سیاسەت ناشیرین مەکەن

09:58 - 2022-08-14
کاروان سامان
643 خوێندراوەتەوە

بەزمانێکی سادە ئەمە سیاسەتە:
بە کوڕەکەم وت، «دەبێ ئەو کچە مارە بکەی کە من هەڵی دەبژێرم.»
کوڕەکەم وتی، «شتی وا نابێت!»
پێم وت، «کچەکە کچی بیڵ گەیتسـە.»
ئەویش وتی، «رازیم.»
تەلەفۆنم بۆ بیڵ گەیتس کرد و پێم وت، «ئەمەوێ کچەکەت شوو بە کوڕەکەم بکات.»
بیڵ گەیتس وتی، «هەر بیریشی لێ مەکەرەوە.»
منیش بە بیڵ گەیتسم وت، «کوڕەکەم بەڕێوەبەری جێبەجێکارە لە بانکی جیهانی.»
بیڵ گەیتس وتی، «رازیم.»
پاشان تەلەفۆنم بۆ سەرۆکی بانکی جیهانی کرد و داوام لێکرد کوڕەکەم بکات بە بەڕێوەبەری جێ بەجێکار لای خۆی.
ئەویش وتی، «ناتوانم.»
منیش پێم وت، «کوڕەکەم زاوای بیڵ گەیتسە.»
ئەویش وتی، «چیت ئەوێ بۆت ئەکەم.»
 ئەمە پێی ئەوترێ سیاسەت.
ئەمە تەکنیکی کارکردن و سیاسەتێکی دروستە، بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی بێت یان لە بواری کاکردندا بێت، بۆیە سیاسەت کە بە زانست ناودەبرێت پێویستە بە باشی لێی تێبگەیت پاشان بڕیاری بەکارهێنانی بدەیت، وەک هەر چەکێکی ترسناک ئەگەر بە نەشارەزایی بەکارمان هێنا، زیانی نەک بۆ خۆمان بەڵکو بۆ ئەوانەش دەبێت کە لەپێناویاندا کۆشش دەکەین، زۆرجار سیاسەتی هەڵە دەبینی بەهۆی تێنەگەیشتن لێی و بەکارهێنانی بەشێوەی نادروست، خودی سیاسەت لەبەرچاوی کۆمەڵگە و دەوروبەر دەکەینە بابەتێکی قێزەوەن، ئەگەر بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی وابکەیت کاڵای(درۆ ، فێڵ ، پاشقول  لێكدان، ژێر پێ خستن..هتد)ببێتە بەشێک لە سیاسەت.

لە سیاسەتدا بەرژەوەندی هاوبەشی هەمیشەیی هەیە، بەڵام بەرژەوەندی تایبەت لەسەر حسابی لەناوبردن و دوورخستنەوەی نزیکەکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت تێکدەدات

سیاسەت پەیڕەوکردنی کارێکە ژیانێکی باش و خۆش بۆ هەموان فەراهەم بکات بە شێوەیەک کەس زیانی پێنەگات، زیانگەیاندن بە دەوروبەر سیاسەت نییە، بەڵێ لە سیاسەتدا بەرژەوەندی هاوبەشی هەمیشەیی هەیە، بەڵام بەرژەوەندیی تایبەت لەسەر حسابی لەناوبردن و دوورخستنەوەی نزیکەکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت تێکدەدات، ئەگەر بێت و تەواوی تەمەن بەم شێوەیە سیاسەت بکرێت، لە نزیکترین کاتدا قێزەوەنترین مرۆڤی سەرزەمین دەبی، پێش هەموو شت دەبێت سیاسەتی خۆبەڕێوەبردن و سیاسەتی بە بەرزی هێشتنەوەی کەسایەتی لەئاراد بێت دواتر لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی و تایبەتیش سیاسەت بکرێت.
کارکردن لەسەر ئایدیۆلۆژیا و بەپێی زانیاری دروست و دنیابینی و ئەزموون سیاسەتێکی دروستە، دەگێڕنەوە:
لە گوندێکدا پیاوێکی ئاقڵ دەبێ بۆ سەردەمی خۆی، پیاوێکی ئینکار پەیدا دەبێ دەڵێ من دەتوانم ئەو پیاوەی ئێوە پێی دەڵێن ئاقڵ لە گفتوگۆدا ببەزێنم، پێی دەڵێن چۆن دەتوانی؟ ئەویش دەڵێ ھەرچی ئەو وتی من دەڵێم وانییە، ئیتر لەم دۆخەدا ئینکاری زاڵ دەبێ و ئەقڵ دەوەستێ و توانای بیرکردنەوە نامێنێت چونکە زەمینە بۆ مەعریفە نامێنێ و زیندویەتی نامێنێت.
ئەمە تەکنیکە بە تێگەیشتن و هەبوونی زانیاری، هەموان دەتوانین سیاسەت بکەین لەسەر بنەمای زانین و تێگەیشتن و دووربینی، وەک ماکیاڤیلی فەیلەسوفی ئیتالی دەڵێت: زانستێکی سەربەخۆیە و تێکڕای مرۆڤەکان مافیانە بەشداری تێدابکەن، کێ توانی باش لەو زانستە سەربەخۆیە تێبگات و لە هونەری بەڕێوەبردنی کارەکانی دا کەڵکی لێوەرگرێ، ئەوا ئەو کەسە سیاسەتمدارە، جا کاسبکارێک بێت، یان لێپرسراو یان کاربەدەستێک.

بەرپرسانیش کە ژیان و ئاراستەی کۆمەڵگەیەکیان لەبەردەستە، دەبێت سیاسەت بکەنە پردێک لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، نەک بیکەنە رووخسارێکی ناشیرین و بزێو لە کۆمەڵگەدا

 (ئەخلاق و جوانی و سیاسەت) سیانەیەکن کە لە ناو یەکدا تەواو دەبن، نە هاوڕییەتی لە بەرامبەر سیاسەتدا گەمژەییە و نە سیاسەتی دروستیش لە بەرامبەر هاوڕێیەتیدا خیانەتە، ئەگینا دەتوانی هاوڕێیەتیش بکەیت و لە ناو سیاسەتدا بی، یان سیاسەتمەدار بیت و خەیانەت لە هاوڕێکانت نەکەی، ئەم جۆرە مۆدێلە کە بە نەزانی هاتۆتە کایەوە پەیوەندیی بە ویژدان و ناخی مرۆڤەوە هەیە، ئەمە لە ئاستی تاک و پەیوەندییەکانی، بەرپرسانیش کە ژیان و ئاراستەی کۆمەڵگەیەکیان لەبەردەستە، دەبێت سیاسەت بکەنە پردێک لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، نەک بیکەنە رووخسارێکی ناشیرین و دزێو لە کۆمەڵگەدا، دەبێ بەپێی کات و زەمەن و بارودۆخ و ئەزموون پەیڕەوی خۆی بگونجێنێت، چونکە خودی زانستی سیاسەت هەمیشە لە گۆڕاندایە، بە مانا واقیعییەکەی بەردەوام داهێنان و ئاڵوگۆڕ دروست دەکات، جا ئەگەر سیاسەت رەها بوایە ئێستا ئەویش سیستمێکی تر و ناو و زانستێکی تر جێگای گرتبۆوە و ببووە دەستەواژەیەکی زیادە و بێ کەڵک.

ئەو سیاسیانەی گفتی درۆ دەدەنە خەڵک خۆشیان دەزانن درۆ دەکەن

وتارەکانی نوسەر