ئەریک برینگۆلفسۆن
ئەندرۆ مەکاڤی
لەعەرەبییەوە: فەیسەڵ عەلی
ئەو هەقیقەتە قورسەی دانی پێدا نانێین
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، پێشتر لەگەڵیدا رانەهاتبووین، ئامێرێک هەیە باشتر لە هەر مرۆڤێک گەمەی ستراتیجی دەکات، دامەزراوە هەڵکەوتووەکانی وەک (ئەپڵ) و (گوگڵ)، دامەزراوە شارەزاکانی تری بوارەکەی خۆی، وەک (نۆکیا) دەڕووخێنێت، داهێنان و هزری ئەو بەکارهێنەرانەی لە مەخرەجاتی تاقیگەکانی توێژینەوەکانی دامەزراوە زەبەلاحەکان زیرەکترن، ئێستا عەقڵەکان تێکەڵ بە ئامێرەکان دەکرێن، بەرهەمەکان بە سەکۆکان، ئیدارەی دامەزراوەکان بە بەکارهێنەران، تای تەرازوو بەلای بەرژەوەندیی ئامێر و سەکۆ و بەکارهێنەراندا دەشکێتەوە، ئەمەیش گۆڕانکاریی ریشەیی بە سەر شێوازی ئیدارەی دامەزراوەکانمان و شێوازەکانی ژیانمان دەهێنێت.
بە یەکگەیشتن و تێکەڵبوونی نێوان عەقڵ و ئامێرەکان، کە بیست ساڵە دەستی پێکردووە، لە بنچینەدا لە حوکمە ئەبستراکتی مرۆیی و هەستی ناوخۆیی و توانای هەست و پێشبینی کردنمانەوە سەرچاوەی گرتووە، دوای چەند دەیەیەک لە مشتومڕ، توێژینەوەکان سەلماندیان ئێمە بە دوو رێگەی جیاواز بیر دەکەینەوە، ئەو توێژینەوانە خەڵاتی نۆبڵی لێ بەدەستهات، کە (دانیال کانمان) وەک پێشەنگیی ئابووریی رەفتار (الاقتصاد السلوکي) وەریگرت، (کانمان) لە توێژینەوەکانیدا سەلماندی کە هەموومان دوو شێوازی بیرکردنەوەمان هەیە، ئەمانەی خوارەوەی بەسەردا دابڕی:
* (سیستمی 1): خێرا و لەخۆڕایە و لەسەر ئاستی پەرەسەندن کۆنە و کەمێک هەوڵی دەوێت، هەروەها پەیوەستە بەوەی پێی دەڵێین، خێراتێگەیشتن.
* (سیستمی 2): بە تەواوی پێچەوانەیە، خاو و بەئاگایە و لە رووی پەرەسەندنەوە نوێیە، کاری زۆری دەوێت.
بۆچی زۆربەی جار بڕیارە مرۆییەکانمان بە تەواوی هەڵەیە؟ چونکە (سیستمی 1) خێرایە و هەوڵی زۆی ناوێت و لایەنگیریی بەسەردا زاڵە، لەو مەترسیدارتر، دەرک بە هەڵەکان ناکات تەنانەت دوای کردنیشی، پاشان بە ئەنقەست (سیستمی 2) ناچار دەکات، پاساو و شرۆڤری لۆجیکی پێشکەش بکات، کاتێک لە واقیعدا حوکمێکی بە پەلە هەیە.
چۆن دەتوانین سەبارەت بە لایەنگیری و رووەکانی لاسەنگیی (سیستمی 1) و (سیستمی 2)، سوود لەو هەموو مەعریفەیە وەربگرین؟ چۆن ئەوە لەمەڕ بڕیاردان ژیرترمان دەکات، بۆ ئەوەی بڕیاری باشتر بدەین؟ ئەو میتۆدە زۆر روون خۆی لە رێگەدان بە ئامێرەکان دەبینێتەوە، کە چۆن و کەی دەرفەت هەبوو بڕیار بدەن، واتە رێگە بە کۆپی بێگەرد و زیرەکی دیجیتاڵی لە (سیستمی 2) دەدات، کە بە یاسای زانیارییەکان چەکدارە و بە داتاکان تێرکراوە، تا بەبێ هیچ دەستوەردان یان مەدخەلاتی (سیستمی 1) بە وەڵامەکان بگات، رێک ئەمە، ئەوەیە کە ژمارەیەکی روو لە زیادبوونی دامەزراوەکانی ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەیکەن. وەک یەک ئاڵنگاریی و دەرفەت هەیە بۆ پەنابردنەبەری روو لە زیادبووی خوارزمییەکان بۆ بڕیار دروستکردن. ئاڵنگارییەکە ئەو میتۆدەیە کە دەشێ لایەنگیریی نادادپەروەر و زیانبەخش و نەخوازراو بخوڵقێنێت، لەویش خراپتر، ئەو لایەنگیرییانە دەشێ بەدەر لە نیازپاکی دیزاینەرەکان بۆ دامەزراندنی سیستمێکی بێلایەن دەربکەون، رەنگە بەبێ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی چڕ دیاریکردنی قورس بێت، دەبێ هەر دیزاینێکی سیستم رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە بێتەوە، ئەمەیش بەشێوەیەکی روون روودەدەن کاتێک داتاکان بە مەبەستی هەلپەرستیی، مەشروع یان غەیرە مەشروع بەکاردەهێنرێن و ئاراستە دەکرێن، ئەوەیش جیاوازە لەوانەی سیستمەکەی بۆ دیزاین کراون.
وەلێ دەرفەتەکە ئەوەیە، ئەو سیستمانەی لەسەر ئامێرەکان دامەزراون، دەشێ تاقیبکرێنەوە و باشتریش بکرێن، هەر بە راستکردنەوەیان، چیتر هەمان هەڵە دووبارە ناکاتەوە، بە دیوەکەی تریدا، ئەستەمە وا لە مرۆڤ بکەیت دان بە لایەنگیرییەکەدا بنێت، بۆ نموونە: رەگەزپەرستەکان، دەرک بە لایەنگیرییەکانیان ناکەن، لێرەیشەوە ئەستەمە دانی پێدا بنێن، چجای بۆ زاڵبوونی بەسەریدا کارێکی قورسی پێویست بکەیت. کۆتا پێوەر بۆ پەیڕەوکردنی سیستمی دروستکردنی بڕیار ( چ بەوەی پشت بە ئامێر یان بە مرۆڤ یان بە هەردووکیان پێکەوە ببەستێت ) لە رووی واقیعەوە ئەستەمە تەواو بە کامڵبوون بگات، بۆ ئەوەی سیستمەکە بە شیاوی ئەوە بمێنێتەوە هەڵە بکات و لایەنگیریی بکات. لەبری ئەوەی دەبێ ئامانجەکە، دەستنیشانکردنی میتۆدێکی هاوسەنگە تا لایەنگیری و هەڵەکان کەم بکاتەوە، بە ئاسانی و خێرایی رێگەی راست بکرێتەوە، بە شێوەیەکی گشتی، چەند شارەزایان کۆبکەینەوە و پاساو بۆ لایەنگیرییەکان پێشکەش بکەین، بەڵگەکان ئاماژە دەکەن، کە پەیڕەوکردنی داتا و خوارزمییەکان بەرەو بڕیاردان و پێشبینیکردنی باشتر دەچێت لەوەی پشت بە حوکمی مرۆڤ ببەستیت.
