درێژترین مانگگیرانی سه‌ده‌ی 21 ڕوویدا و كه‌س باسی نزیكبوونه‌وه‌ی مه‌ریخی نه‌كرد – knwe.org
سەرەکی » زانست » درێژترین مانگگیرانی سه‌ده‌ی 21 ڕوویدا و كه‌س باسی نزیكبوونه‌وه‌ی مه‌ریخی نه‌كرد

درێژترین مانگگیرانی سه‌ده‌ی 21 ڕوویدا و كه‌س باسی نزیكبوونه‌وه‌ی مه‌ریخی نه‌كرد

ئێواره‌ی(27)ی ئه‌م مانگه‌ زۆربه‌ی زۆری دانیشتوانی جیهان شاهێدی درێژترین مانگگیرانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ بوون ، به‌ڵام زۆركه‌س بێئاگا بوون له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی مه‌ریخ كه‌ ئه‌ویش یه‌كێكی تر بوو له‌دیارده‌ گه‌ردوونییه‌ ده‌گمه‌نه‌كان.
ڕۆژی هه‌ینی 27ی مانگ مانگگیرانی ته‌واوه‌تی له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئاسیا و ئوستورالیا و ئه‌فریقیا و به‌شێك له‌ ئه‌مریكای لاتین ڕوویدا و خه‌ڵك توانیان به‌ ئاسانیی ئه‌م دیارده‌ گه‌ردوونییه‌ ناوازه‌یه‌ ببینن، به‌ڵام دانیشتوانی باكور و ناوه‌راستی ئه‌مریكا له‌ بینینی ئه‌و دیارده‌یه‌ بێبه‌ش بوون و توانیان له‌ ڕێگه‌ی ئینته‌رنێت و كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كانه‌وه‌ بیبینن .
مانگگیرانی ته‌واویش ڕووداوێكی گه‌ردوونیی ده‌گمه‌نه‌، كاتێك ڕوو ده‌دات كه‌ هه‌موو مانگ ده‌چێته‌ ناوچه‌ی سێبه‌ری زه‌وییه‌وه‌، واته‌ زه‌وی ده‌كه‌وێته‌ نێوان مانگ و خۆره‌وه‌ و سێبه‌ری زه‌وی به‌ ته‌واوی مانگ كۆنترۆڵ ده‌كات .
دیارده‌كه‌ به‌ ته‌نها مانگگیرانی ئاسایی نه‌بوو
به‌پێی ئاژانسی فه‌زایی (ناسا) مانگگیرانی ته‌واو یه‌ك سه‌عات و 42 خوله‌ك و 57چركه‌ی خایاندووه‌ و به‌ر له‌وه‌ش مانگگیرانی نیوه‌یی ڕویداوه‌‌و دواتریش به‌و شێوه‌یه‌ بووه‌ و دیارده‌كه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی 3 سه‌عات و 54 خوله‌كی خایاندووه‌، گرنگیی ئه‌م مانگگیرانه‌ی شه‌وی هه‌ینی كه‌ له‌سه‌عات حه‌وتی ئێواره‌وه‌ ده‌ستی پێكرد له‌وه‌دا بوو كه‌ درێژترین مانگگیرانی سه‌ده‌ی 21 بوو، هه‌روه‌ها ئه‌و جۆره‌ مانگگیرانه‌ بوو كه‌ به‌ مانگی خوێناوی ناسراوه‌ ، چونكه‌ له‌و كاته‌ی مانگ سێبه‌ری زه‌وی له‌سه‌ره‌ ڕه‌نگی سوور هه‌ڵده‌گه‌رێت له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ تاریكیدا وون بێت، ئه‌ویش به‌ هۆی كاریگه‌ریی (Rayleigh Scattering)، (شكانه‌وه‌ی ڕووناكیی) به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ پاكتاوكردنێكی ئاوێزه‌یی به‌ناو به‌رگه‌ هه‌وای زه‌ویدا دروست ده‌بێت بۆ هه‌ردوو تیشكی سه‌وز و مۆر، له‌گه‌ڵ ئه‌و مانگگیرانه‌دا دیارده‌یه‌كی ناوازتر ده‌ركه‌وت كه‌ بریتی بوو له‌نزیكبونه‌وه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ بۆ نزیكترین ئاستی له‌ ڕووی زه‌وییه‌وه‌.
مانگگیرانی ته‌واو و خوێناویی دووه‌مین جاره‌ له‌ ساڵی 2018دا ڕوویدا و یه‌كه‌مین جاریش له‌مساڵدا له‌ 31 كانوونی دووه‌مدا بوو كه‌ ئه‌ویان ماوه‌كه‌ی 3 سه‌عات و 23 خوله‌ك بوو.

هه‌ل بوو بۆ بینینی مه‌ریخیش
هاوكات له‌گه‌ڵ مانگگیرانه‌كه‌دا هه‌لێكی دیكه‌ش بۆ زانایان و ئاره‌زوومه‌ندانی دیارده‌ گه‌ردوونییه‌كان ڕه‌خسا ئه‌ویش بینینی مه‌ریخ بوو كه‌ له‌ئاسماندا زۆر به‌ گه‌شاوه‌یی ده‌بینرا، هۆكه‌شی ئه‌وه‌ بوو كه‌ زه‌وی له‌ ماوه‌ی نێوان ته‌مموز و ئه‌یلولدا به‌ نێوان خۆر و مه‌ریخدا تێده‌په‌ڕێت و له‌ شه‌وی 27ی مانگدا هه‌ساره‌ سووره‌كه‌ له‌ نزیكترین خاڵدابوو له‌ ئاسمان، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ دواجار دیارده‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ بینراوه‌ ساڵی (2003 ) بووه‌، واته‌ زانایان و ئاره‌زوومه‌ندان له‌ دوای 15 ساڵ هه‌ساره‌ی مه‌ریخیان له‌ نزیكترین خاڵه‌وه‌ بینی كه‌ بریسكه‌كه‌ی له‌ بریسكه‌ی مشته‌ریی زیاتر بوو. هه‌روه‌ها ئه‌م دیارده‌یه‌ جارێكی تر و له‌ ساڵی 2035دا ده‌بینرێت واته‌ تا 17 ساڵی داهاتوو نابینرێت .
زانایانی گه‌ردوونناس ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌م سه‌ده‌یه‌دا (225) دیارده‌ی مانگگیران هه‌یه‌ كه‌ 85یان مانگگیرانی ته‌واوه‌ و له‌وانه‌ش ته‌نها 6 مانگگیران زیاتر له‌ 3 سه‌عات ده‌خایه‌نێت و درێژترینیشیان ئه‌وه‌ بوو كه‌ شه‌وی هه‌ینی ڕوویدا.
سه‌رچاوه‌: نۆڤۆستی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هه‌موو شتێك له‌ باره‌ی مردنه‌وه‌!

د. زاهیر سۆران* بەشی چوارەم با بزانین ئه‌وانه‌ی زیندوو بوونه‌ته‌وه‌ ...