کۆمێنت

11:20 - 2022-08-11
شیرین. ک
440 خوێندراوەتەوە

(18)

كتێبە ئەستوورەكان

من نەوەی كتێبە ئەستوورەكانم، ئەو نەوەیەی سڵی لە خوێندنەوەی كتێبی چەندین بەرگ و سەدەها لاپەڕە نەدەكردەوە، بەڵكو وەكو جۆرێك لە تەحەدا و بەنەفەسێكی درێژەوە دەمانخوێندنەوە، خوێندنەوەیەك، هەروەكو خۆئامادەكردن بۆ تاقیكردنەوە، كە بەو دەفتەرە كۆنەمدا دەچمەوە پڕێتی لەو دێڕ و پەرەگرافانەی لەو كتێبە ئەستوورانەوە دەرمهێناون، هەر لەو قۆناغەدا كتێبە ئەستوورەكانی فیكری ماركسیزمم خوێندۆتەوە بۆ نموونە: (ماتریالیزمی مێژوویی، بنەچەی خێزان، دە رۆژ جیهانی هەژاند، سەرەتایەك لە بەرەوپێشەوەچوونی كۆمەڵگە و ..هتد)، هەر لەو قۆناغەدا كتێبی (رێگاكانی ئازادی)ی سارتەر و (رەگەزەكەی تر)ی سیمۆن دی بۆڤۆار-م خوێندۆتەوە، جگە لە چەندین كتێبی توێژینەوەو رەخنەی ئەدەبی بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بەهونەری چیرۆك و رۆمانەوە هەیە.
هەتا ئێستا لەگەڵ بوونی فریودەرانەی ئینتەرنێتیشدا، ئەگەر كتێبێكم بەدڵ بێت لە زۆری لاپەڕەكانی سڵ ناكەمەوە، بەداخەوە ئەو دەفتەرە كە تۆماری چوار ساڵی زانكۆی تیایە بەشێكی لاپەڕەكانی نووسینەكانی سڕدراونەتەوە، لێرەولەوێ چەند تێبینییەكم بۆ خوێندرایەوە كە لە هەموویان باشتر ئەوە بوو لەبارەی رۆمانی زۆرباوە، هەروەها لە دوای خوێندنەوەی كتێبیی (رەگەزەكەی تر)ی سیمۆن دۆبۆڤوار-یشەوە پەرەگرافێكی درێژم نووسیووە بە عەرەبی، هەر ئەوەندەم بۆ خوێنرایەوە كە دەیكەمە كوردی: (كاتێك وشەو دێڕەكانم دەخوێندەوە، ئەو گرێ و ترس و وەهمانەی لە مێشكما خۆیان حەشارداوە، یەك یەك بۆم ئاشكرا دەبن، لە هەمانكاتدا هەستم دەكرد دەستێكی نادیار هەندێك لەو گرێیانە دەكەنەوە و هەندێكیشی بۆ خۆم جێدەهێڵن بیانكەمەوە، لەو ساتانەدا هەستمكرد من هێشتا زۆرم ماوە لەو دەردانە رزگارم بێت كە مێینە بەدەستیانەوە گیرۆدەیە).
كتێبی (رێگاكانی ئازادی) سارتەر خۆم و هاوڕێكانم لە كتێبخانەی زانكۆ سەرەمان گرتبوو بۆ خوێندنەوەی، ناوی خۆمان تۆمار كردبوو، هەركەسیش بۆی نەبوو لەیەك هەفتە زیاتر لەلای بێت، ئەوەی لەو نووسینەم ماوەتەوە دەڵێم: (ئازادی مرۆڤ پیرۆزە، كەس بۆی نییە لێتی زەوت بكات بەهەر بیانوویەك بێت، ئینجا وایە؟).

وتارەکانی نوسەر