شەراکەتی نوێی نێوان عەقڵ و ئامێر
پێویستە لە دروستکردنی بڕیار و پێشبینیکردندا کە ئێستا مرۆڤ دەیکات پشت بە خوارزمی ببەسترێت، لە هەندێک حاڵەتدا گرنگە مرۆڤ وەک بەشێکی پڕۆسەکە بمێنێتەوە تا پێداچوونەوەی لۆجیکی بکات، لە حاڵەتی تردا، دەبێ بە تەواوی لە پڕۆسەکە دەربکرێن، لە کاتەکانی تریشدا، بەکارهێنانی پێزانینی نابابەتیانەی مرۆیی پێویستە، بەڵام دەتوانین رۆڵبینینەکان پێچەوانە بکەینەوە و سروشتیی پێشووی شەراکەتەکە بگۆڕین، حوکمەکان بخەینە بەر توێژینەوەی چەندێتی، لە راڤە چەندێتییەکاندا تۆمار بکرێن و وەک بەشێکی تەواوکەری ئەو بمێنێتەوە، لەبری ئەوەی وەک حوکمی یەکلاکەرەوە و کۆتا ئەژمار بکرێت.
ئێمەی مرۆڤ لەسەرمانە، دان بەوەدا بنێین کە لە پێشبینیکردنی ئایندە نازانین، بەدەر لە هەموو شتێک، پێشبینیکردن و بڕیاردان، دوو چالاکیین و لێکتر جیانابنەوە، ئەگەر لە یەکێکیاندا خراپ بین، دەشێ لەویتریشیاندا خراپ بین، هۆکارەکەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەلەیەی لە (سیستمی 1) کردمان بووە رێگری پێشبینیکردنی وردمان.
بیگومان هەموو پێشبینییەکانمان هەڵە نەبوونە، (فیلیپ تیتلۆک) دەریخست کە پێشبینیکەرە زیرەکەکان پێشبینی ورد و دووبارەبووە دەستەبەر دەکەن و سیفەتی رێکەوتی تێدا ناهێڵن. ئەو کەسانە بەلای گرتنەخۆی زانیاری لە سەرچاوەی زۆرو زەبەندەوە دەچن، گرنگتریش، کاتێک باس لە هەڵوەستەیەک دەکەن دەتوانن تێڕوانینی هەمەجۆر پەیڕەو بکەن. بەڵام پێشبینیکەرە کەم دیقەتەکان بەردەوام لە راڤەکردنەکانیاندا پەیڕەوی تێڕوانینە نەگۆڕەکانیان دەکەن. (تیتلۆک) ناوی (رێوی) لە گروپی (پێشبینیکەرە خاوەن تێڕوانینە هەمەجۆرەکان) نا، ناوی (ژیشک)ی لە گروپی دووەمی کەم دیقەتەکان نا،(تیتلۆک) ئەو ناولێنانەی لە قسەیەکی دیاری شاعیری کۆنی یۆنانی (ئەرخیلۆخۆس) وەرگرتووە:(رێوی زۆر شت دەزانێ، بەڵام ژیشک تەنها یەک شتی گرنگ دەزانێت)، باشتر وایە چەند بکرێت پشت بە رێگەی بیرکردنەوەی رێوی ببەسترێت لەبری رێگەی ژیشک. دەکرێ لەمیانی بیرکردنەوە و راڤەکردنی فرە رەهەند و گۆشەنیگا، هەروەها دەشێ لەمیانی شێواز و سەرکەوتنەکانی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا جیابکرێتەوە.
دابەشبوونی خاوەنانی ژیریی دەستکرد
بانگەشەکەرانی ژیریی دەستکرد، هەر زوو بەسەر دوو کامپی جیاوازدا دابەش بوون. یەک لەو کامپانە پێیان دەگوترێت ژیریی دەستکردی خاوەن رێسا، یان ژیریی دەستکردی(نیشانەیی)، ئەویتریشیان سیستمێکە لەسەر شێوازی ئاماری دامەزراوە. کامپی یەکەم هەوڵیدا ژیریی دەستکرد دەستەبەر بکات، وەک چۆن گەورەکان دەیانەوێ زمانی دووەم فێربن، دووەمیش هەوڵیدا بە هەمان رێگەی کە منداڵان فێری زمانی دایکیان دەبن دەستەبەری ژیریی دەستکرد بکات، بایەخدان بە ژیریی دەستکردی خاوەن رێسا پاشەکشێی کرد، چونکە ئەو ئەگەرە نییە کە تەنها لە بوارە بەرتەسکەکاندا بەکاربهێنرێت.
ژیریی دەستکرد بۆ؟
ئەم ساڵانەی رابردوو، بوژانەوەیەکی بەرچاوی لە بواری تۆڕەکانی دەمار بەخۆیەوە بینی، کە بەشێوەیەکی خێرا و کوتوپڕ گەشەی سەند، کۆمەڵێک هۆکار پێکەوە، وێڕای مکوڕبوون و رێکەوت رۆڵی لە دەستەبەرکردنی ئەو پێشکەوتنەدا هەبوو، زۆری ئاگاداربووان، رایان وایە، هۆکاری زۆری گرنگ یاسای مۆر بووە، تۆڕەکانی دەمار بەهێزتر و بەتواناتر بوونە و لەگەڵیشیدا قەبارەیان زیادی کردووە، تۆڕە گەورەکان هەرزان بوونە بەشی ئەوە دەکات تا بۆ زۆری توێژەران بەدەست بخرێت.
لەگەڵ ئەوەیشدا زۆربەی سیستمە سەرکەوتووەکان پشت بە (فێربوون بە سەرپەرشتیار)ەوە دەبەستن، ئەو سیستمانە، بەشێوەیەکی بنچینەیی کۆمەڵێک پرسیار کە وەڵامی راستیشی لەگەڵدایە دەبەخشێت، بەر لەوەی داوای وەڵامدانەوەی خودی(تلقائي) هەر پرسیارێکی نوێی لێبکات، ئێستا ئەم سیستمە ناوی سیستمی (فێربوونی قوڵ)ی لێنراوە.
ئەم ساڵانەی رابردوو، بوژانەوەیەکی بەرچاوی لە بواری تۆڕەکانی دەمار بەخۆیەوە بینی
خوێندن بەسەرپەرشتیار، بە باشترین جۆری بەمیکانیکردنی زۆری ئەو ئەرکانەی کە مرۆڤ پێی هەڵدەستن دادەنرێت، بەتایبەتیش لە بوارەکانی راڤەکردنی شێواز و دەستنیشانکردن و پۆلێنکردن و پێشبینیکردن و پێشکەشکردنی راسپاردە، روانین و جیاکردنەوەی قسە و تواناکانیتر کە پێشتر بۆ ئامێرەکان ئەستەم بوو، ئێستا لە هەندێک بواردا بە هەمان ئاستی مرۆڤ دەیکات، بەڵام هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی فێربوونی ئامێرەکانداین، بەڵام تەشەنەکردنە فراوان دەبێت بەتایبەتی کە ئێستا لە کۆمپیوتەری هەوریندا(الحوسبة السحابیة) فەراهەم کراوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا سیستمی فێرکردنی ئامێرەکان (هەموو شێوەکانی تری ژیریی دەستکرد) لە هەستی دروست بێبەشە.
