یادەوەریی وەرزشی

11:24 - 2023-06-19
وەرزش
113 جار خوێندراوەتەوە
#حەمەی عەبۆل

خەسرەو گورون

80

لە دوو ژمارەی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمەدا تیشكێكم خستە سەر یەكەم یارییمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق-گروپی باكوور  بۆ وەرزی 1989-1990، یەكەم یاریی لەگەڵ تیپی یانەی 1 ی حوزەیرانی كەركوك بوو، یارییەكە رۆژی 3/11/1989 لە یاریگای سلێمانی كردمان و 0-1 دۆڕاین. 
دووەم یارییمان رۆژی 10/11/1989 هەر لە یاریگای سلێمانی بەرامبەر یانەی كەرامەی شاری كەركوك بوو، ئەم یارییەمان 3-0 بردەوە، رۆژی 17/11/1989 سێیەم یاریمان لەكەركوك بەرامبەر یانەی سەورەی ئەوشارە كرد، سەعات 3 ی عەسری ئەو رۆژە فیكەی دەستپێك بۆ ئەم یارییەمان لێدراو ناوبژیوانانیش لە هەولێرەوە هاتبوون، ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی بە درێسی سپی و ئەوانیش بە درێسی شینەوە یارییان دەكرد.
لەم یارییەدا ئێمە بە پلانی 4-4-2 یارییمان كرد و پێكهاتەكەشمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی: هیوا محەمەد.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، سۆران ئەحمەد، هادی كەریم، نەوزاد مستەفا.
*ناوەند:ئامانجی سەید برایم، كەریمە سوور، فەرەیدون كەمال، شاهۆ حەمە فەرەج.
*هێرشبەر:ئازادی حاجی مەلا شەریف، بەختیار رەشید.

لەم یارییەدا لەگەڵ  كاك سەعدی غەریب كە راهێنەری تیپەكە بوو، خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆلیش وەك یاریدەدەر هاتبوو، خوالێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان سەرپەرشتیاری تیپەكە بوو، خوالێخۆشبوو دكتۆر عەتاش وەك چارەسەركەر لەگەڵمان بوو.
لەو یارییەدا لە دەقیقەی 83 -دا ناوبژیوان فیكەی پەنالتییەكی بۆ سلێمانی لێدا، بەڵام سۆران ئەحمەد نەیتوانی گۆڵ بكات، لە دەقیقەی 89 دا ناوبژیوان فیكەی پەنالتییەكی تری لێدا ئەمجارەیان بۆ یانەی سەورە و ئەوان توانیان گۆڵی پێبكەن و بەو تەنیا گۆڵەش یارییەكەیان لە تیپی یانەی سلێمانی بردەوە.
لەیارییەكەشدا هەردوو راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد:جەعفەر تۆفیق بۆ شوێنی فەرەیدون كەمال، نازم عەرەب بۆ شوێنی خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج، ئەم یاریزانانەش یەدەكی تیپەكە بوون: سیروان محەمەد، بەكری شێخ مستەفا، جەلالی كانیاو، سەلام مەحمود، داخل جەبار، گۆران مەحمود حاجی، موحسینی هەڵەبجە.
شایانی باسە تیپی پلە دووی یانەكانی عیراق لەو وەرەزدا لەسەرتاسەری عیراقدا كرابوون بە سێ گروپەوە، تیپی یانەی سلێمانی لە گروپی باكووردا بوو، گروپەكەش ئەم تیپانە بوون (سلێمانی، 1 ی حوزەیران و كەرامە وسەورە لە شاری كەركوك، موسڵ و فتووە لە موسڵ، برایەتی لە هەولێر، سەڵاحەدین لە تكریت)، سیستمی یارییەكان خولێكی دوو قۆناغ بوو، یەكەم و دووەمی هەرگروپێك دەگەیشتنە قۆناغی دووەمی یارییەكانی خولەكە، بردنەوە 2 خاڵ و یەكسان بوون 1 خاڵ بوو.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان