شیڤۆنتیک یەکەم خەڵاتی مەزنی ئەمساڵی بردەوە

10:09 - 2023-06-12
وەرزش
125 جار خوێندراوەتەوە

ماستەرز و گراندسلامەكان بەردەوامن و تائێستا پێنج ماستەرز و یەك گراند سلام كراون و دووەمین گراند سلام كە گراند سلامی رۆڵاند گارۆسە لە پاریس دوێنێ کۆتاییهات.

ئەوانەی كراون
ئەو ماستەرز و گراندسلامانەی تا ئێستا كراون ئەمانەی خوارەوەن كە بەرامبەریان پاڵەوانەكانیشیان نووسراوە:
*گراند سلامی ئوستورالیا ئۆپن (كوڕان-جۆكۆڤیچ) (كچان – سابالینكا).
*ماستەرزی ئیندیانا وێڵز (كوڕان-ئەلكاراز) (كچان –رایباكینا).
*ماستەرزی مەیامی (كوڕان-میدڤیدییڤ) (كچان – كفیتۆڤا).
*ماستەرزی مۆنتیكارلۆ (كوڕان-رۆبۆلیڤ).
*ماستەرزی مەدرید (كوڕان-ئەلكاراز)(كچان – سابالینكا).
*ماستەرزی رۆما (كوڕان-میدڤیدییڤ)       (كچان – رایباكینا).

گراند سلامی رۆڵاند گارۆس
رۆڵاند گارۆس دووەم گراند سلامی ئەمساڵە رێكدەخرێت، 28/5 دەستیپێكردووە و تا دوێنێ 11/6/2023 بەردەوام بووە، سەرجەم كوڕو كچە ناودار و خاوەن پلە باشەكانی ریزبەندیی بەشداربوون، پاش چەندین یاریی بەهێز لە نێوان کوڕ و کچە بەشدارەکاندا دواجار هەردوو خولی کوڕان و کچان گەیشتنە یاریی کۆتایی.

کچان
رۆژی شەممەی رابردوو ئیگا شیڤیۆنتیکی پۆڵەندی و کارۆلینا مۆچۆڤای چیکی یاریی کۆتاییان کرد، شیڤیۆنتیک لە یاریی پێشکۆتاییدا لە هاداد مایای بەرازیلی بردەوە، مۆچۆڤاش لە ئارینا سابالینکای بیلۆروسی بردەوە.
لە یاری کۆتاییشدا شیڤیۆنتیک توانی یەکەم جامی گراند سلام لەم ساڵدا بەرز بکاتەوە پاش ئەوەی توانی 2-1 لە مۆچۆڤا بباتەوە، ئەمساڵ لە کۆی پێنج ماستەرزو دوو گراند سلام کە تا ئێستا کراون، ئەمە یەکەم جامە لە جامەکانی ماستەرز و گراند سلامەکان کە ئەمساڵ شیڤیۆنتیک بەرزیدەکاتەوە.

کوڕان
سەبارەت بە یاریی کۆتایی کوڕانیش کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی لە یاریی پێش کۆتایی کوڕاندا نەیتوانی بەربەستی نۆڤاک جۆکۆڤیچی سربی ببڕێت و لەم قۆناغەدا (3-6)(7-5)(1-6)(1-6) بە جۆکۆڤیچ دۆڕا، دۆڕاندنەکەشی زۆر چاوەڕوان نەکراو بوو بەتایبەتی هەردوو سێتی سێیەم و چوارەم.
یاریی دووەمی پێشکۆتاییش بە هەمان شێوە زڤیریڤی ئەڵمانی 3-0 بە کاسپەر رۆدی نەرویچی دۆڕا، بەمەش هەردوو براوەکانی ئەم دوو یارییە جۆکۆڤیچ و رۆد دەبێت دوێنێ یاریی کۆتایی ئەم گراند سلامەیان کردبێت.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان