قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئیسپانیا لە عیراق کۆبووەوە

07:18 - 2023-06-13
کوردستان
639 جار خوێندراوەتەوە



قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە پێدرۆ مارتینێز باڵیۆزی ئیسپانیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا  چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا تاوتوێکران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی 13ی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەچوو و تیایدا هەردوو پەرلەمانتار دیلان غەفور و غەریب ئەحمەد ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی پڕۆژەیەک کە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئیسپانیا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لە هەردوو کەرتەکەدا لە کوردستان.  پێشتر هەردوو پەرلەمانتار لەمبارەیەوە لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئیسپانیا و وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم کاریان لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کردووە. 
لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیری خۆی بۆ پڕۆژەکە دەربڕی و رایگەیاند حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکات بۆ کۆمپانیاکانی ئیسپانیا کە دەیانەوێت لە هەردوو بواری کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن. 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ئیسپانیا راوێژکاری تایبەت بە بواری گەشتوگوزار بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات تا لە نزیکەوە هاوکاری حکومەتی هەرێم بکەن بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار بە تایبەتیش کە لە ئێستادا چەندین پڕۆژەی گەشتیاری لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندندان و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان