راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ بەهۆی مرۆڤێکی توشبوو یان مێرووی گەنە یان مەڕو ماڵاتی تووش بوو بەم ڤایرۆسە و مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروست دەکات.
نیشانەكانی تای خوێن بەربوون: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، خوێن بەربوون و لەكاركەوتنی كۆئەندامی دەمار، تووشبوون بە شۆك و چوونە ناو كۆما، لەدەستدانی هێز و توانا و وڕێنەكردن، ئازاری ماسولكەكان و گرژبوون و شەكەتی لەگەڵ گێژبوون و لەكاركەوتنی گورچیلە.
زۆربەی جار نیشانەكانی كەسی تووشبوو لە حاڵەتە توندەكانی تای خوێن بەربوون بریتییە لەخوێن بەربوون لەژێر پێست یاخود كۆئەندامەكانی ناوەوەی لەش و خوێن هاتن لە دەم و لوت و چاو و گوێچكە.
دەرزی چارەسەری تای خوێن بەربوون لە پارێزگای سلێمانیدا نییە و زۆر بە ئاستەم دەستدەکەوێت و تێچووەکەی زۆرە ئەگەر چارەسەریش پەیدا بکرێت هێشتا نیوەی تووشبوانی نەخۆشییەکە گیان لەدەست دەدەن
یەکەمی بکوژەکان لەناو ڤایرۆسەکاندا
زانیار ئاغال پزیشکی پسپۆڕی هەناوی دەڵێت، تای خوێن بەربوون یەکەمی بکوژەکانە لەناو ڤایرۆسەکاندا و توانای کوشتنی لە %30، واتە گەر سەد کەس بیگرن، 30 کەسیان دەکوژێت.
وتیشی، بەشێوەیەكی گشتی چارەسەرێكی تایبەت بە تای خوێن بەربوون نییە، تووشبوانی ئەم نەخۆشییە چارەسەری پاڵپشتی وەردەگرن لەوانە گیراوەكان و یارمەتیدان بۆ هەناسەدان و ئازارشكێن و دەرمانی دژە ڤایرۆسات بۆ چاكبوونەوە، بۆیە خۆپارێزی باشترین رێگەچارەیە.
تای خوێن بەربوون لە هەموو پارێزگاكانی عیراقدا بڵاوبۆتەوە، سلێمانی تەنیا پارێزگایە تائێستا ئەو نەخۆشییەی تێدا تۆمارنەكراوە و كەسێك هەبوو گومانی لێدەكرا تووشی تای خوێن بەربوون بووبێت، ئەنجامی پشكنینەكەی لە بەغداوە هاتۆتەوە و دەركەوت تووش نەبووە.
سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لەكاتێكی زۆر هەستیارداین بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێن بەربوون لە پارێزگاكانی عیراق و نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان كە ئەو نەخۆشییە بەهۆی گەنەوە لەسەر ئاژەڵەكان بڵاودەبێتەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان ئاژەڵی قوربانی لە سەربڕیخانەكاندا سەرببڕن.
نەبوونی دەرزی چارەسەر
وتیشی، دەرزی چارەسەری تای خوێن بەربوون لە پارێزگای سلێمانیدا بوونی نییە و زۆر بە ئاستەم دەستدەکەوێت و تێچووەکەی زۆرە، ئەگەر خوانەخواستە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان تووش ببن ناتوانین چارەسەرەکەیان بۆ پەیدا بکەین، ئەگەر چارەسەریشیان بۆ پەیدا بکەن، ئەوا نیوەی تووشبوانی نەخۆشییەکە گیان لەدەست دەدەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هۆكارەكانی تووشبوون بە تای خوێن بەربوونی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو ڤایرۆسانەی هۆكاری تای خوێن بەربوونن لە زۆرێك لە ئاژەڵەكان و مێرووەكاندا دەژین، بۆیە دەست لێدان و بەركەوتنی ئاژەڵ و مێرووی تووشبوو بەهۆكاری سەرەكی تووشبوون بەم نەخۆشییە دادەنرێت.