ئایا جیهانی گریمانەیی بۆتە راستی؟
چەندین کاری پیشەیی کە ئەمڕۆ خەڵکی دەیکەن بەرەو جیهانی گریمانیی دەچن، بەرەو کەناڵە دیجیتاڵییەکان دەگوێزنەوە، کە ژمارەیەکی کەمی تاکەکەسی لەخۆگرتوون، زۆربەی جار، تاکەکەسی بەشدار لەو پڕۆسەیەدا عەمیلەکەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێک خەڵک مامەڵەکردنی مرۆیی پێ باشترە، بەڵام بۆچوونێکیش هەیە دەڵێ، گواستنەوە بۆ جیهانی گریمانەیی مەیلێکی مەودا درێژە و بە تێپەڕبوونی کات زیاد دەکات، لە کاتێکیشدا ئامێرەکانیش توانای زیاتر بەدەست دەهێنن.
رۆبۆتەکان بە قۆناغی تەقینەوە و فراوانبوون تێپەڕ دەبن، لەکاتێکدا ئامێرەکان فێری دەرک پێکردن دەبن، بە میکانیکردن (الاتمتة) بە هەموو جۆرەکانییەوە،( رۆبۆت و فرۆکەی بێفرۆکەوان و ئۆتومبیلی خودڕەو ) هەرزانتر و بەتواناتر و هەمەڕەنگتر بوونە، هاندەرەکانی تەقینەوەی رۆبۆتی داتا و خوارزمی و تۆڕ و توانای کۆمپیوتەری و چاککردنە روو لە زیادبوونەکانی ئامێر و سیستمی کۆگاکردن و چارەکردن لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا مرۆڤ لە رۆبۆتە هەرە پێشکەوتووەکان زیرەکتر و داهێنەرترە، رەنگە تەنها بۆ هەندێک کات، لە ئایندەی نزیکدا بتوانن پارێزگاری لە پێگەی خۆیان بکەن، ئەو توانایانە لەگەڵ هەستەکانماندا تێکەڵبوونە و شارەزاییەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان، واتاکەی ئەوەیە، ئێمە دەتوانین شان بە شانی رۆبۆتەکان لە چەندین شوێندا کار بکەین.
ئایا رۆبۆتەکان بازدانی داهێنەرانە دەستەبەر دەکەن؟
ئەو توانایانە چین کە مرۆڤ بەدەستییەوە دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا تەکنۆلۆژیا پێشکەوتنی گەورە تۆمار دەکات؟ ئەمە ئەو پرسیارە زۆر باوەی ئەمڕۆیە سەبارەت بە عەقڵی مرۆیی و ئامێرەکان. هەرچەندە گروپی ئامڕازە دیجیتاڵییەکان لە چارەسەرکردنی زانیارییە رۆتینییەکاندا ئاڵنگاریی سەرکەوتنی مرۆیی دەکەن، هەروەها شێوازەکان، زمان، مەزندەکردن، حوکم، پێشبینیکردن، شارەزابوونی جەستە و زۆر شتیتریش پێناسە دەکەن ، ئایا بواریتر ماون ئامێرەکان ئێمەیان بە دۆڕان نەدابێت؟
ئێستا ئامێری کۆمپیوتەر، دەتوانێ زۆر شتیتر بکات کە لەگەڵ زۆربەی پێناسەکانی وشەی (داهێنان)دا دەگونجێت، لەوانە دیزاینکردنی شتی عەمەلی و جوان، دانانی نۆتەی مۆسیقا، پێشکەشکردنی گریمانەی بەسوودی زانستی، توانای داهێنەرانەی کۆمپیوتەر بە خێرایی فراوان دەبێت، چیتر تەنها ئەوە دیزاین ناکات کە لێی داوا دەکرێت، بەڵکو دەتوانێ ئەوە بزانێت کە دەبێ ئەوەی لە نێو کۆمەڵێکی گەورەی داتا داواکراوە کامە بێت، لە زۆر کاتدا دیزاینەرە دیجیتاڵییەکان بە چارەسەری جیاواز لەوەی مرۆڤ پێی دەگات، دەگەن، ئەمەیش کارێکی باشە، چونکە روانینی هەمەجۆر ئەنجامی باشتر دەستەبەر دەکات.
چی لە کۆمپیوتەرمان جیادەکاتەوە؟
هێشتا ئامێری کۆمپیوتەر توانای تێگەیشتنی حاڵەتە مرۆییەکانی نییە، چونکە بەو رێگەیە ئێمە کە جیهانی تێدا دەبینین، جیهان نابینێت. ئامێرە نوێیەکانی هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی پڕۆسەی دیزاینکردن، خۆکار (تلقائي) کاری زۆرتری رۆتینی دەکات، ئێمە لەم جۆرە کارەدا خراپین، چونکە کاتی زیاتر دەبات و هەڵەی زۆریش دەکەین، لەبەرئەوە پێویستە ئەم کارانە بۆ ئامێرەکان بەجێبهێڵین تا ئاستی شەراکەت و تێکەڵبوون بۆ ئامانجە داهێنەرەکان بەرز بکەینەوە، هەرچەندە ئێمە پێشبینی ئەوە ناکەین، لە مەودای نزیکدا ئامێرە ژیرەکان رۆمانێکی داهێنەرانە بنوسن، هەوڵی داهێنەرانە لە زۆرترین چوارچێوە بەرهەمهاتووەکانی (الاطار المثمر) تێکەڵاوبوونی نوێی نێوان عەقڵی مرۆیی و ئامێرەکان دەمێنێتەوە، یەک لە میتۆدە چاوەڕوانکراوەکان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە ئامێرەکان کارە (رۆتین) ییەکان بکەن، هەروەها دیزاینی سەرەتایی پێشکەش بکەن کە دەشێ مرۆڤ فراوانتر و باشتری بکات.
بەستەرە مرۆییەکانی جیهانی دیجیتاڵی
وەک بوونەوەری کۆمەڵایەتی، ئێمە بەردەوام وێڵین بەدوای ئەوەی لە کۆمەڵی گەورەدا بژین: خێزان، گروپ، خێڵ، شار، تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی ناتوانێ غەریزە کۆمەڵایەتییەکانمان تێر بکات، لەبەرئەوە ئەو کارەی بایەخ بە سروشتیی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی مرۆیی دەدات، بۆ ماوەیەکیتریش بە بەرپرسیاریتیی مرۆڤ دەمێنێتەوە، ئەو کارە، ئەو ئەرکانەی کە سۆزداری و سەرکردایەتی و کاری بەکۆمەڵ و ئاراستەکردن دەخوازێت، دەگرێتەوە، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، دەشێ کارامەیی بەرزی کۆمەڵایەتی لە کارامەیی چەندی و تەکنیکی بەهادارتر بێت، زۆربەیجار توانای کۆکردنەوەی نێوان کارامەیی کۆمەڵایەتی و کارامەیی بڕەکی، بە رەهایی بەرزترین دەستکەوتی هەبێت.
