«تۆپەکە لە گۆڕەپانی کوردستاندایە»

رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانە

10:22 - 2022-05-01
ئابووری
779 جار خوێندراوەتەوە

لاپەڕەی ئابووری

ئەندامێكی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: ئەگەر هەولێر و بەغدا لەبارەی دۆسێی نەوتی هەرێم و شێواز و رێكارەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نەگەنە رێكەوتن، ئەوا دۆخەكە سەختتر دەبێت لەوەی كە ئێستا هەیە.
هیچ بژاردەیەكی دیكە بۆ هەرێم نییە
هەرچەندە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، وەفدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا كرد و لەگەڵ وەزیری نەوتی عیراق و وەفدی وەزارەتی نەوت كۆبوونەوە، بەڵام نەتوانرا بگەنە هیچ رێكەوتنێك دەربارەی پرسی نەوت.
لە دوای كۆبوونەوەكانی هەردوو وەفدی هەرێم و بەغدا، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند: «ژمارەیەك بڕیارمان ئاڕاستەی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان و وەفدەكەیان كرد كە دەبێت پابەندبن بە جێبەجێكردنیەوە، بڕیارەكانیش بریتین لە: (پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانیان و گونجاندنیان بەپێی رێوشوێنە یاسایی و ئابوورییەكان كە لە خزمەتی هەموولایەكدا بێت، چارەسەركردنی كەموكورتییە بازرگانییەكانی نەوتی هەرێم، دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی كوردستان كە خاوەندارێتی لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە دەبێت و بارەگاكەشی لە هەولێر دەبێت، سیاسەتی برەودان بە كێڵگە نەوتییەكان و دیاریكردنی نرخی نەوت، بە هاوبەشی لەلایەن حكومەتی فیدراڵ و هەرێمەوە دەبێت)».
وتیشی: «ئەوانە بڕیارەكانی وەزارەتی نەوتی عیراقن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هیچ بژاردەیەكی دیكەمان بۆ حكومەتی هەرێم نییە و تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەوانە».
بەپێی زانیاریی میدیا كوردی و عیراقییەكان، تا ئێستا حكومەتی هەرێم رازینەبووە بەو داواكارییانە و هیچ وەڵامێكی حكومەتی عیراقی نەداوەتەوە، بەشێوەیەك لەدوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، سەرۆكی حكومەتی هەرێم گومانی خۆی لە بەغدا نەشاردۆتەوە و ئامادەنەبووە وەڵامی كۆتایی بداتە وەفدی حكومەت.
بەشی مووچە و بودجە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیش دەكات
لەوبارەیەوە، ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەندامی لیژنەی دارایی، بە ماڵپەڕی (تۆڕی هەواڵی سلێمانی) راگەیاندووە: بە هەموو پێوەرەكان رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسێی نەوت لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغدا بكات، ئەوا مانگانە بودجەیەكی بۆ دێت كە بەشی مووچە و بودجە و تەنانەت پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیش دەكات، بەڵام تا ئێستا هەرێم نەیتوانیووە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا.
وتیشی: «بەپێچەوانەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم و بەغدا نەگەنە رێكەوتن، ئەوا ئەو دۆخە داراییەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت لە نەبوونی پارە بۆ دابەشكردنی مووچە و هەروەها جێبەجێنەكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، بەردەوامی دەبێت و تەنانەت دۆخێكی لەمەی ئێستا خراپتریش بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێت».
ئیكسۆن مۆبیل  بڕیارەكەی جێبەجێكرد
لەلایەكی دیكەوە و هەر پەیوەست بە پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان و فشارەكانی حكومەتی فیدراڵ بۆ دەستهەڵگرتن لە هەناردەكردنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ، كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی ئەمریكی كە لە ساڵی 2011ەوە لەبواری نەوت لە هەرێم كار دەكات، هەرێمی كوردستانی بەجێهێشت و پسپۆڕانی بواری ئابووریش دەڵێن: «پێدەچێت هۆكاری جێهێشتنەكە، بۆ ناڕ‌ەزایی حكومەتی عیراق و ئەمریكا بگەڕ‌ێتەوە».
بەپێی بڵاوكراوەیەكی ماڵپەڕی (میس) كە تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی زانیاری و هەواڵ لەبارەی سووتەمەنی و ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەورە كۆمپانیای نەوتی ئەمریكی ئیكسۆن مۆبیل هەرێمی كوردستانی بەجێهێشتووە و تەواوی كارەكانی لەو ناوچانە راگرتووە.
پسپۆڕانی ئابووریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خوێندنەوەی جیا جیا بۆ ئەو كارەی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی ئەمریكی دەكەن و بەشێكیان پێیانوایە، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نایاسایی هەناردەی نەوتی هەرێم، كاریگەریی لەسەر ئەو بڕیارە هەیە و پێدەچێت لە داهاتووشدا كۆمپانیای دیكەش كاركردن لە هەرێمی كوردستان لە بواری نەوت رابگرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان