داگیرکردنی زەوی و زاری جوتیارانی کورد و تورکمان لە ناوچە جێناکۆکەکان زیادیکردووە و بڕیارەکەی هادی عامریش لەبارەی راگرتنی تەعریبکردنی ئەو ناوچانە بەگرنگ دەزانرێت، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانیش دەڵێت، "داوامان کردووە ژورێکی عەمەلیات لە نێوان لایەنە کوردستانی و عیراقییەکان بۆ مادەی 140 دروست بکرێت".
بڕیارەکەی هادی عامری گرنگ بوو
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان لە لێدوانێکدا بەسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIAی راگەیاند، "بڕیارەکەی هادی عامری وەک سەرۆکی لیژنەی مادەی 140 بایەخێکی گەورەی هەیە و پێشهاتێکی گرنگە و بە هەنگاوێکی ئیجابی دەبینین، ئومێد دەکەین ئەم نووسراوە بتوانێت دوا ئەرکی خۆی جێبەجێبکات، بەشێک لە کێشەکانی ئێمە بەتایبەتی کێشەی زەوی و زار لەو ناوچانە، چارەسەر بکات".
وتیشی، "بڕیارەکەی هادی عامری ماف بۆ مافخوراوانی دەگێڕێتەوە و کۆتایی بەو تەعریب کردنە دەهێنێت، کە کرابووە سەر زەوی کورد و تورکمانەکان، هەروەها بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، ئێمە نووسراوێکمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و داوامانکردووە ژورێکی عەمەلیات بە بەشداری سەرۆکی هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان و نوێنەری حکومەت لە بەغدا و نوێنەرانی کورد لە لیژنەی مادەی 140 دروست بکرێت، تا بتوانین لە رێگەی ئەم ژوورەوە، روئیایەکی کۆنکرێتی دابرێژین بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنمان بۆ پێشهاتەکان و بتوانین چاودێرییەکی وردتری ئەو بڕیارە بین".
مادەی 140 پێویستی بەیەکدەنگی هەیە
سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشتر سەلمێنراوە هەرکاتێک کورد یەکگرتوو بێت دەستکەوتی زیاتری بەدەستهێناوە و بەپێچەوانەشەوە لە کاتی پەرتەوازەیی ماڵی کورد دا دەستکەوتی زۆر لەدەستدراوە، مادەی 140 یش وەک پرسێکی نیشتمانی پێویستی بەیەکدەنگی کورد هەیە و دەبێت رێگری بکرێت لە داگیرکردنی زەوی و زار و موڵکی جوتیارە کورد و تورکمانەکان".
لەسەر داوای یەکێتی لیژنەی مادەی 140 کاراکرایەوە
لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارەیەک پرۆژەی لەپێناوی خزمەتی گەلی عیراق بەگشتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پێشکەش بەکابینەکەی سودانی کرد، کە یەکێک لە پڕۆژەکان کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 بوو، پاشان لەسەر داوای یەکێتی لیژنەی مادەی ١٤٠ کاراکرایەوە و هادی عامریش وەک سەرۆکی لیژنەکە دەستبەکاربوو، ئێستاش لە کاتێکدا هەوڵی داگیرکردنی زەوی و زاری جوتیارانی کورد و تورکمان لەناوچە جێناکۆکەکان دەدرێت، سەرۆکی لیژنەکە لەرۆژی ١٨-٦-٢٠٢٣ نووسراوێکی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و داوای کردووە ئەو پێشێلکارییانە رابگیرێت.
هانا بۆ دادگای فیدراڵی دەبرێت
لەسەر هەمان پرس دوو پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سکاڵایان لە دژی داگیرکردنی زەوی و زاری جوتیارە کورد و تورکمانەکان لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکردووە. دیلان غەفور لەسەر سکاڵاکەیان بۆ PUKMEDIA وتی، "لەڕێگەی دادگاوە رێگردەبین لە هەموو ئەو دەستوەردانە نایاساییانەی کە بەرامبەر بە جوتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری پارێزگای کەرکوک دەکرێن و عەرەبی هاوردە دەخرێنە سەر زەوی و زاریان، هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانمان سکاڵامان گەیاندۆتە دادگای فیدراڵی و داوامانکردووە رێگری لە عەرەبی هاوردە بکرێت بۆ سەر زەوی کورد و تورکمانەکان".
لە بەرامبەردا فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ سکاڵاکەی ئەو دوو پەرلەمانتارە دەربڕی و رایگەیاند، "هیوادارین دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی ئەو دوو پەرلەمانتارە بەهەند وەربگرێت و رێگری بکات لەپێشێلکردنی مافی ئەو جوتیارانە".
ماوەی چەند ساڵێکە داگیرکردنی زەوی و زاری جوتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری پارێزگای کەرکوک بە بەرنامە کاری بۆ دەکرێت و لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەکی زۆر عەرەب هاوردە کراوە و لەسەر زەوی و زاریان جێگیر کراون.
PUKMEDIA