سەرکردایەتییەکی سەرسەخت و دیزاینێکی نامۆ
لە ساڵی 2013، دامەزراوەی (ئۆتۆدیسک) هاوکاریی گروپێک لە دیزاینەرانی ئۆتومبیل و شۆفێری لێخوڕینە مەترسیدارەکانی لۆس ئەنجلۆسی کرد، ئامانجی ئەو هاوکارییە دامەزراندنی سیستمێکی میکانیکی بووە، سەرەتا ئەو گروپە بتوانێ دیزاینی پەیکەری ئۆتومبیلێکی پێشبڕکێ بکات و سیفەتەکانی پەیکەر و ئەو توانایەی ئەو پەیکەرە پێویستی دەبێت دیاری بکات تا باشترین ئەدائی هەبێت.
تیمەکە دیزاینی ئۆتومبیلێکی پێشبڕکێی تەقلیدیی سادەیان کرد، تەنها پەیکەر و ئامێری گواستنەوەی بزاوت و مەکینە و کوشن و تایەر بوو، پاشان پەیکەرەکەیان بە ئامێر هەستەوەر داپۆشی کە پێوەرەکانی بڕەکیی پێویستی دیاری دەکرد، وەک: پرێشەر و هێزی راکێشان و پلەکانی گەرما و هێزی لادان و هەموو ئەو شتانەی لەگەڵ دیزاینی پەیکەرەکەدا دەگونجان.
تیمەکە ئەو ئۆتومبیلەی کە بە ئامێری هەستەوەر پۆشراوە بردە بیابانی مۆهاڤی، شۆفێری تاقیکردنەوەکە زۆر بە خێرایی دەیهاژووشت، خێراتری دەکرد و برێکی دەگرت و بەوپەڕی خێرایی دەیسووڕاندەوە بەبێ تێکدان، لە کاتێکدا ئامێرەکانی هەستەوەرەکە داتاکانی کۆدەکردنەوە، لە کۆتایی ئەو تاقیکردنەوە سەختەدا، تیمەکە (20) ملیۆن خاڵی داتای سەبارەت بە پەیکەری ئۆتومبیلەکە و ئەو هێزی فشاری دەخستەسەر کۆبووەوە. ئەو داتایانەیان خستە نێو بەرنامەی دیزاینێک کە ناوی (برۆجێکت دریم کاچەر) بوو لە (ئۆتۆدیسک)، بەسەر سامپڵێکی سێ رەهەندی پەیکەری ئێستای ئۆتومبیلەکە پراکتیزە کرا. بۆ ئێمە دیزاینەکە شێوەیەکی ناڕۆشنی هەبوو، ناتوانرێ وەک پەیکەری ئۆتومبیلێکی پێشبڕکێ بیناسین، بەڵکو لە پەیکەری ئێسکی نەهەنگ دەچوو، ئەو لێکچوونەیش رێکەوت نەبوو، ئێسک و پەیکەری دەرەکی و ئەو دیزاینە بەهێزانەی تری ناو سروشت، ئەوانەن کە کێبڕکێی کۆنی پەرەسەندن سەرکەوتوو بوونە و ماونەتەوە، ئەنجامەکەیان یان ژیانە و یانیش مردنە. ئەو پەرەسەندنە دیزاینی زۆر جوانی بەرهەمهێناوە، لە هەمان کاتیشدا مرونەت و توانای بەرگەگرتن و لێهاتوویی لە بەکارهێنانی وزە و ئاڵۆزی و هێز و قەشەنگی سیمای دیاری بوون. لەبەرئەوە نابێ سەرمان بسوڕمێ، کاتێک ئەرکی دیزاینی پەیکەرێکی نمونەیی بە پرۆگرامینی دیزاین دەسپێرین، تا کۆمەڵێک لە داخوازییەکانی ئەدائی دابین بکات، ئەو دیزاینی شتێک دەکات، وەک ئەوەی لە سروشتەوە هاتبێت.
هەروەها هەردوولای پەیکەرەکە هاوشێوە نەبوون، لای راست و چەپ رەنگدانەوەی یەکتری نەبوون، پێدەچێ ئەوە لۆجیکی بێت، چونکە ئۆتومبیلی پێشبڕکێ بە یەک ئاڕاستە زیاتر لە ئاڕاستەکەی تر پێچ دەکاتەوە کاتێک پێچەکانی گۆڕەپانی پێشبڕکێیەکە دەبڕێت، پاشان هەردوولای پەیکەرەکە دووچاری هێزی جیاواز دەبنەوە. ئەندازیارە دیزاینەرەکان ماوەیەکی زۆر بوو ئەو راستییەیان دەزانی، بەڵام بە دەگمەن دیزاینەکانیان دوولای ئۆتومبیلەکانی زۆر جیاواز لەیەکتر دروست دەکرد، وەک ئەو دیزاینەی بەرنامەی دیزاینی تەولیدی (برنامج التصمیم التولیدي) پێشکەشی کرد.
ئەو نمونانە، بڕوامان پێ دەهێنن بەوەی داهێنانی دیجیتاڵی تەنها لاساییکردنەوە و زیادکردنێکی بەرەبەرەی ئەبستراکت نییە. دەشێ ئامێری کۆمپیوتەر زیاتر لەو زیادانە و دووبارە پێکەوەنان دابهێنێت لەوەی بە کردەوە مرۆڤ پێشکەشی کردووە، لەبەرئەوە ئێمە متمانەمان بەوە هەیە، کە دەشێ پێچەوانەکەی رووبدات، کاتێک بە مەعریفەی کەڵەکەبووی زانستی و ئەندازیاریی پشتیوانی ئامێرەکان دەکرێن و داخوازیییەکانی ئەدائی پێویستیی هەڵوەستەیەک جێبەجێ دەکرێن، یان داتای پێویست بۆ زانینی ئەو پێداویستییانە دەدرێن، ئەوکات ئەو ئامێرانە دەتوانن چارەسەری نوێ کە پێشتر بە خەیاڵماندا نەهاتبێت دابهێنن.
باجی ئامێرە نوێیەکان
ئەنتەرنێت و تەکنۆلۆژیای پەیوەست پێوەی پیشەسازییە هەمەجۆرەکانیان هەژاند، لەوانە بازرگانیی خورد و رۆژنامەنوسی و وێنەی فۆتۆگرافی، بە درێژایی ئەو بیست ساڵەی رابردوو، دەستهاتی ئەو پیشەسازییانە لەگەڵ فەراهەمبوونی بژاردەی نوێ بۆ بەکاربەران و بوژانەوەی تەکنیکی نوێ، پاشەکشێی کرد.
