رەوەست نەوزاد
ئەسپ لەڕابردوودا ئامڕازێك بوو بۆ هاتووچۆی مرۆڤ لەشوێنێك بۆ شوێنێكی تر لە كاتی جەنگیشدا ئەو ئاژەڵە بۆ هاتوو چۆ و هێرشکردن سوودێكی زۆری لێدەبینرا، بەڵام ئێستا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و ئۆتۆمبێلەوە، بەزۆری ئەسپ بۆ جوانی و بەسەربردنی كات و وەرزش کردن بەکار دێت.
ئەسپسواریی لە هەولێر
لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەسپسواریی لەهەرێمی کوردستان بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی بڵاو بۆتەوە، ئێستا سەدان كەس وەرزشی ئەسپسواریی دەکەن و تەنیا لەهەولێر چەند یانەیەک بۆ ئەم وەرزشە كراوەتەوە.
فەلاح حەسەن شێخانی خاوەنی سەنتەری مەم بۆ ئەسپسواریی لەناو پاركی گەورەی هەولێر فێرگەیەكی ئەسپسواری كردۆتەوە، ئەو دەڵێت : من لەساڵی 2012 -ەوە بەڕەسمی مۆڵەتی كاری ئەسپسواریم لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەرگرتووە، یەكەم كەسم لەم شارە فێرگەی ئەسپسواریم دامەزراندووە، سەرەتا لەباخەكەی خۆم لەدەرەوەی شاری هەولێر داممەزراند، دواتر بەهۆی دووری شوێنەكەوە ئێستا لەم پاركە دروستمانکردووە، پێشتریش یانەی سلیڤان – مان لەهەولێر دامەزراند، بەڵام بەهۆی ئەوەی كارەكەمان سەری نەگرت وەستاندمان.
چەندین جۆری ئەسپمان هەیە
هەروەها ووتی؛ دوای ساڵانی 2015 – 2016 خەڵكێكی زۆر روویان كردووەتە ئەسپسواریی و ئێستا نزیكەی 7 فێرگە و سەنتەر و یانەی ئەسپسواری لە هەولێر هەیە، زۆربەیان لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دانراون و یانەیەکی نێودەوڵەتی ئەسپسواریش لەسەر رێگای هەولێر - پیرمام هەیە كە بەتوانایەكی زۆر ئەنجامیانداوە و هەموو بەشەكانی وەرزشی ئەسپسواریی لەخۆدەگرێت.
وتیشی: من ئێستا زیاتر لە 20 ئەسپم هەیە، ئەسپی جۆری واهۆ - ی عەرەبیم هەیە كە بەشداریی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی ئەسپسواریمان لەهەولێر پێكردووەو پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.
هەروەها ئەسپی ئینگلیزی و ئەسپی پێشبڕكێ و ئەسپی كوردی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ ئەسپی ئیسپانی و ئەسپی بچووكی جۆری پۆنی بۆ منداڵان كە لەئەوروپاوە هێناومانە.
كچان و ژنان و ئەسپ سواریی
سەبارەت بە بەشدارییکردنی كچان و ژنانیش ووتی؛ ئێستا فێرخوازێكی زۆری كچان و ژنانیشمان هەیە زۆر ئازایانە دێن و سواری ئەسپەكان دەبن، لەلای ئێمە فیری ئەسپسواریی بوون، ئەوەتا ساڵی 2012 نزیكەی 60 فێرخوازم هەبوو، 30 - یان كچ و ژن بوون.
سەبارەت بەجۆری ئەو چالاکییانەی لە سەنتەرەکەیان دەکرێت ووتی؛ یاری كێبركێ و بازدان و جوانی ئەسپمان هەیە، پاڵەوانێتیی جوانیی ئەسپسواریی دووجار لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە و پێشبڕكێی بازدانی ئەسپیش دوو هەفتە جارێك لەیانەی ئەسپسواریی هەولێر ئەنجام دەدرێت.
بۆ فێربوونی ئەسپ سوارییش ئەو ووتی؛ بەدوو تا سێ مانگ فێری هاوسەنگی دەبیت و شتێک لە ئەسپسواری فێر دەبیت و دەزانیت چۆن سواری ئەسپەكە دەبیت.
پێدوایستی ئەسپ
سەبارەت بەپێدوایستی ئەسپ سوارییش وتی: پێشتر كێشەی لغاوی ئەسپمان هەبوو كە لە كوردستان دەستنەدەكەوت، بەڵام ئێستا دەتوانین لە بەریتانیا و ئیماراتەوە پەیدای بكەین و بۆمان دێت و دەتوانم كەلوپەلی تری ئەسپسواری لە ئەڵمانیا و ئیسپانیاشەوە بهێنم.
ئارەزو هیوا یەكێك بوو لەو كچانەی كە لەشاری هەولێر لەیەكێك لەیانەكانی ئەسپسواریی یاری دەکرد وتی: من بە ماوەی یەك مانگ بەباشی فێری ئەسپسواریی بووم، ئەو كچە گەنجە باسی خۆشیەكانی ئەو وەرزشەی كردو وتی: ئەو یارییە دەرونت ئارام دەكات وادەكات ئاڵۆزییەكانی ژیان لەبیر بكەیت، من جگە لەیانەكە لەباخی خانەوادەكەشمان یاری ئەسپسواریی دەکەم.
لەشارەکانی تری عیراقەوە دێن
شێركۆ سەعید خاوەنی پڕۆژەی ئەسپسواری (شێركۆ) یە لەناحیەی قوشتەپە، هۆكاری زیادبوونی وەرزشی ئەسپسواری لەكوردستان بۆ باشی دۆخی ئابووری هاوڵاتیان و باشی دۆخی ئەمنی دەگێڕێتەوە، هەرەوها ووتی، زۆركات هاوڵاتی ناوچەکانی تری عیراق دێنە لامان بۆ یاری ئەسپسواری.
وتیشی : یانەكەی من یەكێكە لەباشترین یانەكان لەسەر ئاستی عیراق، لەشوێنێكی دەشتایی دروستمان كردووە و پانتاییەكەی 2 تا 3 دۆنم زەوییە، خەڵكی دەتوانن بەسواری ئەسپەوە بچنە دەرەوەی یانەكەش.
هەروەها ووتی نرخەکان لای ئێمە بۆ كاتژمێرێك 30 هەزار دینار وەردەگرین و ئەسپسواری ئاساییش بڕی 25 هەزار دینارە بۆ نیو كاتژمێر.
لەکۆتاییدا ووتی؛ خوێندكارانی ئەسپسواریمان هەیە كە یاری بازدان و یاری تیروكەوان و هەڵدانی رمیش دەکەن، زۆربەی بەشداربوانیشمان کچانن، خۆشم یەكێكم لەوانەی كە زۆر هانی كچان دەدەم بۆ ئەم وەرزشە.
راشیگەیاند: سەرەتا وەكو ئارەزوویەك ئەو شوێنەم دامەزراند، بەڵام بۆ لایەنی داراییەكەی بەداخەوە تائێستا نەمتوانیوە قازانجی لێبكەم تا بیكەم بەكارێكی بازرگانی، بگرە زیانیشی لێدەكەم، چونكە ئەم جۆرە كارەی من دەبێت حكومەت یارمەتیت بدات، بەڵام تائێستا هیچ ئاوڕێكمان لێ نەدراوەتەوە.
ئەسپ خەرجی زۆری دەوێت
هەروەها ووتی؛ ئەسپ وەكو مرۆڤ پێداویستی و خەرجی زۆری دەوێت بۆ نمونە دەبێت كەسێك دامەزرێنیت رۆژانە ژێریان خاوێن بكاتەوە، هەفتانە توێكڵی داریان بۆ رادەخەین بۆ ئەوەی لەسەری بخەون، هاوینانیش دوو رۆژ جارێك دەبێت بشۆردرێن و دەرزی و دەرمانیان پێویستە و باشترین ئالیكیان پێدەدەین و مانگی یەكجار دەبێت قاچیان ناڵ بكەین، بۆیە خەرجیان زۆرە، لەکۆتاییشدا ووتی؛ بۆ ئایندە بەرنامەم هەیە بۆ پێشخستنی زیاتری بواری ئەسپسواریی لەهەولێر.