کچانی ئەنفالکراوی فرۆشراو و دیپلۆماسییەتی پیرۆز

10:41 - 2025-04-14
‎‎سۆزان حەمە تاتە
96 خوێندراوەتەوە

چەند مانگێک دوای روخاندنی رژێمەکەی سەدام و کۆتایی حوکمە خوێناوییەکەی، بەڵگەنامەی فرۆشتنی 18 کچی کورد کە تەمەنیان بە پێی بەڵگەنامەکە لەنێوان 14 بۆ 29 ساڵان بووە بڵاوکرایەوە، کچانی پاکیزەی کورد وەکو نووسراوەکەی دەزگای ئەمن ئاماژەی پێکردووە بەپێی رێککەوتنێک نێردراون بۆ یانەکانی شەوانە و سەماکردن لە کۆماری میسری عەرەبی، بەوەیش پەڵەیەکی رەشی دیکە چووە سەر مێژووی دیکتاتۆرەکان ئیتر لەهەر کوێی ئەم جیهانە و هەر ناوێکیان هەبێت.
لەوکاتەوە تائێستا ئەوەی تێبینی کراوە وەکو پێویست کار لەسەر ئەو کەیسە هەستیارە نەکراوە، بگرە هەر نەشی توانی شەقامی کوردی بووروژێنێت و رای گشتی لەسەر دروستبکات و بگاتە ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کچە ئەنفالکراوە پاکیزانەی کورد.
 بەلای منەوە ژمارەکە جێگەی تێڕامانی ورد نییە، بەڵکو خودی پرۆسەکە و چۆنێتی فرۆشتنیان بە میسر و ئەو کارەی بۆیان دیاریکردوون بیکەن، جێگەی قسە لەسەرکردنی زیاترن، چونکە پەیوەندیی بە شەرەفی نەتەوەیی و ژنی کوردەوە هەیە کە جگە لەوەی ئەنفالیانکردوون و دایک و باوک و کەسوکاریان کوشتن، زیاتر لەوەیش کچەکانیان فرۆشتوون و بۆیان دیاری کردوون «پیسترین کار»یان پێبکەن.
 یەکێک لە ئەرکە نەتەوەییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەرمکردنەوەی ئەو کەیسەیە، هەروەها بەگەڕخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستی (کەسی، حزبی، حکومی) و لۆبیکردن بۆیان بەمەبەستی ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کچە پاکیزانە و سزادانی ئەو کەس و لایەنەی بەو کارە هەستاون و قەرەبووکردنەوەیان.

 

 سەدان گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە بۆ ئەوەی رووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوەکان بهێنرێنەوە

 

جێگەی نیگەرانییە، دوای 33 ساڵ لە حوکمڕانی کوردی، سەرەڕای کارکردن لەسەر جینۆسایدی ئەنفالکردنی کورد، کەچی هێشتا جیهان بەڕەسمی ئەنفالکردنی کوردی نەناساندووە، لەهەر کاتێکیشدا ئەگەری ئەنفالکردنەوەی کورد هەیە جا ئیتر لەهەر بەشێکی کوردستان بێت.
 ئەنفالکردنی کورد بەشێکی زۆری کچان و ژنانی کوردی گۆڕبزر کرد، بەشێک لەو کچانەش، وەکو دەردەکەوێت فرۆشراون و بازرگانییان پێوەکراوە و چارەنووسی ئەوانیش نادیارە، سەدان گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە بۆ ئەوەی رووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوەکان بهێنرێنەوە، هەموو ئەوانە پێویستی بەهەوڵی جدی هەیە بۆ ئەوەی تاکۆتایی رۆحیان نائارام لە دوورە نیشتمان نەبێت و بهێنرێنەوە بۆ ئامێزی کەسوکاریان.
 پێویستە دیپلۆماسیی کوردی، شان بداتە بەر ئەنجامدانی ئەرکی پیرۆزی زانینی چارەنووسی ئەو 18 کچە ئەنفالکراوە فرۆشراوانەی کورد، بەشێوەیەک لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی و میدیایی و ورروژاندنەوەی ئەو کەیسە لەناو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی داکۆکی لە مافەکانی ژن دەکەن، کاری جدی بکات و رێگەنەدات ئەو کەیسە هەروا ئاسان تێپەڕێت. دوور نییە ئەو کچانە هەموو ساتەکانی ژیانیان پڕبێت لە خەم و ئازاری دووریی لە نیشتمان و کەسوکاریان، هەروەها گیرۆدەی ئەو کارە قێزەونەبن کە لە نووسراوەکەی ئەمندا ئاماژەی پێکراوە و رۆحی ئەوانی شەقار شەقار کردبێت، ئەرکی پیرۆز ئەوەیە بەدواداچوونی ورد و بەردەوامی بۆ بکرێت و چارەنووسیان یەکلابکرێتەوە، راستە کارێکی قورسە، بەڵام فەرامۆشکردنیشیان سپاردنی ئەو کچانەیە بە ئازاری رۆحی و جەستەیی هەمیشەیی و وەکو نەتەوەش خۆمان دەسپێرین بە بێ دەربەستی.

وتارەکانی نوسەر