ئابووریی خۆڕایی و یەکسەری
یەکەم دوو سیمای کاڵای زانیاری (خۆڕایی) و (نموونەیی) یە، هەر کە شتێک بە دیجیتاڵ دەکرێت، ئەوا لە جەوهەریدا دەتوانرێ کۆپییەکی زیادەی لێوە دروست بکرێت. راستە ئەو کۆپییە نوێیە پانتاییەک لەسەر سیدییەکی رەق یان هەر ئامڕازێکی تری سەیڤکردن دەگرێت، سەیڤکردن بە تەواوی خۆڕایی نییە، بەڵام بەپێی پێوەرە مێژووییەکان ئێجگار هەرزانە، لە ساڵی 2016 تێچوونی کۆگاکردنی یەک گێگابایت لە داتا نزیکەی (0.02) دۆلار بوو، بەراورد بە (11) دۆلار لە 2000. بە تێپەڕبوونی کات ئەو تێچوونە دادەبەزێت، بەپێی زانستی ئابووری، تێچووی رادەدارەکەی لە سفر نزیک دەبێتەوە، لەبەرئەوە تاڕادەیەکی زۆر سیفەتی خۆڕایی بۆی گونجاو دەبێت.
مەبەستمان لە نموونەیی بێ خەوشییە، چونکە بە دامەرزاندنی بنەچەیەکی دیجیتاڵی، کۆپییە دووبارەبووەکان هەمان کوالیتی خودی بنەچە دیجیتاڵییەکەی هەیە و بە تەواوی لە چاپی بنەچەکە دەچێت. ئەگەر پێشتر وێنەیەکی تیشکیت کۆپی کردبێت، ئەوا دەزانیت کە ئەمە لە چاپە هاوشێوەکەی ناچێت، بەڵام چاپی دیجیتاڵی خەسڵەتە بنەچەکەی خۆی لەدەست نادات، چ یەک جار چاپ بکرێت یاخود ملیارێکی لێ چاپ بکەیت.
خۆڕایی و نموونەیی دوو سیما قبوڵکراون، بەڵام سیدییەکی رەق کە بە ملیۆنەها چاپی هەمان وێنە یان دۆسێ یان گۆرانی پڕکراوە هیچ بەهایەکی نییە. هەر تەنها بە بوونی تۆڕەکە هێزی ئابووریی کاڵا زانیارییەکان زیاد دەکات، چونکە تۆڕەکان سێیەم سیما زیاد دەکات کە ئێجگار گرنگە، ئەویش: (یەکسەر یان دەستبەجێ)یە، تۆڕەکان رێگە دەدەن، دەستبەجێ کۆپی خۆڕایی و نمونەیی لە کاڵای زانیاری لە شوێنێک بۆ شوێنێکیتر، یان لە شوێنێکەوە بۆ چەندین شوێن دابەش بکەن.
کاریگەریی سەکۆکان لەسەر دامەزراوەکان
سەکۆکان ژینگەی ئەلکترۆنین و سوود لە ئابووریی خۆڕایی و نمونەیی و دەستبەجێ (فوري) دەبینن، سەکۆ ژینگەیەکی دیجیتاڵییە، تێچوویەکی کەمی هەیە، تاڕادەیەک لە سفر نزیک دەبێتەوە، چونکە دەتوانرێ بچیتە ناوی و ناوەرۆکەکەی کۆپی بکەیت و دابەشی بکەیت، هێشتا ئابووریی سەکۆکان و داهێنانی تەوافقی پێکهێنانی کەرتە جیاوازەکان بە چەشنی ئامێری کۆمپیوتەر و مۆسیقای تۆمارکراو رێکدەخاتەوە.
هۆکاری سەرکەوتنی سەکۆکان
سەکۆ دیجیتاڵییەکان بە خێرایی بڵاودەبنەوە، لەو کەرتانەی مامەڵە بە کاڵا و خزمەتگوزارییە مادییەکانی وەک گواستنەوە و نیشتەجێبوون و راهێنانە وەرزشییەکان دەکەن. هەندێک جار ئەو سەکۆیانە بە (سەکۆی ئەلکترۆنیی خزمەتگوزاریی مادی) ناودەبرێت. پێدەچێ ئەو کۆگاکراوەی ئەم پیشەسازییانە کە قابیلی خراپبوونە تێچوونێکی زۆر کەمی هەبێت، بەڵام سەبارەت بە توانای ئیستیعابی هەندێک کۆسپ لەخۆدەگرێت، ئەمەیش وا لەو سەکۆ ئەلکترۆنیی خزمەتگوزارییە مادییەکان لە ئابووریی خۆڕایی و نمونەیی و فەوری تایبەت بە کاڵای پەتیی زانیاری جیاواز بێت، لە ئەنجامی ئەمەدا، ئیدارەی سەکۆی تەکنیکی رێکخستنی دەستهات تێکەڵ دەکات تا گونجاندنی نێوان خستنەڕوو و خواست باشتر بکات.
هەروەکو سەکۆ دیجیتاڵییە پەتییەکان، دەشێ سەکۆ ئەلکترۆنییەکانی خزمەتگوزارییە مادییەکان زۆری بەرهەمە تەواوکارییەکان بگرێتەوە کە کۆی خواست زیاد دەکات، ئەمڕۆ سەکۆ ئەلکترۆنییەکان بۆ خزمەتگوزاریی مادی لە هەموو ناوچەکانی جیهان دەردەکەوێت، لەو بوارانەی ئاراستەی بەکاربەر دەکرێن. بە دیاریکراوی، چین کانگای داهێنانی سەکۆی ئەلکترۆنی بۆ خزمەتگوزارییە مادییەکانە.
لەگەڵ نزیکبوونی ژمارەی دانیشتوانەکەی لە (1.4) ملیار کەس، دزەکردنی خێرای مۆبایلە زیرەکەکان بۆ کۆمەڵگە، تۆمارێکی پڕ لە پێشەنگیی تەکنۆلۆژیا، چین بە بەرهەمێنترین ناوچەی جیهان دادەنرێت لەڕووی سەکۆی ئەلکترۆنی بۆ خزمەتگوزاریی مادی لەڕێی ئامێرە دەستییەکانەوە، ئەو سەکۆیانە، نمونەی سەکۆی (ئادایکسی) دەگرێتەوە، ئەو خزمەتگوزارییەیە کە سەکۆی دیجیتاڵی بۆ ئاسانکاری ناردنی زەرفێکی گەورەی جلوبەرگ، بۆ ئەوەی بەرامبەر بە (15) دۆلار، لە ماوەی (72) سەعات بشۆردرێن و ئوتوش بکرێن و بگاتەوە دەستی خاوەنەکەی، بە هاتنی ئابی 2015، ئادایکسی رۆژانە لە(16) شار و(100) هەزار داخوازی جێبەجێ دەکرد، دوای یەک ساڵ کارەکانی فراوانتر کرد بۆ(28) شار کە(110) ملیۆن کەس تیاندا دەژیان.
