پێشنیازی یەکێتی لە مادەی 14ی بودجەدا پەسەندکرا

09:51 - 2023-06-11
ڕاپۆرت
496 جار خوێندراوەتەوە

پێشنیازی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مادەی 14ی بودجە و لە دانیشتنی شەوی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا کە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات بەهەر خەرجییەکی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.
هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "بەهەوڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكسانی لە نێوان پارێزگاكاندا لە بودجە پەسەند كرا و حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە".
هاوکات د.نەرمین مەعروف، غەفور ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIAی راگەیاند، "لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگدرا لەسەر بڕگەی 8ی مادەی 14 کە وەک پێشنیازی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشکەشکرابوو بە لیژنەی دارایی و تایبەتە بە پابەندکردنی حکومەتی هەرێم کە بەر لە هەرخەرجییەک پێویستە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەشبکات بە پێی یاسا بەرکارەکان و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پشکی پارێزگاکانی هەرێم لە بودجە دابەش بکات".
دەشڵێت، "بەپێچەوانەوە، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ پێویستە هەموو رێکارێک بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم بڕگەیە بەگرەنتی تەمویلکردنیشەوە".
هەر لەو بارەیەوە د.ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "بڕگەی پارێزگاكان كە  پێشنیاری فراكسیۆنی یەكێتی بوو لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند كرا.. یەكێتی بەڵێنەكەی خۆی بردەسەر".
لە دانیشتنی شەوی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا 7 بڕگە لە مادەی 14 بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کراوە، کە بڕگەی 8 لە ماددەی 14  پابەندکردنی  حکومەتی هەرێمە، کە پێویستە بەر لە هەر خەرجییەک مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەشبکات بە پێی یاسا بەرکارەکان و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پشکی پارێزگاکانی هەرێم لە بودجە دابەش بکات بەپێچەوانەوە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ پێویستە هەموو رێکارێک بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم بڕگەیە بە گرەنتی تەمویلکردنیشەوە.
PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #بودجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان