەدرێتەوە.
ئێستا كوردایەتیمان پێئەفرۆشنەوە
بەیار عومەر، كوڕی ملازم عومەری تێكۆشەر و پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانییە و زۆربەی تەمەنی بە خەباتی پێشمەرگایەتی و رزگاری كورد تەرخان كرد، لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك دەڵێت، "بە هەموو برادەرانی (یەكگرتوو و نەوەی نوێ)، 10 كەسیان تیا نییە پێشمەرگە بوبێت، كەچی ئێستا كوردایەتیمان پێئەفرۆشنەوە؟!"
دەشڵێت، "پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی و وتنەوەی دروشمە ساختەكانیان هیچ پەیوەندیەكی بە نیشتیمانپەروەرییەوە نییە".
ئەگەر ئێوە كردوتانە یەكێتی چۆن دەتوانیت لایبەرێت
پێشتر هەندێك لایەن و پەرلەمانتار كە "ئێستا دژی گێڕانەوەی پاشكەوتن" دەیانوت "ئێمە" خاوەنی پرۆژەی گێڕانەوەی پاشەكەوتین، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوەی پەسندكردنی ئەو بڕگە و مادانەی لە بەرژەوەندی هەرێم و مووچەخۆرانە، "ئەوان" پارتی و نەوەی نوێ هاوهەڵویست بوون لە دژی گێڕانەوەی پاشەكەوت.
بەهجەت ئەحمەد، پسپۆر لە بواری گرێبەستە نەوتییەكان بە PUKMEDIA ی راگەیاند، "ئۆپۆزسیۆنە پۆپۆلیستەكان لە كوردستان ھەموو ھاواریان بوو گوایە ئەوان بڕگەی گەڕاندنەوەی 10٪ پاشەكەوتی مووچەیان جێگیركردوە، بەڵام ئێستا هەر ئەوانن كەوتوونەتەوە ھاوار كە گوایە یەكێتی رازی بووە ئەو بڕگەیە لابرێت، ئەگەر ئێوە كردوتانە یەكێتی چۆن دەتوانیت لایبەرێت".
وتیشی، "قەوارەی هەرێم هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە و تەنیا ئەو بڕگەیەی پڕۆژەیاسای بودجە گەرەنتیە تا جارێكی دیكە زوڵم لە خەڵك و سنووری پارێزگای سلێمانی نەكرێت، خەلكی سلێمانی مافی خۆیەتی شایستەی دارایی خۆی وەربگرێت".
یەکێتی مافی مووچەخۆرانی هەرێم لە پڕۆژەیاسادا دەچەسپێنێت
نوێنەرانی عیراق گفتوگۆ لەسەر پەسندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی دەكات و گەیشتۆتە مادەو بڕگەكانی تایبەت بە هەرێم.
سەرچاوەیەك لە نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاند، "فراكسیۆنی یەكێتیی مافی مووچەخۆرانی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە دەچەسپێنیت" .
دەشڵیت، "فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدایە بۆ گەڕانەوەی قوتی خەڵك و ناھێڵێت مافە دەستوورییەكان خەڵكی كوردستان مامەڵەی ژێر بەژێری پێبكرێت".
هەوڵەكانی یەكێتی لە كاتێكدایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و نەوەی نوێ هەموو هەوڵێكیان خستۆتەگەڕ تا پاشەكەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەمپەری بۆدروست بكرێت و نەگەڕێتەوە، بیانوی پارتی و نەوەی نوێ ئەوەیە كە گوایە كە مەترسی لەسەر یەكڕیزی و قەوارەی هەرێم هەیە، بەڵام پارتی و نەوەی نوێ هیچكاتێك ئامادە نەبوون كورد بە یەكڕیزی بچێتە ناو پرسە نیشتمانییەكان لە هەرێمی كوردستان و لە بەغداش.
پێشنیازی یەكێتیی بۆ پاشەكەوت
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند، "لە كۆبوونەوەی لیژنەی داراییدا ماددەكانی 13 و 14 كە تایبەتن بە پشكی هەرێم و گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵەكانی 2023 و 2024 و 2025 پەسەندكران، كە دوو بڕگەی سەرەكی بوون و لە لایەن یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە پێشنیاركراون".
جریوەی شاسوار بۆ پارتی
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی نەوەی نوێ بە جریوەیەكی تویتەر وەڵامی مەسرور بارزانی و هێمن هەورامی دەداتەوە و دەبێتە هاوهەڵوێستیان و دەڵێت، "هەوڵدان بۆ لەتلەتكردن و لاوازكردنی هەرێم و دامەزراوەكانی هەرێم، هیچ ئازایەتی و شەهامەتی تیا نییە، بەڵام تەنها مرۆڤە رەسەنەكان و سەركردەكان دەتوانن چاكسازی بكەن و وڵاتەكەیان پێشبخەن، بۆیە دژی هەموو هەوڵێكی لەو جۆرە دەبین لە داهاتوودا".
بە هەمان شێوەی سەرۆكی حزبەكەی، رێبوار ئەورەحمان ئەندامی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا دەڵێت، "قەوارەی هەرێمی كوردستان لای ئێمە هێڵی سوورە، دەستبردن بۆ یەكگرتوویی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە".
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەجێگیركردنی ماددەكانی (13 و 14) حكومەتی هەرێم ناچار دەكات "قەبارەی ئەو پاشەكەوت و لێبڕین و مووچە نەدراوانەی فەرمانبەران بەرێژەی 10% بگێڕێتەوە" كە ماوەی 6 ساڵ بەردەوام بوو، كە قەبارەی قەرزی پاشەكەوت دەگاتە 20 ترلیۆن دینارە و لەسوودی زیاتر لە یەك ملیۆن و 250 هەزار مووچەخۆرە.
PUKMEDIA