ئا: فەرید دڵشاد
زۆر کەس لەكاتی گەشتكردندا بۆ دەرەوە پێڵاوی وەرزشی لەپێدەكەن، چونكە بەو شێوەیە ئاسوودەترن و ئەو جۆرە پێڵاوە عەمەلی ترە، بەڵام پسپۆرێكی بواری پێڵاو هۆشداریی دەدات سەبارەت بە لەپێكردنی پێڵاوی وەرزشی لە فڕۆكەخانەكاندا.
لیزا كایی كە خاوەنی كۆمپانیای (سول بلیس)ە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (زە سەن)ی بەریتانی پێشنیازی كردووە لە فڕۆكەخانەكاندا پێڵاوی وەرزشی لەپێ نەكرێت، چونکە پێی وایە هەرچەندە پێڵاوە وەرزشییەكان بۆ مرۆڤ ئیسراحەت ترن و جوان دەردەكەون، بەڵام بۆ فڕۆكەخانە چەندین کێشە دروست دەكەن.
بە وتەی لیزا گەشتیار هەر جارێك بە ئامێرەكانی پشكنیندا دەڕوات دەبێت پێڵاوەكە دابکەنێت و دووبارە لەپێی بكاتە، بۆیە ئەم پڕۆسەیە بۆ پێڵاوی وەرزشی قورس و ناخۆشە و كاتێكی زۆری دەوێت.
ئەو پێی وایە لەو پڕۆسەیەدا دەبێت گەشتیار دابنیشێت قەیتانی پێڵاوەكانی بكاتەوە و دواتر سەرلەنوێ قەیتانەكانی ببەستێتەوە، ئەوەش کاتی دەوێت و كێشەی بۆ دروست دەكات بەتایبەت لە فڕۆكەخانە قەرەباڵغەكاندا.
لیزا كایی دەڵێت، هەر كاتێك گەشتیار پێڵاوەكانی داکەند یاخود لەپێی كردەوە دەبێت كەلوپەل و جانتاكانی بخاتە سەر زەوی فڕۆكەخانە كە چەندین میكرۆبی لەسەر نیشتووە ئەوەش كێشەی تەندروستی بۆ گەشتیارەكە دروست دەكات.
باشترین پێڵاو بۆ فڕۆكەخانە كامەیە؟
لەبری پێڵاوی وەرزشی لیزا پێشنیازی كردووە گەشتیاران لە فڕۆكەخانە پێڵاوێكی ئاسان لەپێ بكەن، یاخود پێڵاوی وەرزشی كە بەزنجیر دابخرێت، ئەوەش بۆ ئەوەی لە فڕۆكەخانە تووشی ناڕەحەتی نەبن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پێڵاوی سووكەڵە بۆ فڕۆكەخانەكان زۆر باشە، چونكە لەكاتی پشكنینە ئەمنییەكاندا كێشە دروست ناكات، پێشنیازی ئەوەش بۆ گەشتیاران دەكات ئەو پێڵاوانە لەپێ بكەن كە پێویستیان بەدەست نییە بۆ لەپێكردن و داکەندن
لەكۆتاییدا رێنمایی ئەوە دەدات بە گەشتیاران لە فڕۆكەخانەكاندا لەگەڵ پێڵاو گۆرەوی لەپێ نەكەن، چونكە لەكاتی داکەندنی پێڵاو ناچار دەبن بەگۆرەوییەوە لەسەر گۆڕەپانی فڕۆكەخانە رێ بكەن، ئەوەش دیسان كێشەیەكی ترە.
سەرچاوە: سكای نیوز