كێشەكانی بەردەم دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن

10:02 - 2022-08-08
سۆزان حەمەتاتە
508 خوێندراوەتەوە

یەكێك لە داواكانی سەید موقتەدا سەدر كە لە رێگەی نوێنەر و خۆپیشاندەران و تەنانەت پەیامەكانی خۆشیدا خستووێتیەڕوو، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەمە لەكاتێكدایە هەڵبژاردنی پێشوەختە كە لە ئۆكتۆبەری 2021 کرا و نەیتوانی لەسەر ئاستی واقیعی گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی عیراقدا بهێنێتە ئاراوە، بگرە بە شێوەیەك كەوتەوە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیشی ئاڵۆزتر كرد.
ئەگەرچی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، كەوا هێشتا ئەگەرێكە و نازانرێت دەكرێت یان نا، یاخود بەچ یاسا و میكانیزم و كۆمسیۆنێك دەكرێت، بەڵام بۆ چاودێریی سیاسی و ئەو كەسانەی بە دۆخی سیاسی عیراقیان بەلاوە گرنگە، جێگەی خۆیەتی سەرنجەكانیانی لە بارەوە بخەنەڕوو.
بۆ رازیبوون لەسەر کردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە چەند لایەنێكی گرنگی هەیە كە پێویستیی بە رەزامەندی ئەوانە:
یەكەم: پێویستە سەرۆك وەزیرانی عیراق بە نووسراوی رەسمی داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بكات، بەو حوكمەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەرە و فراكسیۆنێكی بەهێزیشی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا نییە، بۆیە ناتوانێت ئەو كارە بكات، یان رەنگە هەر نەشیەوێت بیكات و یاری بە كات بكات.
دووەم: رێكەوتنی هێز و لایەنەكانی عیراقی پێویستە، هێشتا هەموو لایەنەكان بۆ نموونە نوری مالیكی و قەیس خەزعەلی و بەشێكی زۆر لە هاوپەیمانەكانیان لەگەڵی نین، حزبەكانی كوردستان تائێستا بە رەسمی هەڵوێستی خۆیان رانەگەیاندووە، سەدر داوای كردووە و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەگەڵیدایە، كەواتە كۆدەنگییەك لەسەری نەهاتۆتە ئاراوە.
سێیەم: هەڵوێستی سەید عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان زۆر گرنگە، ئەگەر لەگەڵی نەبێت، ئەوا ئاسان نییە.
چوارەم: قسە لەسەر ئەوە دەكرێت ئایا هەڵبژاردن بە هەمان كۆمسیۆن و یاسا و سیستم دەکرێتەوە یان نا؟ چونكە ئەگەر هەروەكو پێشوو بێت، ئەوا گۆڕانكاریی لە نەخشەی سیاسیی عیراقدا دروست ناكات و هیچ سوودێكی نابێت و تەنیا خەڵك ماندووكردنە.
پێنجەم: ناكرێت بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، قسە لەسەر هەڵوێستی ئەمریكا، ئێران، نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی كەنداو و توركیا نەكرێت، چونكە هەریەك لەو وڵاتانە كاریگەریی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەسەر پرۆسەی سیاسی عیراق هەیە و دەتوانن ئاڕاستەی سیاسی وڵاتەكە بگۆڕن.
 سەرەنجام ئەوەیە، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن كێشەی زۆری لەپێشە، راستە داوایەكی سەرەكیی چەند لایەنێك و خۆپیشاندەرانی سەدرییەكانە، بەڵام تەنیا ئەوە بەس نییە، بگرە پڕۆسەیەكی ئاڵۆزە و قورس دەكەوێتەوە لەسەر خەڵك و دۆخی سیاسی عیراق.

وتارەکانی نوسەر