هۆکاری پێباشبوونی سەکۆ ئەلکترۆنییەکان
ئەم سەکۆیانە سەرکەوتوو بوونە، لەوەی دەرفەتی بۆ ئەوانەی بنەچەیان هەیە رەخساندووە (ئۆتومبیل و لۆری و ژووری زیادە و هۆڵی راهێنانی وەرزشی و تەنانەت سەرمایەی مرۆیی ) تا سوودی لێ وەربگرن، لەناو ئەو جەرەیانەدا ئەو سەکۆیانە کارامەیی بەکارهێنانی ئەو بنەچانەی زیاد کرد. رەنگە ئەو سوودە لەو جۆرانە بێت کە ژمێریاران و ئەوانەی گرنگیی بە تێچوونی کارپێکردن و ئابووریناسان بایەخی پێدەدەن، بەڵام لەسەرمانە پێشوازییان لێبکەین، چونکە جۆری ژیانمان باشتر دەکات و لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ژینگە یارمەتیمان دەدات تا پارێزگاری لەم هەسارەیەمان بکەین.
لەبەرئەوەی دەتوانێ بە خێرایی ئەندامی نوێ زیاد بکات، کۆنتڕۆڵی شارەزاییەکانی موشتەریەکان بکات، پێشوەختەیش سوود لە سەرمایە و دەرامەتەکانی دەستیکاری رەخساویش وەربگرێت، داتا و خوارزمی بۆ باشترکردنی گونجاندن بەکاربهێنێت، ئەم سەکۆ ئەلکترۆنیانەی خزمەتگوزارییە مادییەکان دەتوانێ بە خێرایی بڵاوبێتەوە و بەهێزیشەوە کێبڕکێ بکات. وەبەرهێنەران تواناکانی سەکۆ ئەلکترۆنییەکانی خزمەتگوزارییە مادییەکانیان بینی و ئامادەیی خۆیان بۆ تەمویلکردنی پلانەکانی فراوانبوونی چالاکییەکانیان دەربڕی.
سیفەتەکانی سەکۆ سەرکەوتووەکان
خەسڵەتەکانی سەکۆ سەرکەوتووەکان و ئەو شەڕانەی لە ئایندە روودەدەن چین؟ هەرچەندە هەموویان هاوتا نین، ئەو سەکۆ سەرکەوتووانە بە خێرایی گەشە دەکەن و بەهایەکی زێدەی وەک یەک بە بەشداربووانی و خاوەنەکانی پێشکەش دەکەن، سیماکانی و لەمانەی خوارەدا هاوبەشن:
1. بە زوویی لە بوارەکەی خۆیدا دەردەکەوێت. نابێ یەکەم سەکۆی ئەو بوارە بێت، بەڵام باشتر وایە زۆر دوا نەکەوێت، بە ئاستێک کە زۆری بەشداربووە چاوەڕوانکراوەکان بە کردەوە سەکۆیەکیتر هەڵبژێرن و کاریگەریی ئەو تۆڕەی هەڵیدەبژێرن بچەسپێت.
2. سەکۆ چەند بۆی بکرێت سوود لە ئابووریی کاڵا تەواوکارەکان (التکمیلیة) وەربگرێت، لەگەڵ دەرککردن بەوەی دابەزینی نرخی یەک کاڵای تەواوکار زیادبوونی خواست لەسەر کاڵا تەواوکارەکانیتری لێدەکەوێتەوە.
3. سەکۆکان دەرفەتی بەشدارییکردن بۆ گروپێکی فراوانی هاوبەشەکان و بەشداریکەران دەڕەخسێنێت. ئەو هەمەڕەنگییە زێدەی گشتیی بەکاربەر (فائض المستهلک) (پێوەری سودی بەکاربەرە) زیاد دەکات، بەتایبەتیش ئەگەر هاتوو هەندێک لە بەشدارییکردنەکان بە خۆڕایی پێشکەش بە بەکارهێنەرانی بکرێت، هەروەها چەماوەی خواست بەرەبەرە بەرەو بەرزبوون دەبات.
4. لەکاتێکدا سەکۆکان پارێزگاری لە ئاستێکی بەرزی کرانەوە دەکەن، هەروەها بەرنامەکانی بۆ پێشکەشکردنی کارامەیی هەماهەنگ و ئەرێنی بۆ بەشداربووانی رێکدەخات، لەگەڵ کەمکردنەوەی موفاجەئە ناخۆشەکان بۆ نزمترین ئاست.
دەرکەوتنی ئاپۆڕەی خەڵک
ئاپۆڕە لە چەندین رووەوە لە ئیدارەی سەنتڕاڵی جیاوازە کە کەسێک حوکمی دەکات، ئەو گەورە و هەمەجۆرە، تا رادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵ ناکرێت، زۆربەی کات فەوزا سیمایەتی. بۆ نموونە: ئەستەمە بتوانرێ ژمارەی گرتە ڤیدیۆکانی سەر یوتیوب مەزندە بکرێت، چونکە لە هەر ساتێک ژمارەکە دەگۆڕێت، چونکە ملیۆنەهای ئەو ئاپۆڕەیە رۆژانە (450) هەزار سەعات پەخش زیاد دەکەن، هیچ کەسێکیش لە لادان و کۆگاکردن و رێکخستنی ئەو گرتانە بەرپرس نییە، پێشتر کەس بڕیاری ئەوەی نەداوە، کە پێویستمان بە ئامڕازی زیاتری بەشداریکردنی وێنە بین، یان رەزامەندیی لەسەر زۆری ئامڕازەکانی میدیای تایبەت بە تۆمارکردن یان بڵاوکردنەوەی تویتێک یان هەواڵێک بدات. بەڵام ئیدارەدانی بڕیاردانی ناوەندی پێویستیی بە دەستەی حوکمداری، فەرمانگەی رەزامەند و کەسانێک دەسەڵاتی رەسمی رەتکردنەوە و قبوڵکردنیان هەبێت. وەلێ ئەو ئاپۆڕەی کە هێرش دەکەنە سەر سەکۆکانی ناوەرۆک، نە کەس فەرمانیان پێدەکات و نە کەسیش رێگیریان لێدەکات، لەگەڵ گرنگیی ئیدارەی ناوەندی، تۆڕە جیهانییەکان و سەکۆ بەهێزەکان لە بوژانەوەیاندا قەرزاری ئەو ئاپۆڕەن کە بە شێوەیەکی روو لە زیادبوو هێزەکەی گەشە دەکات.
بیتکۆین و بلۆکچەین تەوژمێکی لە داهێنان و پێشەنگیی بزنس وروژاند
مامەڵەکردن لەگەڵ ئاپۆڕە
سەرسەختی و یاخیبوون سیمای ئاپۆڕەن بە پێچەوانەی ئیدارەی ناوەندی، ئاپۆڕە بە سروشتی خۆی و بەشێوەی ئەنقەست ناناوەندییە و لە ژێر کۆنتڕۆڵدا نییە، ئەو بونیادە ئازادیی رادەربڕین و داهێنانیان بۆ دەڕەخسێنێت، ئەمەیش پرسێکی گرنگە، بەڵام ملنەدانی ئاپۆڕە دوو کێشە دروست دەکات، یەکەمیان، زۆر قورسە ئەوەی رێک لە پانتاییەکی زانیارییدا کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵە بەدوایدا دەگەڕێی دەستت بکەوێت، ژمارەیەکی بێ ئەژمار بەشداریی بە لێشاو زانیاری پێدەدات، هەروەها ئەوە نادۆزینەوە تا داوای لێبکەین یان ناچاری بکەین ئەوەی دەمانەوێ بۆمانی بڕەخسێنێت، ئاپۆڕە بایەخمان پێنادات، هەروەها چونکە بایەخ بە پێداویستییەکانی خۆیشی نادات، لەبەرئەوەی روانینێکی هاوبەشی نییە، خۆی و ئاڕاستەکان بە هەڕەمەکیی رێکخراو (عشوائیة منظمة) پێکدەهێنێت کە ئەستەمە وەسف بکرێت، بەڵام کێشەی دووەم و دووپاتکراوە، ئەوەیە کە هەندێک لە ئەندامانی ئەو ئاپۆڕەیە بە رێگەی نەشیاو خراپ مامەڵە دەکەن.
