خەسرەو گورون
79
لە ژمارەی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمەدا تیشكێكم خستە سەر یەكەم یارییمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق-گروپی باكوور بۆ وەرزی 1989-1990، یارییەكەش یەكەم یاریی ئێمە بوو لە یاریگای خۆماندا و لەگەڵ تیپی یانەی 1 -ی حوزەیرانی كەركوك بوو، یارییەكە رۆژی 3/11/1989 لە یاریگای سلێمانی كردمان و 0-1 دۆڕاین.
دووەم یارییمان رۆژی 10/11/1989 هەر لە یاریگای سلێمانی كردمان، هاندەرانێكی زۆر ئامادەبوون، یارییەكەشمان بەرامبەر یانەی كەرامەی شاری كەركوك بوو، كاك سەعدی غەریب راهێنەری تیپەكە و خوالێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان سەرپەرشتیاری تیپەكە بوو، خوالێخۆشبوو دكتۆر عەتا-ش وەك چارەسەركەر لەگەڵماندا بوو.
تیپە پلە دووەکانی یانەكانی عیراق لەو وەرەزدا لەسەرتاسەری عیراقدا كرابوون بە سێ گروپەوە، تیپی یانەی سلێمانی لە گروپی باكووردا بوو لەگەڵ ئەم تیپانە (سلێمانی، 1 ی حوزەیران و كەرامە و سەورە لە شاری كەركوك، موسڵ و فتووە لە موسڵ، برایەتی لە هەولێر، سەڵاحەدین لە تكریت)، سیستمی یارییەكان خولێكی دوو قۆناغ بوو، یەكەم و دووەمی هەرگروپێك دەگەیشتنە قۆناغی دووەمی یارییەكانی خولەكە، بردنەوە 2 خاڵ و یەكسان بوون 1 خاڵ بوو.
سەعات 3 ی عەسری ئەو رۆژە فیكەی دەستپێك بۆ دووەم یارییمان لێدراو ناوبژیوانانیش لە هەولێرەوە هاتبوون، ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی بە درێسی سپی و ئەوانیش بە درێسی شینەوە یارییان دەكرد، لەم یارییەدا ئێمە بە پلانی 4-4-2 یارییمان كرد و پێكهاتەكەشمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی: هیوا محەمەد.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، داخل جەبار، هادی كەریم، نەوزاد مستەفا.
*ناوەند:سۆران ئەحمەد، كەریمە سوور، فەرەیدون كەمال، ئاسۆ قەلە.
*هێرشبەر:ئازادی حاجی مەلا شەریف، بەختیار رەشید.
لەیارییەكەشدا راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەی كرد:خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمەفەرەج بۆ شوێنی سۆران، ئامانجی سەید برایم بۆ شوێنی فەرەیدون كەمال، نازم عەرەب بۆ شوێنی بەختیار، ئەم یاریزانانەش یەدەكی تیپەكە بوون:سیروان محەمەد، تەهای بابان، بەكری شێخ مستەفا، جەلالی كانیاو، موحسینی هەڵەبجە، گۆڵەكانی سلێمانی كەریمە سوور، د:18، ئازادی حاجی مەلا شەریف، دەقیقەكانی 47 و 75 كردیان.