بەپەسەندکردنی پڕۆژەکەی یەکێتی، کۆتایی بە دواکەوتنی مووچە دەهێنرێت و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت، "دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتدا قەوارەی هەرێم بەهێزتر دەکات، یەکێتیش لە بەغدا هەر ئەوەی کردووە".
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIAی راگەیاند، "یەکێتی کۆتایی هێنا بەو نادادپەروەریەی کە لە ساڵانی رابردوودا بە مەزاجی تایبەتی سزای پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین درابوو، لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەدا چیدی دابەشکردنی مووچە دواناکەوێت و ئەو نادادییەش کۆتایی پێدێت".
وتیشی، "بەپێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی کە هەیە، بەپەسەندکردنی پرۆژەکەی یەکێتی لەبارەی مامەڵەکردنی پارێزگاکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عیراق لەکاتی نادادی لە دابەشکردنی داهات بەسەر پارێزگاکاندا دیموکراسی دەچەسپێنێت و ئەمەش وادەکات قەوارەی هەرێم بەهێزتر بێت نەک لاواز بێت".
لەساڵانی رابردوودا یەکێتی هەوڵیداوە نادادی لە دابەشکردنی داهاتی نەوت لە هەرێمەوە چارەسەر بکات، بەڵام گوێی لێنەگیرا، بۆیە لەپێناوی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری راگرتنی ئەو نادادیەی لە بەغداوە دا و بە یاسا رایگرت.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەش دەڵێت، "مەلەفی نەوت لە هەرێمی کوردستان مەلەفێکی تاریک و ناڕوون بوو، خەڵکی هەرێمی کوردستان و تەنانەت ئێمەش وەک پەرلەمانتاران نەماندەزانی داهاتی نەوت چەندە و چۆن بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت و هەروەها چۆن دەفرۆشرێت، بەڵام فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە شەفافیەت بەرقەرار دەبێت و داهاتیش بەیەکسانی بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت".
وتیشی: "یەکێتی لە ساڵانی رابردوودا هەوڵی زۆریدا لەناوخۆی هەرێمەوە ئەو نادادییە چارەسەر بکات، بەڵام بەداخەوە گوێی لێ نەگیرا تاوەکوو لەپێناو خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین بە تایبەتی بڕیاری راگرتنی ئەو نادادیەی لەبەغداوە داو بە یاسا رایگرت".
PUKMEDIA