لەگەڵ ئەوەیشدا، دەکرێ ئاپۆڕە گەورەکان لە پێناو داهێنانی بەرهەمی سوودبەخش کۆبکەینەوە، وەک سیستمی کارپێکردنی(لینکس) و فەرهەنگی(ویکیپیدیا)، ئەو هەوڵانە(سەرکردایەتییەکی شۆڕشگیڕانە) دەخوازێت، کە پەیڕەوی پرنسیپەکانی کرانەوە بکات و پشت بە ئیمزا و پابەندبوونەکان نەبەستێت، خود بژاردەی هەبێت و کۆڵینەوە بکات و بەرچاو روونی سەبارەت بە ئامانج و ئەنجامەکانی هەبێت.
تەنگژەی شارەزایان: ئەوەی دەیناسیت ئەوە نییە کە پێویستت پێیەتی
هێشتا شارەزا ناسراوەکانی ئیدارەی ناوەندی، لەلایەن ئاپۆڕەی ناشایستەوە کە شتێک شارەزایی هەبێت، دووچاری دۆڕان دەبن. راستە دامەزراوەکان چاکەی زۆریان هەبووە، بەڵام خودی خۆیان پەک دەخەن، شتگەلێک دەکەن بەرهەمدارییان پەک دەخەن، لە بوارەکانی داهێنان و توێژینەوە و پەرەپێدان ئەدائیان روو لە خراپبوون دەچێت، بە نزیکەیی ئەو بەرەو خراپبوونە هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، خەلەلی وەزیفی ناو دامەزراوەکان بۆتە راستییەکی حاشاهەڵنەگر، بەڵام کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە کە تەنها خەلەلی وەزیفی بێت، زۆربەیجار ئیدارەی ناوەندیی بۆ ئەو ئاڵنگاریی و دەرفەتانەی دووچاری دەبێتەوە لەبار نییە، لە کاتێکدا ئاپۆڕە گەورەکان دەرفەتەکان دەڕەخسێنن و وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، هەروەها زۆربەیجار ئەو مەعریفەیەی بۆ بە کارا چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستن لەو بوارانەوە دێن کە زۆر دوورن لە خودی ئەو کێشەیەی هەیە، لەبەرئەوە ئەستەمە پێشبینی ئەو جێگەیە بکرێت، کە ئەو مەعریفەیە پێویستەی تێدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
چەندین رێگە هەن، کە ئیدارەی ناوەندی دەتوانێ بۆ ناسینی ئاپۆڕە و شارەزا کەڵەکەبووەکانیان سوودی لێوەربگرێت، نابێت ئیدارەی ناوەندی و ئاپۆڕە لێکجودا بن، لەگەڵ ئەوەیشدا ئاپۆڕە بەبێ ئیدارەی ناوەندی دەتوانن زۆر شت بکەن، تەکنۆلۆژیا یارمەتی خەڵکی دەدات تا بە مەعریفە بگەن، بەشێوەیەکی بەرهەمهێن کارلێک بکەن، لە داهێناندا هاوکار بن، لێرەدا دامەزراوە گەورەکان هەوڵی دۆزینەوەی رێگەی نوێی کارکردن لەگەڵ ئاپۆڕەی خەڵکی دەدەن، لە کاتێکدا ئەو دامەزراوە هەڵکەوتووانەی لەسەر ئاپۆڕەی خەڵک دامەزراون، لە چالاکییە ناوەندییەکانیاندا تەحەدای دامەزراوەکانی سەرکەوتووەکانی ئێستا دەکەن.
بیتکۆین و بلۆکچەین
لایەنگرانی سیستمی باوی ئابووری، گومانیان لە تواناکانی بیتکۆین دەکرد، وەک رکابەری ئەو دراوانەی ئێستا لە جیهان ئاڵووێریان پێوە دەکرێن، ئەوان دەیانگوت دوو وەزیفە سەرەکییەکەی هەر دراوێک لەوەدایە، کە ئامڕازی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کۆگای بەهایە، سەبارەت بەم دوو وەزیفەیە، جێگیریی دراو پرسێکی ئێجگار گرنگە، بۆ ئەوەی چالاکییەکانیان ئاڕاستە بکات و پلان بۆ ئایندەیان دابڕێژێت، خەڵکی پێویستیان بە دڵنیابوونە لەوەی بە رێژەیی هێزی کڕینی پارەکانیان بە جێگیریی دەمێنێتەوە، یان لانیکەم بە رێژەیەک ناگۆڕێت کە جێی پێشبینی کردن نەبێت.
بیتکۆین بە تەواوی تواناکانی کۆمەڵگە ناناوەندییەکان دەردەخات، لە میانی کۆکردنەوەی نێوان ماتماتیک (کۆدکردن) و ئابووری و کۆددانان و تۆڕەکان، دەتوانێ شتێکی بنچینەیی و یەکلاکەرەوە وەک پارە دروست بکەیت، دەشێ بلۆکچەین (یان زنجیرەی گروپگەلی داتاکان) لە خودی بیتکۆین گرنگترە، سەرچاوەکەی کراوەترە و شەفافیەت و بەجیهانیبوونی و مرونەت سیما دیارەکانیەتی، روونە کە شێوازی تۆمارکردنەکەی قابیلی گۆڕانێکی گەورەی بەهای نییە، بەتایبەتی ئەگەر هاتوو بە هاوتای گرێبەستی زیرەک و هیتری لە داهێنانی دیجیتاڵی کرابن، شتە هەرە گرنگەکەی تری سەبارەت بە بیتکۆین و بلۆکچەین، لەو چۆنیەتییەیە کە ئاپۆڕەیەکی جیهانیی لە خەڵک و رێخکراوەکان (کە هەریەک بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی کار دەکات) شتێکی ئێجگار بەهاداری هاوبەش دروست بکەن.
بیتکۆین و بلۆکچەین تەوژمێکی لە داهێنان و پێشەنگیی بزنس وروژاند، ئێستا روون نییە، ئەو رۆڵەی لە کۆتاییدا لە ناو ئابووری و کۆمەڵگەکان دەیگێڕن چییە، هەندێک خەڵک بڕوایان وایە، کە دامەزراوە گەورەکان لە بانکەکان تا دامەزراوەکانی تەکنۆلۆژیا زۆر بەهێز بوونە، ئێستا بەهۆی تەکنۆلۆژیای نوێی ناناوەندییەوە ئەڵتەرناتیفێکی سەرکەوتوویان بۆ دروست بووە، دەستپێشخەرییە سەرەتاییەکان ئاماژە دەکەن، بەوەی خواستێکی زۆر لەسەر تەکنۆلۆژیای تۆمارکردنی نوێ بۆ حسابات هەیە، ئەمەیش وادەکات زۆری پڕۆسە بازرگانییەکان هەرزانتر و خێراتر بن.
چاخی دامەزراوەکان کۆتایی نەهاتووە
شکستی رێکخستنی ناناوەندیی سەربەخۆ و ئاڵنگارییەکانی ناو تۆڕەکانی کانزاسازیی بیتکۆین، رووندەیکاتەوە کە کێشە لەگەڵ تەواوی بیرۆکەی رێکخراوە ناناوەندییەکاندا هەیە، مامەڵەکان قورسایی دەخاتەسەر ئابووری و تیۆریی دامەزراوە رێسای نایابی بۆ تێگەیشتنی ئەو کێشانە هەیە.
راستە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا هۆکاری داشکاندنی تێچوونی مامەڵەکان و هەماهەنگییە، ئەمەیش یارمەتی دەرکەوتنی بازاڕ و سامپڵی نوێی بازرگانیی روو لە بازاڕ بووە، هەروەها راستە کە زۆربەی کەرتەکان و ناوچە جوگرافییەکان، چالاکییە ئابوورییەکان چڕ دەکەنەوە لەبری ئەوەی پەرتیان بکەن، واتە، دامەزراوەی کەم دەستبەسەر بەهایەکی گەورەتر لە بەهای هەزاران دامەزراوەی تر دەگرێت، دەشێ بەم نزیکانە بەهای یەکێک لەو دامەزراوە جیهانییانە بگاتە یەک ترلیۆن دۆلار، رەنگە ئەو دامەزراوەیە (ئەمازۆن) یان (ئەپڵ) یان (ئەلفابت) بێت، کە خاوەنی هەموو پێگەکانی (گوگڵ)ن، بۆ زانیاری، دەوڵەتانێکی زۆر هەن، بە هەموو دامەزراوە و دەرامەتەکانیانەوە بە دامەزراوەیەکی لەو قەبارەیە یەکسان نین.
هێشتا پێویستمان بە دامەزراوەی غەیرە بازرگانی هەیە کە دەبێ مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی گرێبەستە ناکامڵەکان بکات، لە راستیدا، بە واقیعی ئەو گرێبەستانە ناتوانن هەموو ئەو حاڵەتە کتوپڕ و چاوەڕوانکراوەی جیهانی راستەقینەی فەوزەوی دیاری بکەن. بۆ نمونە: بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکان ( بە نوێنەرایەتی خاوەنداران و هەڵگرانی پشکەکان )مافی کۆنتڕۆڵ و ئیدارەیان هەیە، واتە مافی بڕیاردانی بێسنوور و کراوەی بێکۆتا، کە پێویستی بە کردەوەی دەستبەجێ هەیە و چاوەڕوانی قبوڵ ناکات، سەرکردەی دامەزراوەکان زیاتر لە بڕیاردان جێبەجێ دەکەن، ئەوان یارمەتی تیمەکان دەدەن تا پێکەوە کار بکەن، ئامانج و روانین و ستراتیجییەتەکان دیاری دەکەن، کەلتور و بەهاکان پێکدەهێنن. راستە تەکنۆلۆژیا پێشدەکەوێت، بەڵام دامەزراوەکان بە کارایی لەگەڵ کەموکورتییەکانی گرێبەستەکان مامەڵە دەکەن، چەندین سودیتر فەراهەم دەکەن، بەوەیش بەشێکی دیمەنی ئابووری بۆ مەودایەکی درێژی داهاتوو پێکدەهێنن.
تا رادەیەکی زۆر تەکنۆلۆژیای نۆیی ئاپۆڕە یارمەتی هەموو ئەوانە دەدات، بەڵام بەم نزیکانە، ناتوانن بەتەواوی جێی دامەزراوەکان بگرنەوە، لەبەرئەوە دامەزراوە پێشەنگەکانی چاخی دووەمی ئامێرەکان بەراورد بە دامەزراوەکانی چاخی پیشەسازی جیاواز دەردەکەون، بەڵام تاڕادەیەکی باش هەموویان ئەگەری مانەوە و کارکردن و دەرکەوتنیان دەمێنێ، بەوەی دامەزراوەن نەوەک کیانی گریمانەیی بن.
کاتێک ئامێر و سەکۆکان و ئاپۆڕەی خەڵک بەیەکەوە کاردەکەن
بە پشتبەستن بە چۆنیەتی بەکارهێنانیان، ئامێر و سەکۆ و ئاپۆڕەی خەڵکی کاریگەریی جیاوازییان هەیە. دەتوانن دەسەڵات و سامان چڕ بکەنەوە و پڕۆسەکانی دروستکردنی بڕیار و بوژانەوە، زیادکردنی تایبەتمەندێتی و پتەوکردنی کرانەوە، بکەن، دەتوانن ژینگەی داهێنەرانەی خاوەن ئامانجی سامی بخوڵقێنن، لە کاتێکدا هێزی تەکنۆلۆژیامان گەشە دەکات، لەگەڵیدا ئاواتەکانی ئایندەمان زیاد دەکات، ئەمەیش هانمان دەدات ئامانجەکانمان روونتر و بە قوڵی بیر لە بەهاکانمان بکەینەوە، بە پشتبەستن بە روانینەکانی پپێشوومان، دەتوانین بە ئایندە گەشبین بین، بەوەی گرێبەستەکانی داهاتوومان لە هەموو مێژوویی مرۆیی و دەستکەوتەکانی باشتر بن، ئەمە پێشبینی نییە، بەڵکو حەتمی و ئامانجە، چونکە ئایندە پیشوەخت دیاری ناکرێت، بەڵکو ئێمە دروستی دەکەین، وەک چۆن تاکەکەس رەوتی تایبەت بەخۆی وێنا دەکات، وەک چۆن دامەزراوە و حکومەتەکان ئەوە دەکەن، هەروەها کۆمەڵگەیش بونیات دەنێن.
رۆبۆتەکان بە قۆناغی تەقینەوە و فراوانبووندا تێپەڕ دەبن
توێژەرانی ئەم توێژینەوەیە:
ئەندرۆ مەکاڤی:
زانا و توێژەر لە پەیمانگای ماساچوس بۆ تەکنۆلۆژیا، توێژینەوە لەسەرئەوەی چۆن تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی بزنس و ئابووری و کۆمەڵگە دەگۆڕێت.
ئەریک برینجۆلفسۆن:
بەرێوەبەری سەنتەری دیجیتاڵی بزنسی سەر بە پەیمانگای ماساچوس بۆ تەکنۆلۆژیا، توێژینەوەکانی لەسەر کاریگەریی تەکنۆلۆژیای زانیاریی لەسەر ستراتیجیەتیەکانی بزنس و بەرهەمداری و دەستیکارە.
سەرچاوە:
الثورة الصناعیة الرابعة بین البلوکتشین و العملات المشفرة. مجموعة من الکتاب.