هەروەها دەكرێت كەسێك تووشی تای خوێن بەربوون ببێت بەهۆی بەركەوتنی دەردراو و پاشەڕۆی مێرووی توشبوو یاخود گەستنی مێروو و مێشوولە و گەنە، ئەو نەخۆشییە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، هەر کەسێک مامەڵەی کردبێت لەگەڵ ئاژەڵێکدا بۆ سەربڕین، بەڵام گۆشتەکەی پشکنینی بۆ نەکرابێت مەترسی توشبوونی لەسەرە، بۆیە نەخۆشییەکە لەناو قەسابەکانەوە بڵاودەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی تووندتر لە کۆرۆنا دەگوازرێتەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە، بەڵام خۆشبەختانە جیاواز لە کۆرۆنا بە ئاسانی بڵاونابێتەوە لەناو خەڵکدا.
خۆپارێزی لە توشبوون بە تای خوێن بەربوون
* دووركەوتنەوە لە دەست لێدان لە مەڕوماڵات و مێرووی تووشبوو.
* كۆنترۆڵكردنی مێرووەكان و رێگری لەوەی بێتە ناوماڵ و شوێنی كاركردن.
* دانانی خۆراكی ئاژەڵی ماڵی لە شوێنێكی داپۆشراو بۆئەوەی مێروو پێی نەگات.
* فڕێدانی زبڵ بە بەردەوامی و گرتنی دەرگا و پەنجەرەكان.
*بەكارهێنانی دەرمانی قڕكەر و دژەمێروو.
شێوازەكانی گواستنەوەی تای خوێن بەربوون
* بەركەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵ و مێرووی تووشبوو.
* سەربڕینی ئاژەڵی تووشبوو و خواردنی گۆشتەكەی.
* گواستنەوەی نەخۆشییەكە لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی دیكە لە رێگەی تێكەڵاوبوون.
* گەشتكردن بۆ ئەو ناوچانەی ئەم نەخۆشییەی تێدابڵاوە.
* كاركردن لەگەڵ كەسانی تووشبوو و ئەو شوێنانەی مێروو و مشكی تێدایە.
رێنماییەکانی سەربڕینی ئاژەڵ
بۆ دووربوون لەنەخۆشی تای خوێن بەربوون پێوستە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ ئەم رێنماییە زانستییانە جێ بەجێ بکرێت.
* سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە رێگە پێدراون و پزیشکی ڤێتەرنەری سەرپەرشتی دەکات .
* لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردنی یان پارچە پارچەکردنی گۆشتەکەی پۆشینی جلوبەرگی خۆپارێزی وەك (دەستکێش، جزمە، سەدریەی پلاستیك، ماسکی دەم و چاو) پێویستە لەبەرکرێن.
* نابێت خانەوادە یان خەڵک کۆببنەوە لە چواردەوری سەربڕەکە (قەساب) و نابێت هاوکاری بکەن لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچەپارچە کردنی گۆشتدا.
* بەبێ دەستکێش مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەی ئاژەڵی سەربڕاو مەکە و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکە و پاشان دەستت بەباشی بشۆ .
* لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی لە کیسی داخراو و فڕێدانی لەشوێنی تایبەت.
* بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچە کردنی تایبەت بە گۆشت شتن و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.
* پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت، بەتایبەت ئەوشوێنانەی خوێنی لێیە بە مادەی کلۆرینی رونکراوە.
* باشتر وایە گۆشت دوای سەربڕینی ئاژەڵ بۆ ماوەی نیو سەعات لە پلەی (چوار بۆ هەشت) پلەی سەدی هەڵبگیرێت پاشان بەكاربهێنرێت، بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و سەلامەتە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێن بەربوون .
* ئەگەر ئاژەڵ گەنە یان مێرووی تری هەبوو باشتر وایە نەیكڕیت یان سەر نەبڕدرێت بۆ دوور بوون لە نەخۆشی تای خوێن بەربوون، لەبەرئەوەی ئەم نەخۆشییە لەنێوان ئاژەڵەکاندا دەگوازرێتەوە و لەوانیشەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون، پاش کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی تای خوێن بەربوون لەپارێزگای سلێمانی بڕیاردرا رێکاری توندتر بگیرێتە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی لەسەر شەقامەکان ئاژەڵ سەردەبڕن و گۆشتەکەی دەفرۆشن.